لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە كەوتنی شاری موسڵ لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعشەوە لە حوزەیرانی 2014 زاینی، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، پاش بینین و دیراسەتكردنی ناوەرۆكەكەی، لە بارەی پرسیارەكان و بەلاڕێدابردن و دووركەوتنەوە لە كرۆكی بابەتەكە و بنەماكانی، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین:

یەكەم:
زۆربەی پرسیارەكان مینڕێژكراون و گومانی زۆر و تۆمەتباركردنی ژێربەژێریان تێدایە كە زۆر لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵەوە دوورن، هیچ ڕاشكاویی و شەفافییەتێكیان تێدا نییە، بۆیە پێمان وانییە پێوەندیی بەئێمەوە هەبێت و كاریشمان بەسەرییەوە نییە.

دووەم:
پێویست بوو ئەو پرسیارانە لەو كەسانە بكرێت كە ڕێگرییان كرد لە هاریكاریی لەگەڵ پێشمەرگە و بگرە نەیانهێشت پێشمەرگە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە پێش گرتنی موسڵ و دوای گرتنیشی، هەروەها ئاراستەی ئەو سەركردە سەربازییانە بكرێت كە لە موسڵ هەڵاتن و موسڵ و چەكەكانیان تەسلیمی داعش كرد. 

سێیەم:
هەرچی بابەتی چۆنێتی ئیدارەدانی شەڕ لە دژی داعش و وردەكاریی و لێكەوتەكانێتی لە هەرێمدا، ئەوە حەسرییەن تایبەتە بەدامودەزگاكانی هەرێم.

دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
11/6/2015

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 9/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز دیدیەر ڕیندەرز جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و بازرگانیی دەرەكی بەلجیكا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز ڕیندەرز خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان خوازیارن چەند پرۆژەیەك لە بواری ئاو و ووزە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن بە تایبەت كە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئاسانكاریی یەكجار زۆر بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەكان دەكات لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان.

هەروەها ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند و باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەشی بە بەڕێز سەرۆك وەزیران ناساند كە بڕیارە مانگی 12ی ئەمساڵ دەست بەكار بێت.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكای كرد و باسی لە خراپیی ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان كرد و هۆكارەكەشی بۆ ڕەوانەنەكردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە گەڕاندەوە كە بەهۆیەوە زۆربەی پڕۆژەكانی حكوومی وەستێنراون، بەڵام پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت جووڵەی تێدایە و خەریكە دەكەوێتە سەر ڕێچكەی خۆی، ئەمەش دوای ئەوەی وەبەرهێن و بازرگانەكانی بیانی ئەو باوەڕیان بۆ دروستبوو كە لە هەرێم دڵنیایی هەیە و لە ڕووی ئاسایشەوە دەڤەرێكی ئارامە و یاسای وەبەرهێنانیش لە هەرێم هاندەرێكی دیكەیان بوو كە ئاسانكاریی یەكجار زۆریان بۆ دەكات.

هەروەها ئەوەی خستە ڕوو كە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر لە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار كەسە و لە 32 كەمپدا جێگیر كراون و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانیش تەنیا بۆ پێداویستییە بەپەلەكان بەكار دەهێنرێن، هاوكارییەكانی دیكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێن و نەتەوە یەكگرتووەكان تیایدا هاوكاریی حكوومەت ناكات.

ئەوەشی خستە ڕوو كە پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان ڕووبەڕووی دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی بووەتەوە و ڕۆڵی ئەو تیمە سەربازییەی بەلجیكاشی بەرز نرخاند كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئێستای عێراق وەك كابینەی پێشوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەت لە بڕینی بودجە و مووچەی كارمەندانی هەرێم و بەشداریپێنەكردنی نوێنەرانی هەرێم لەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییانەی لەبارەی ڕەوشی عێراق و شەڕی دژی داعش ڕێكدەخرێن، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانین بەو شێوەیە بەردەوام بین و جێبەجێنەكردنی دەستوریشی بە هۆكاری كۆی كێشەكان ز سەرەكی ئەو ڕەوشە نوێیەی ئێستا لە عێراقیش دروست بووە بۆ جێبەجێنەكردنی دەستووری هەمیشەیی و قەبوڵ كرد.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی بەلجیكا لە عێراق خواست و ئامادەیی حكوومەتی بۆ هەر ئاسانكاری و هاوكارییەك دەربڕی

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز بریت میگۆرگ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و نوێنەری ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسیان لە ڕەوشی ئاسایش و سەربازی لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە ئەنبار و مووسڵ و ئازادكرنەوەیان لە دەستی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی بەشێكی زۆر لە پاڵاوگەی بێجی كرد.

هەروەها باسیان لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنكە و پێگەكانی تیرۆرستانی داعش لە عێراق و سووریا بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە سەنگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنبار و دەورەبەری پارێزگای حەسەكە لە سووریا كرد و جەختیان لەسەر میكانزمی ڕێگەگرتن لە هاتنی توندڕەوانی جیهان بۆ ناو ڕیزەكانی داعش و هاوكاریكردنی هۆزە سونییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرەڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، هیوای خواست هاوپەیمانیی دژی داعش مەشق و ڕاهێنانی زیاتر بە هێزی سوپا و پۆلیسی عێراق و پێشمەرگە بكەن و جگە لە ڕێگەی ئاسمانی، هەروەها لە ڕێگەی وشكانیشەوە شەڕ لە دژی تیرۆر بكەن و بە شێوەیەكی فراوانتر بكەونە ناو ئەو شەڕە بۆئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا تیرۆر لە ناوچەكە لەناو ببرێت و بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، دووپاتی كردەوە كە بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانین بەردەوام بین چونكە بەغدا هەر جارەو بە بەهانەیەك بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕێت كە هەموو لایەكیش ئاگادارن هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بارگرانییەكی زۆری كەوتۆتە سەر شان. جەختی لەوەش كردەوە گەر بەر لە سێ ساڵ دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرابایە، ئەوا عێراق بەم ڕۆژە نەدەگەیشت.

ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز مەتران مار ئەبرام موكن مەترانی ئەبرەشیەی هندستان و بریكاری باتریاركی گشتیی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارتریاكی تازەی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووریە لە جیهان و هەر بۆ ئەم مەبەستە لە ڕۆژانی داهاتوودا پارتریاكی تازەی كەنیسەكە لە هەولێر هەڵدەبژێردرن.

لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها باس لە ڕەوشی ناوچەكە بە گشتی و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق بە تایبەتی كرا و لەمبارەیەوە شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان و هەوادارانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووریی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستانیان بەرز نرخاند كە بەرگری لە خاك و خەڵك و پێكهاتەكانی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی دەكات.

شاندەكە هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستان نیشان دا كە بە بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی دەرگاكانی هەرێمی كوردستانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووەتەوە بە تایبەتیش ئاوارە و پەنابەرانی مەسیحی لە ناویشیاندا هەواداران و پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كە لە سووریا و ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە پەنابەر و ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە.

شاندی میوان هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بنیاتنانی كەنیسەیەك بۆ پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر دەربڕی. هەروەك ڕۆڵ و مامەڵەی بەڕێز وەزیر و وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ پێكهاتە ئاینییەكانی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای خۆشحاڵی و بەخێرهێنانی شاندەكە، دووپاتی كردەوە كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان دەڕوانن و وێڕای ئەو بارە قورسەی كە لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بە هەموو توانایەكیەوە هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران دەكات و پشتگیریی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ بنیاتنانی كەنیسەیەك بۆ پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە كوردستان دووپات كردەوە و هەموو ئاسانكارییەكی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی كوردستان دژی تیرۆریستانی داعش كرد و دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بەرگری لە تەواوی مرۆڤایەتی و ئازادی و خاك و خەڵكی ناوچەكە دەكات و جەختی لەوەش كردەوە كە شەڕی دژی تیرۆر تەحەدییەكی گەورەیە و ئاسان نییە، بۆیە بە تەنیا بە شێوازی سەربازی سەركەوتوو نابێ، بەڵكو دەبێت لە ڕووی پەروەردەیی و كلتووریشەوە شەڕی تیرۆر بكرێت و دەبێت نەوەی تازە لە ڕووی پەروەردەییەوە بە بیری یەكتر قبووڵكردن و ڕێزگرتن لە یەكتری و بیروباوەڕی بەرامبەر، پەروەردە بكرێن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/6/2015 لە شاری زاخۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەڕێزان عەبدولحسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و وەزیری رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و سەرۆكی یەكێتی ئۆڵۆمپی عێراق و پارێزگاری دهۆك و بەرپرسانی حكوومی و حزبی لە ناوچەكە و جەماوەرێكی زۆر، لە ڕێوڕەسمێكدا یاریگای نێودەوڵەتیی تۆپی پێ لە زاخۆ كرایەوە.

لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتیی زاخۆدا كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق یارگایەكی هەرە مۆدێرن و جوانە، سەرەتا هەریەك لە بەڕێزان سەرۆكی یەكێتی ئۆڵۆمپی عێراق و وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و سەرۆكی یانەی زاخۆ و پارێزگاری دهۆك وتەیان پێشكەشكرد و دواتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی خەڵك و وەرزشوانانی زاخۆ كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە كردنەوەی یاریگاكە بەشێكە لە سەركەوتنەكانی گەلی كورد كە پەیمانی بەخۆی داوە سەركەوێت و بەردەوام بێت لە پێشكەوتن و هەر بەردەوامیش دەبێت.

هەروەها كردنەوەی ئەو یاریگایەشی بە پاداشتێكی بچووك بۆ خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی گەورەی خەڵكی خۆڕاگری زاخۆ لە قەڵەمدا كە لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی كوردستان قوربانی زۆری داوە و ئێستاش بە دەستێك لە بەرامبەر دڕندەترین رێكخراوی تیرۆرستی بەرگری لە خاك و خەڵكی كوردستان دەكەن و قوربانی دەدەن و بە دەستێكی دیكەش لە لایەنی مرۆڤییەوە پێشوازی لە دەیان هەزار ئاوارە دەكەن و هاوكارییان پێشكەش دەكەن، بۆیە زاخۆ و دەڤەرەكانی دیكەی سەر بە پارێزگای دهۆك و بادینان بە شێوەیەكی گشتی شایەنی كار و پرۆژە و خزمەتی باشتر و گەورەترن. هەروەك دەستخۆشی لە پارێزگار و دامودەزگەكانی سنوری پارێزگای دهۆكی كرد بۆ ئەو كارەی كە كردوویانە و سوپاسی كردن.

 

 

جەختی كردەوە كە بە كردنەوەی ئەم یاریگایە بۆ دۆست و دوژمنان سەلماندمان خەڵكی كوردستان ئیرادەی خۆی بۆ ژیان و پێشكەوت لەژێر هیچ فشار و زولم و تیرۆر و شەڕ و پیلانگێڕییەك لەدەست نادات و هەروەها نە دروستكردنی بەربەست و نە ئابلوقە و نە بڕینی مووچە و بودجە خواستی گەلی كورد بۆ بەرەو پێشەوەچوون و ئاوەدانی و سەركەوتن لاواز ناكات.

دواتر هاتە سەر باسی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوە كرد كە پێشمەرگە كارێكی وای كردووە لە هەموو جیهان دەنگی داوەتەوە و سڵاو و ڕێزی بۆ هەموو پێشمەرگەكان لە سەنگەرەكانی بەرگری لە كوردستان هەر لە خانەقین تا شنگال نارد و ئەو بەرگرییەی پێشمەرگەی بەرز و پیرۆز نرخاند.

لە بارەی بە پارێزگا كردنی زاخۆش هەروەك جەماوەری ئامادەبوو بە دەنگی بەرز باسیان دەیانگوتەوە، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە پێش ئێستاش ئەو بابەتە باسی لێوە كراوە و مافی بە پارێزگابوونی بە مافی خەڵكی زاخۆ زانی، بەڵام لە هەمان كاتدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو بابەتە پێویستی بە پشووفراوانی هەیە چونكە تەنیا پەیوەست نییە بە بڕیاری كەسێك، بەڵكو پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی عێراقیشەوە هەیە. ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەوەی ئێستا لە توانا دایە بۆ ئەم بابەتە بكرێت ئەوەیە كە لە قۆناغی ئێستادا دەستەڵاتی فەرمانگەكانی زاخۆ زیاتر بكرێت و مەسەلەی بە پارێزگا كردنیش هەر لە بیری حكوومەت دەبێت.

 

 

لە كۆتاییدا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو پۆلە ئافرەتە پێشمەرگانە دەربڕی كە لە ئەكادیمیای سەربازی زاخۆ پەروەردە كراون و لەناو یاریگاكەدا نمایشی جیاوازیان پێشكەشكرد، بە ئاماژەیەكی گرنگی لەقەڵەمدا كە پێویستە هەموو لایەك لە هەوڵ و تێكۆشان بەردەوام بێت بۆ خزمەتكردنی كوردستان و پشتگیریی ئافرەتانیشی بۆ بەرەوامی خەبات بە كارێكی پێویست زانی و پیرۆزبایی لێكردن و هیوای خواست نمونەیان زیاد بێت.

ئەمەش دەقی وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی:

ئاماده‌بوویێت خۆشتڤی،

وه‌رزشڤان و وه‌رزشدۆستێت باژێڕێ عه‌زیرێ زاخۆ،

خه‌لكێ هێژایێ دەڤەرا زاخۆكا ده‌لال،

ئێڤاریا وە باش،

هون هه‌می ب خێر بێت سەرچاڤا...

 

ئەز گەلەك كەیفخۆشم ئەڤرۆ ل ڤێ ئێڤاریێ بەشدار دبم دگه‌ل هه‌وه بۆ ڤەكرنا یاریگەها زاخۆ ، كو ل سه‌ر ئاستێ هه‌رێما كوردستانێ و عیراقێ، یاریگه‌ها هه‌ری مۆدێرن و هه‌ری جوانه پیرۆز بیت ل شارێ زاخۆ‌. ڤه‌كرنا ڤێ وەرزشگەهێ ل هه‌می وه‌رزشڤانێت زاخۆ، ل خه‌لكێ دەڤەرا زاخۆیا دەلال و خۆشتڤی ، ل كوردستانێ، ل عێراقێ پیرۆز دكەین.

ئه‌ڤ یاریگه‌هه‌ به‌شه‌كێ دیه‌ ژ چیرۆكا سه‌ركه‌فتنا ملله‌تێ مە، كو ب درێژاهیا دیرۆكێ قوربانیی دا و سۆزا دگه‌ل خۆ دای، كو سه‌ركه‌ڤیت و دێ هه‌ر و هه‌ر پێشكه‌ڤیت.

دەنگا وە بڵندە بۆ پارێزگەهبوونی، ئەڤە بەری نها ژی مە بەحس كریە، ئەڤە حەقەكێ وەیە، خەباتا وە، خۆڕاگرییا وە، خزمەتا وە ل هەر ئاستەكێ ل قوربانیدانێ ل خەباتێ، ل ئابووریا ئەڤ وەلاتەی حەقێ وەیە، بەلێ دڤێت بێهنا وە دگەل ڤێ مژارێ یا فرە بیت، مەسەلێ پەیوەندی ب بڕیارا یەك كەسی ڤە نییە، بەلكو پەیوەندی یا ب هەرێما كوردستانێ و لایەنێت سیاسی و عێراقێ ڤە هەی. ئەو تشتێ ڤێ گاڤێ ئەز دكارم بێژم ئەوە كو ئەم سۆزێ ددەین دەستهڵاتا فەرمانگەهێت زاخۆ ئەم زێدە بكەین بۆ ڤێ قۆناغێ و بێگومان مەسەلا پارێزگەهبوونێ ژی دێ ل بیرا مە بیت.


ئەڤ یاریگەهە ئەڤرۆ ل زاخۆ هاتە ڤەكرن، پاداشته‌كێ بچویكه‌ بۆ خه‌بات و تێكۆشین و قوربانیدانا مه‌زنا خه‌لكێ خۆڕاگرێ زاخۆ، كو د هه‌می شۆڕه‌ش و سه‌رهلدانێت كوردستانێدا، گیان و خوین و شه‌هید دانه‌ و پێشكەشی كوردستانێ و ملله‌تێ كورد كرینه‌.

قه‌هره‌مانی و مێرخاسی یێت خه‌لكێ زاخۆ ل شۆڕه‌شا ئه‌یلوولا مەزن، ڕۆلێ وان د شۆڕه‌شا گولانێدا ڕۆله‌لێ مه‌زن و به‌رچاڤه‌، ئه‌ڤرۆ ژی كو كوردستان به‌رامبه‌ری دڕنده‌ترین رێكخستنا تیرۆرێ، به‌ڕه‌ڤانیێ ل كوردستانێ و كوردستانیان و ل هه‌می مرۆڤاهیێ دكه‌ت، دیسا خه‌لكێ زاخۆ و ڤێ ده‌ڤه‌را هێژا، خودانێت سه‌ربلندی و قه‌هرمانییه‌كا مه‌زنن، سه‌ركه‌فتنێت ئه‌ڤرۆ یێت كوردستانێ، ب خوینا گه‌شا ب ده‌هان شه‌هیدێت كوردستانێ ل وان دەڤەران ژی دەڤەرا زاخۆ هاتینە بدەستڤە ئینان.

ژبه‌ر هندێ زاخۆكا ده‌لال، باژێڕێ ژیانێ، هێژایی گه‌له‌ك و گه‌له‌ك خزمەتێن زێدەترە ل تشتێن كو ئەڤرۆ ئەم دبینین. هه‌ر خزمه‌ته‌كا بێتە كرن، هەر پڕۆژەیەكا بێتە بجهئینان بەرسڤەكە ژبۆ ماندیبوونا پێشمەرگە یێت مە یێت قەهرەمان یێت ڤێ دەڤەرێ، بەرسڤەكە بۆ خوینا شەهیدا، بەرسڤەكە بۆ ماندیبوونا دەڤەرا زاخۆ كو هەمیشە پێشەنگ بوونە ل پاراستنێ و بەرخوەدانێ و خەباتێ خوە ماندیكرنێ بۆ وان دەستكەفتێت كو مللەتێ مە خەبات بۆ كری و شەهد بۆ دای و خوین بۆ ڕێشتی. 

ئه‌ڤرۆ ژی كو ئه‌م هه‌می پێكڤه‌ ڤێ یاریگه‌هێ ڤه‌دكه‌ین، ئه‌م ب ڕێز و پێزانینه‌كا مه‌زن، گیانێ پیرۆزێ وان هه‌می شه‌هیدا، شه‌هیدێت شۆڕەشا ئه‌یلوولێ، شه‌هیدێت گولانێ، شه‌هیدێت ئه‌نفالا، گرتی و بێسه‌روشوینا، شه‌هیدێت ئه‌ڤرۆ یێت شه‌ڕێ دژه‌تیرۆرێ دئینینه‌ڤ بیرا خۆ، سه‌رێ خۆ ل به‌ر مه‌زناهیا گیانێ وان دچه‌مینین، سلاڤا بۆ گۆڕا وان ئازیزا دهنێرین و سۆزێ نەڤەدكەین كو لسەر ڕێكا وان دێ بەردەوام بین بۆ ئازادیا كوردستانێ.

هه‌ر د ڤێ هه‌لكه‌فتنێدا، تڤیا جامێریا خه‌لكێ زاخۆ و دهۆكێ و به‌هدینا ب گشتی ژبیر نه‌كه‌ین، كو گه‌له‌ك مه‌ردانه‌ ده‌رگه‌هێ دل و مال و گوند و باژێڕ و ده‌ڤه‌را خۆ، بێ جوداهی بۆ خوشك و برایێت خۆ یێت ئاواره‌ و په‌نابه‌رێت ژ هه‌می پێكهاتێت دینی و نه‌ته‌وه‌یی ڤه‌كرن و ب دلگه‌رمی پێشوازی ل وان كر، ب هه‌می ڕه‌نگا هاریكاریا وان كر، د جهێ خۆ دایە ب ناڤێ حكوومەتا هەرێما كوردستانێ سوپاسییەكا گەرم یا خەلكێ دەڤەرا زاخۆ و دهۆك و بادینا ب گشتی بكەین بۆ وێ جامێریا وان كری و دەرگەهێ خۆ ڤەكری ب وان عەزیزێت لێقەومایی ئەوێت كو بەرێ خۆ دایە دەڤەرا وان، سوپاس بۆ وە هەمیان، سوپاس بۆ زاخۆ، سوپاس بۆ دهۆك، سوپاس بۆ هەموو باژێڕێن دەڤەرا بادینا، ئاكرێ بەردەڕەش و ئامێدیێ و هەمی دەڤەران.

ب تایبه‌تی گه‌له‌ك و گه‌له‌ك سپاسیا هه‌می خه‌لكێ ده‌ڤه‌رێ دكه‌ین كو ده‌ستپێكا سالا خاندنێ، گه‌له‌ك ته‌حه‌مول كر و زارۆكێت وان بۆ ده‌مه‌كێ درێژ، ژ خوندنێ پاشكه‌ڤتن، چونكی هه‌می قوتابخانه‌ ببوونه‌ په‌ناگه‌ها خوشك و برایێت ئاواره‌ و په‌نابه‌ر، ئەڤ خۆڕاگریا وە جهێ سوپاس و پێزانینێ یە.

هه‌روه‌سا من دڤێت ب ڤێ هەلكەتنێ سوپاسیا پارێزگەهێ دهۆكێ و دامودەزگەهێت وێ و بڕێڤەبەرێت گشتی ل دهۆكێ بكەین بۆ ئەو كارێ وان كری، بۆ ئەو خزمەتا وان كری د ڤێ هەیامێ دا، دەستخۆشیێ ل وان دكەم.


ئاماده‌بوویێت هێژا،

ژ لایه‌كێ دیڤه‌، ئه‌ڤرۆ كو ئەم ڤێ یاریگه‌هێ ڤه‌دكه‌ین، ئه‌م جاره‌كا دی بۆ هه‌می دۆستا و بۆ نه‌یارا ژی دسه‌لمینین، كو خه‌لكێ كوردستانێ به‌رامبه‌ر چ زه‌خت و زۆری و، به‌رامبه‌ر چ تیرۆر و شه‌ڕ و پیلانا ژی، ئیراده‌ و خواستا خۆ یا بۆ ژیانێ و پێشكه‌ڤتنێ ژده‌ست ناده‌ت!، چ ئاسته‌نگ و دۆرپێچ و، چ بڕینا بودجه‌ و مووچا، ئیسرارا مه‌ یا بۆ به‌ره‌ڤ پێشڤه‌چوونێ و ئاڤاكرنێ و سه‌ركه‌فتنێ، لاواز ناكه‌ت، بەلكی ئیسرارا مە مكومتر دكەت بۆ سەركەفتن و گەهشتن ب وان ئارمانجا یێت كو شەهیدێت مە خوینا خۆ دای و پێشمەرگێ مە بۆ ماندی بووی و مللەتێ مە خەبات بۆ كری.


ئه‌ڤرۆ خۆراگری یا پێشمه‌رگێت مە، كارەكێ وەسا كریە كو ناڤێ پیرۆزێ پێشمەرگەی ل جیهانێ دەنگ ڤەدایە، لێرە ب ناڤێ وە سڵاڤ و ڕێزێت خۆ بۆ هەر پێشمەرگەیەكی ل خانەقیت تا دگەهیتە بەرۆكێت شەڕی ل شنگالێ دهنێرین و ب ناڤێ وە سڵاڤان بۆ وان دنێرین و دەستخۆشی و پیرۆزباهیێ ل وان دكەین بۆ وێ بەرگری و بەرخوادانا ئەڤرۆ ئەو دكەن بۆ پاراستنا دەستكەفتێت مللەتێ مە، بۆ پاراستنا خوینا شەهیدێت مە، بۆ پاراستنا ماندیبوونا مە، سڵاڤێت مە لێرە بۆ هەر پێشمەرگەیەكی ل شنگال تا خانەقین و كەركووك و هەمی دەڤەرێت كوردستانێ.

ئەڤرۆ ئەز گەلەك كەیفخۆش بووم یا كو من لڤیرە دیتی، كۆمەڵەكا گەنجێت رێكوپێك یێت ئافرەت من دیتن كو ل ئەكادەمیا زاخۆ یا لەشكەری هاتینە پەروەردەكرن، ئەڤە نیشانەیەكێ زۆر جوان و گرنگە كو دڤێت ئەم كارێ خۆ بەردەوام بكەین، بێگومان پشتەڤانیا ئافرەتان بۆ بەردەوامیا خەباتا مە تشتەكێ پێدڤی یە و ئەز پیرۆزباهیێ ل وە دكەم و هیڤیدارم نمونەیا وە زێدەتر ببیت.

جارەكا دی ئەز ڤەكرنا ڤێ یاریگەهێ ل خەڵكێ زاخۆ و كوردستان و هەمی عێراقێ پیرۆز دكەم.

ئێڤاریا وە باش و هون هەمی بخێر بێن و زۆر سوپاس....

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 لە شاری دهۆك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە و پلەداران و بەرپرسانی سەربازی پێشمەرگە و پێشمەرگە خۆبەخشەكان لە میحوەر و بەرەكانی جەنگ لە ناوچەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و مووسڵ كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەكانی پێشمەرگە بە دوور و درێژی باسیان لە دۆخی ئێستای بەرەكانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرد و تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتە سەربازییەكانی ئەو سنوورە و ڕایانگەیاند كە پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە بەرگریدایە بۆ پاراستنی سنوورەكانی ئەو ناوچەیە و بەردەوام پاشەكشێ بە تیرۆرستانی داعش دەكات و گورزی گەورەیان لێدەدات.

هەروەها باسیان لە هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ پێشمەرگە كرد كە بە بۆردومانی ئاسمانی لە ڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بەردەوام ئەو پێگە و بنكانەی داعش بە ئامانج دەگرن كە هەڕەشە لەسەر پێشمەرگە و ناوچەكە دروست دەكەن. لە پێناو باشكردنی بارودۆخی بەرەكانی جەنگیش، چەند داواكارییەكیان بەرەوڕووی بەڕێز سەرۆك وەزیران كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پێشمەرگەی كوردستان و پێشمەرگە خۆبەخشەكان كە بەردەوام هێرشەكانی تیرۆر تێكدەشكێنن، هەروەها سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دووپات كردەوە كە لە شەڕی بەرگریكرن لە كوردستان لە دژی تیرۆریستان گیانیان بەخشیوە و شەهید بوون، ڕێز و پێزانینی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیران باسێكی تێروتەسەلی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی بێ جیاوازی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كە ڕووبەڕووی شەڕی تیرۆر بوونەتەوە، پێشكەشكرد و ڕوونی كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەكە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەڕوانێت. هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە ڕێگەی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە تەواوی پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكات بۆئەوەی بتوانێت باشتر ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە و تێكیان بشكێنێت.

بەڕێز سەرۆك وەزیران دووبارە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەكان كرد و دەستخۆشی لە چاونەترسی و نەبەردییەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد.

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی چیك ڕۆژی سێشەممە 12ـی مایس ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماریی چیك لە لایەن بەڕێز میلۆس زێمان سەرۆكی كۆماری چیك پێشوازیی لێ كرا و پاش گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ كۆشكی كۆماری، كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو سەرۆك بەڕێوەچوو.

دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری چیك ئەنجام دا. لەم كۆبوونەوەیەدا ئاییندەی عێراق و كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆكی كۆماری چیك ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگ و گەلی كوردستان دەبێت. هەروەها ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد بۆ بۆ گەییشتن بە ئازادی و دیموكراسی. سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ نانی نیوەڕۆ لە كۆشكی كۆماری و لەگەڵ سەرۆكی كۆماری چیك بوون.

هەر ڕۆژی سێشەممە 12ـی مایس ـی 2015 شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیكیان كرد و لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی چیك كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی هەرێم سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییە سەربازییەكانی كۆماری چیكی كرد و هاوكاری و پەیوەندییەكانی هەردوولایش لە بواری سەربازی تاوتوێ كرا كە چۆن بتوانرێ ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن و بڕیاریش درا شاندێكی تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی كۆماری چیك بكات.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 13ـی مایس ـی 2015 لە دوایین وێستگەی سەردانیان بۆ كۆماری چیك، سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لە لایەن بوهیسڵاڤ سۆبۆتكا سەرۆك وەزیرانی كۆماری چیك پێشوازییان لێ كرا.

لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چیك تاوتوێ كرا و  جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن. سەرۆك وەزیرانی كۆماری چیك ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێ  لە پشتگیرییكردنی پێشمەرگە و هەروەها هەموو هاوكارییەكیش دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان سەر بكەوێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ئاییندەی كوردستان كرا و هەر دوو لایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پەیوەندییەكانیان لە هەموو قۆناغ و دۆخێكدا پتەوتر بكرێن.

جێگەی ئاماژەپێكردنە شاندە یاوەرەكەی سەرۆك بارزانی پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم .

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی مایس ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی  هەنگاریا گەییشتە  (بوداپێست)ـی پایتەختی هەنگاریا و لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە پێشوازی كرا. دوای گەییشتنی بۆ شاری بوداپێست، لە لایەن پیتێر سپارتۆ وەزیری بەرگریی هەنگاریا ئێوارەخوانێك بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری ڕێكخرا.

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی هەنگاریا ڕۆژی دووشەممە 11ـی 5ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری سەردانی پارلەمانی هەنگاریای كرد و لەگەڵ جێگری سەرۆكی پارلەمانی هەنگاریا كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی پارلەمانی هەنگاریا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی دەربڕی كە بۆ جاری دووەم و لە هەمان ڕۆژی ساڵدا سەردانی پارلەمانی هەنگاریای كردووە. وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوولا ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی هەنگاریا لەگەڵ ئەوە دایە كە پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی هەر دوو وڵات فراوانتر بكرێن و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە بە دەنگی 70%ـی پارلەمانی هەنگاریا بڕیاری ناردنی یەكەیەكی سەربازی بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە داوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەر دوو وڵات لە بواری ئاسەوار و كولتوور تاوتوێ كرا.

هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ڤیكتۆر ئۆبان سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەنگاریا ئامادەی بوون، سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا باسی هاوشێوەبوونی مێژووی گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریای كرد و ڕایگەیاند كە گەلی هەنگاریا پاڵپشتی ئەو گەلانەیە كە ژێردەستیان بینیوە و خەباتكارن و حەزیان لە ئازادییە و بە ڕاشكاوییش ئەوەی باس كرد كە هەنگاریا لەگەڵ تمووحاتی گەلی كوردستانە لە هەموو دۆخێكدا.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی هەنگاریای كرد بۆ پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان و هاوكاریكردنی پێشمەرگە و سوپاسی بڕیاری پارلەمانی هەنگاریایشی كرد بۆ ناردنی یەكەی سەربازیی تایبەت بە ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی پێشمەرگە. هەروەها پێشوازی كرد لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی هەر دوولا لە بوارە جیاجیاكان. سوپاسی حكوومەتی هەنگاریایشی كرد كە دەرفەتی بۆ خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان لەم وڵاتە ڕەخساندووە. سەرۆك بارزانی بە فەرمی سەرۆك وەزیرانی هەنگاریای بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی سەردانی كوردستان بكات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بە تێروتەسەلی پەیوەندییە ئابووریی و سەربازییەكانی هەردوولا لە بواری نەوت و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

دوای كۆبوونەوەكەی لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا سەرۆك بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ـی 5ـی 2015 سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ پیتێر زیجارتۆ وەزیری دەرەوەی هەنگاریا كۆبوونەوە و پەیوەندییەكانی هەردوولا و بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ جانۆس ئادێر سەرۆك كۆماری هەنگاریا كۆبوونەوە و تێیدا باس لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان كرا و سەرۆك كۆماری هەنگاریا سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەیانە. سەرۆك بارزانیش سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی هەنگاریای كرد بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان.

لەم كۆبوونەوەیەدا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوە و دیدارانەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی