Print this page

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان یادی "ئەحمەد تەها" بەرز ڕاگیرا

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، یادی "ئەحمەد تەها" پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد لە تاران بەرز ڕاگیرا.

 بە ئامادەبوونی دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و چەندین کەسایەتیی ناسراوی سیاسی و فەرهەنگی ئێران و کوردستان، لەوانە: دکتۆر "مەجید ئەنساری" بریکاری پەڕڵەمانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئەندازیار "محەمەد غەرەزی"، دکتۆر "حەسەن غەفووری فەرد"، سەید "مەحموود دۆعایی"، دکتۆر "محەمەدڕەزا خەباز"، دکتۆر "جەلال جەلالیزادە"، ئەندازیار "موڕتەزا زەڕین گوڵ"، "محەمەدساڵح نیکبەخت"، دکتۆر "محەمەدعەلی سوڵتانی"، دکتۆر "جەلال ساداتیان"، سەید "مەعرووف سەمەدی"، "محەمەد کەریمیان"، دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان"، "جەعفەر ئایین پەرەست"، "عەبدوڵڵا سۆهرابی"، "حاسڵ داسە"، دکتۆر "ڕەسووڵ خزری"، سەید "عیماد حوسەینی"، دکتۆر "قەسیم عوسمانی"، "محەمەدڕەئووف قادری"، "عەبدوالڕەحیم نووربەخش"، "ئەحمەد حەکیمی پوور"، "محەمەد شاوێرانی"، "محەمەدساڵح ئیبڕاهیمی"، "عەبدوڵڵا جەهانبین"، ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، "محەمەدڕەئووف تەوەکولی"، "فەڕشید غەریب نیژاد"، "محەمەد سەدیقی سەفایی" ئەندامی لێژنەی بەرپرسیارییەتی ماڵی کرماشان لە تاران، "هاشم سەلیمی"، لێژنەی بەرپرسیارییەتی قەسریی شیرینییەکان و لوڕستانییەکانی دانیشتووی تاران، "محەمەدڕەئووف داشبەندی"، ئەندامانی کۆمیتەی ئافرەتانی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، دکتۆر "محەمەدعەلی سوبحان ئیلاهی"، دکتۆر "محەمەدحەسەن زیائی فەر"، دکتۆر "رەهبەری ئەملەش"، "غەفار ئیسماعیلی"، ئەندازیار "عەبدوڵڵا نەورۆزی"، دکتۆر "ئەحمەد کاشانی"، "عەلی حیشمەتیان" و هەروەها بنەماڵەی خۆاڵێخۆشبوو "ئەحمەد تەها" و بە پێشکەشکاری "پەرویز حەبیبی"، ڕێوڕەسمی بیرئانینی نوێنەری پێشووی شاری بۆکان لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران و هەروەها یەکەمین فەرمانداری کوردی سەرتاسەی ئێران دوای هاتنە سەر کاری دکتۆر سەید "محەمەد خاتەمی" سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە مزگەوتی جامیعی شارۆچکەی غەرەبی شاری تاران بەڕێوەچوو.

 

لە سەرەتای ئەم بیرئانینەدا دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان" پسپۆر لە بواری مافەنێودەوڵەتیەکاندا سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: بەبڕوای من پیشەی نوێنەرایەتیی پەڕڵەمان، پیشەیەکی زۆر سەختە و ئەگەر کەسانێک بتوانن باری قورسیی ئەم بەرپرسیارییەتییە کە لە لایەن خەڵکییەوە لەسەر شانیان داندراوە بە باشی بە ئەنجامی بگەیەنن مرۆڤگەلێکی بەختەوەرن کە هەم لە بەردەم خەڵکی و هەمیش لە دەرگانەی خودا کەسانێکی ڕووسپین.  

 

بەڕێز "ئەحمەد تەها" بە جیدیی بە شوێن ئەو بەرپرسیارییەتییە قورسەوە بوو هەم لە پەڕڵەمانی ئێران و هەمیش لە بەشی گەشەپێدانی شاری بۆکان و هەروەها بە شوێن پێداویستییەکانی تاک تاکی خەڵکی ئەم شارەوە بوو.

 

گوتیشی: کەسێکی لەم شێوەیە دەبێت ویژدانێکی پاکی هەبێت و خوداشوناس بێت و کەسێک بێت کە بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرێت و بتوانێت ئەم بارە قورسە بە ئەنجام بگەیەنێت و لانی کەم ئێمە ئێستا بەختەوەرین کە لە کۆڕێکدا کۆبووینەتەوە کە کەسێک بەم تایبەتمەندیانەوە توانیوییەتی بەرپرسیارییەتی لەم شێوەیە بە باشی بەڕێوەببات. 

 

دکتۆر ئەردەڵان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هیوادارین کە خەڵکی شاری بۆکان و شۆڕای ئەم شارە، ڕەزامەندیی خۆیان ڕابگەیەنن بۆ بە ناوکردنی گۆڕەپانێک لەم شارە بە ناوی ئەم بەڕێزەوە کە خزمەتێکی زۆر و هەرمانی بە شارەکە کردووە و هیوادارم کە تەواوی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارییەتی دەگرنە ئەستۆ چ وەکوو نوێنەری پەڕڵەمان و چ بەرپرسیی دیکە بەڕاستی بتوانن لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا کە هەموومان ئەم دنیایە بەجێدێڵین بە سەربڵیندیی و شانازییەوە بڕۆن.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیەدا پەیامی سەرەخۆشی پارێزەرانی دادگوستەری سەرتاسەری شاری تاران خوێندرایەوە و لە درێژەدا دکتۆر "محەمەدعەلی سوڵتانی" کەسایەتیی ناسراوی کرماشانی، توێژەر، نووسەر و مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە کەسایەتی "ئەحمەد تەها" پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد گوتی: دەڤەری کار و چالاکییەکانی من لەگەڵ بوار و دەڤەری کارەکانی ئاغای "ئەحمەد تەها"دا جیاوازبوو، ئەو کاتەی کە لەگەڵ ئەم بەڕێزە ئاشنابووم نوێنەرایەتیی پەڕڵەمان و پاشانیش هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی لە ئەستۆدا بوو، بەڵام ئەو شتەی کە ئێستا سەرنجی منی بۆلای خۆی ڕاکێشا و لە بیۆگرافییەکەیدا هاتووە توێژینەوە و هەوڵەکانی ئەو بووە لەسەر شانامەی فیردەوسی و هیوادارم کە بنەماڵەی زانستی و عیرفانی ئاغای تاها بتوانن لە داهاتوودا ئەم بەرهەمە بخەنە بەردیدی تەواوی هۆگرانی ئەم نیشتمانەوە.  

 

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دکتۆر "ڕەسووڵ خزری" نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕڵەمانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی نوێنەری پێشووی شاری بۆکان گوتی: یەکێک لە کارەکانی ئاغای تەها کە وەکوو فەرمانداری شاری پیرانشار ئەنجامیدا و هەمیشە دەمێنێتەوە دامەزراندنیی یەکەمین ناوەندیی خوێندنیی باڵای ئەم شارە واتە زانکۆی پەیامی نووری پیرانشار و موسەلای ئەم شارە بوو کە لە لایەنی بیناسازییەوە هێمایەکی زۆر جوانی ناوچەکەیە، کە لەڕاستیدا جێگای ڕێز و پێزانینە. هەروەها بە شارستانکردنی بۆکانیش یەکێکی دیکە لە کارە هەرمانەکانی ئەم بەڕێزە بوو.

 

گوتیشی: ئەم کەسایەتییە هۆگرییەکی جوانی بە ئەدەب و کەلتووری کوردەوارییە هەبوو و هەر ئەو تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی 1374 بۆ یەکەمین جار داوای فەرهەنگستانی ئەدەب، هونەر و مێژووی کورد لە سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران داوا بکات. و ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە کە نوێنەرانی ئێستای کورد لە پەڕڵەمانی ئێران بەشوێن ئەم داواکارییە ڕەوایەی ئەم بەڕێزە بن لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بیرئانینەدا دکتۆر "قەسیم عوسمانی" نوێنەری شاری بۆکان لە پەڕڵەمانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: ئەم بەڕێزە لە قوتابخانەی دواناوەندیی مامۆستای من بووە و هەر لەو کاتەوە تا ئێستا خۆم بە قوتابی ئەو زانیوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وانەی زمانی ئینگلیزی بە باشی بە ئێمە دەگووتەوە بەڵام من زیاتر لە زمانی ئینگلیزی، زمانی ئەدەب و ئەخلاق لەوەوە فێربووم و پێش ئەوەی کە ئەو بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی خۆم بزانم ئەو بە مامۆستای ئەدەب و ئەخلاق و کردەوەی مرۆڤدۆستانە دەزانم.

 

گوتیشی: بەڕێز تەها کەسایەتییەکی ئەخلاقی هەبوو و هەموو کاتێک هەوڵدەدەم ئامۆژگارییەکانی ئەو لە کردەوە و هەڵسووکەوتم و بەتایبەت لە کارووباری پەڕڵەمانتاری و سیاسیم ڕچاوبگرم.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا سەید "مەعرووف سەمەدی" نوێنەری پێشووی شاری سنە لە خولەکانی سێیەم و چوارەم لە پەڕڵەمانی ئێران، سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: ئەم بەڕێزە بەردەوام بە شوێن یەکێتی و پێکەوەبوون و مەسەلە ئینسانییەکانەوە بوو، بە بێی ئەوە کە دروشم بدات و بەردەوام بەشوێن ئەنجامدانی ئەرکی بەرپرسیارییەتی سەرەکی خۆی واتە نوێنەرایەتیی خەڵکییەوە بوو. یەکێک بوو لە هەڵسووڕاوانی ماندوونەناسی پەڕڵەمانی ئێران کە خزمەتێکی زۆر گەورەی بە شاری بۆکان و شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کرد و ئەو 8 ساڵەی کە ئێمە پێکەوە لە پەڕڵەمانی ئێراندا هاوکاربووین بەڕاستی یەک ڕۆژ پشووی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی نەبوو، هەر وەکوو زۆربەی نوێنەرانی نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی ئێران، خۆی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتکردن بە خەڵکیی.

گوتیشی: ئاغای تەها هەموو ڕۆژێک نامەی بەدەستەوە بوو و بۆ بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی ڕەوای خەڵکی کوردستان واژۆی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی کە مەسەلەکانی خەڵکی کوردستان لە پەڕڵەماندا بە شێوەی یاسایی پێوشوێنی بگرێت، زۆربەی کاتەکانیش خزمەتی شارەکانی دیکەی ئێرانیشی دەکرد و ئەوەی کە لەبەرچاوی بوو تەنیا مرۆڤدۆستیی بە مانای واقعییەکەی بوو.

 

سەمەدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەڕاستی ئێمە لە پەڕڵەمانی ئێراندا ئەو پەڕی کەڵکمان لێوەردەگرت و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا خزمەتەکانی بەرچاوە بە تایبەت لە شاری بۆکاندا. زۆربەی ئەو خزمەتانەی کە ئەمڕۆکە لەم شارەدا دەیبینین دەسکەوتی زەحمەتەکانی نوێنەرانی پێشوو بە تایبەت کاک "ئەحمەد تەها" بوو. و بەو خزمەتانەی کە کردوویەتیی لە ناو خەڵکیدا پێگەیەکی باشی هەیە و لە سەردەمێکدا کە بەڕێزیان بوونە پەڕڵەمانتار، سەردەمێکی هەستیار بوو و لەو سەردەمەدا توانی بە باشی بدرەوشێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا "جەماڵ تەها" کوڕی گەورەی پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد "ئەحمەد تەها" و بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران گوتی: زۆر سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، لە دەستدانی باوکم بۆ من دەردێکی ئەبەدییە، بەڵام بوونی ئێوە لێرە و بەتایبەت لە کاتی نەخۆشییەکەیدا خەمڕەوێنی ئێمەیە و باوکم بەردەوام بە ئێمەی دەکوت کە خزمەتکاری نەتەوەی کورد بین و خزمەتکردن بە نەتەوەکەمان بەشێکی گرینگ بێت لە شانازییەکانمان.

 

کەسایەتیی ناسراوی کورد "ئەحمەد تەها" و نوێنەری شاری بۆکان لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 1ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئێرانمێهری شاری تاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

 

 

 

 

Read کد خبر: 904