Print this page

وتووێژی گۆڤاری هەمشەهری دیپلۆماتیک لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران

هەرێمی کوردستانی عێراق لە دە ساڵەی ئەزموونی خودموختاریدا، ئێستا لە سەردەمێکی هەستیار و گرینگ لە پەیوەندییەکانی خۆیدایە. لە لایەکەوە، گۆڕانکارییەک کە لە ڕەوتی بەرپرسانی تورکیادا لە پەیوەندی لەگەڵ ناوچەکە بەدیهاتووە، بە شێوەیەک بە لەبەرچاوگرتنی ساردی پەیوەندییەکان لە ساڵە سەرەتاییەکانی خودموختاریدا،

ئێستا کوردستان دەبینێت کە سەرمایەی وەبەرهێنەران بەربڵاوتر بووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ توریکادا گەشەی بە خۆیەوە بینیوە. لە لایەکی دیکەوە، قەیرانی سووریا و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، رکابەرییەک بۆ ڕۆڵ بینین لە داهاتووی سووریا لە نێوان تورکیا و کوردستاندا لە ئارادایە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە تورکەکان تا دوێنێ بۆ هاوڕێبوونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیان لە بەرانبەری سووریادا هەوڵیاندەدا. هەڵبەت دەبێت پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا وەکوو هەڤاڵێک کە خودموختاری بەم ناوچەیە بە دیاریهێنا، بەم پەیوەندییانە زیادبکەین کە ئەم پەیوەندییە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کوردستان هەموار کردووە. سەردانی ئەم دویانەی مەسعوود بارزانی، بۆ سووریا هەولێک بوو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی سیاسی لە نێوان ئۆردووگای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا و دەستکەوتی ئەم سەردانە، واژۆکردنی ڕێککەوتەنامەی نەوتی لەگەڵ ڕووسییەکاندا بوو. هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان ئاکامی یەکێتی نێوان دوو حیزبی گەورەی ئەم هەرێمە، لەوانە: یەکێتی نیشتمانی و دیموکراتە، جیاوازی لە ڕوانینی سیاسی ئەم دوو حیزبە لە پەیوەندییە دیپڵۆماسییەکان لەوانە: ئێران بە ڕوونی دیار و ئاشکرایە. دۆستی و نزیکی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ ئێران لە ڕووی گرینگیدان بە ئوردووگای ڕۆژهەڵاتییەکان لە ناوچەکەدا نییە، بەڵکوو ڕیشەی لە هاتووچۆ و دۆستایەتییەکاندایە کە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا و پێش ڕووخانی سەدام، لەگەڵ کوردەکانی عێراق بوویەتی کە تاڵەبانییەکان ئەمڕۆکە ئەمەیان باشتر وەبیردێتەوە. ئەم جیاوازیی ڕوانینە کە زیاتر لە لایەن بەرپرسانی کوردستانی عێراق ڕەتکراوەتەوە، لە هاتووچۆ و پەیوەندییەکانی هەولێر وەکوو پێتەختی کوردستان کە پێگەی بارزانییەکانیش دێتەئەژمار لەگەڵ تورکیا، ئەمەریکا و ڕۆژئاوا زیاتر ڕەنگی داوەتەوە؛ لە حاڵێکدا کە پەیوەندی سلێمانی کە تاڵەبانییەکان تیایدا زیاتر کۆبوونەتەوە، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کردووە. "نازم دەباغ" کە پێشتر نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لە ئێران بووە و ئێستا وەکوو نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەناسرێتەوە ئەویش وەکوو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، جیاوازی ڕوانینی دوو حیزبی کوردستان ڕەددەکاتەوە بەڵام قەبووڵییەتی کە تورکیا ڕۆڵی زیاتری لە بواری ئابووری لە کوردستاندا هەیە و لە مەسەلەکانی ناوچەدا لەوانە: سووریا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دانووستانی هەبووە. درێژەی وتووێژەکە لەگەڵ بەڕێزیان لە خوارەوە دەخوێننەوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی سووریا و یەکریزییە ناوچەییەکان لە بەرانبەر ئەم قەیرانەدا، وێدەچێت کە خاڵێکی نوێی لە پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان پێکهاتووە. هەوڵی تورکیا بۆ هاوڕێکردنی هەرێمی کوردستان بۆ  هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر سووریادا لەو خاڵانەیە. بە بڕوای ئێوە ئەم مەسەلەیە تا چەندە لە پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کاریگەری هەبووە؟

 بە پلەی یەکەم پێویست دەکات کە هەرێمی کوردستان، ئێران و هەروەها عێراق ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە یەکتری نزیک ببنە. پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان دەبێت لە دوو گۆشە نیگاوە شیبکرێتەو؛ یەکێکیان لە لایەنی ئابوورییە کە دەبێت بڵێین بەداخەوە لە ئاستێکی باشدا نییە و گرینگترین هۆی ئەم مەسەلەیەش چالاکی کۆمپانیا ئابوورییەکانی ئێرانە کە هاتنە کوردستان و لە ئاستی کوالیتەوە باش نەبوون، هەر بەم پێیە نەیانتوانی چالاکی باش ئاراستە بکەن و لە لایەکی دیکەشەوە باروودۆخی نێودەوڵەتیی و ئابڵۆقەکان تا ڕادەیەک ڕێگای بەرەوپێشچوونی کارەکانی دەگرت. بەڵام ئاستی پەیوەندی لە لایەنی سیاسی، ئەمنییەتی و ئیستراتژیک لە نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق بەرەو پێشەوە دەڕوات. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو مەسەلانەی کە لە ناوچەکەدا هاتوونەتە پێشی، قەیرانیان دروست کردووە و ناوچەکە بە بۆنەی گرفتەکانی شەڕ و نائارامییەکاندا تێوەگلاوە و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی تایبەتی دەوڵەتەکان و گرووپەکاندا لە ئارادایە. لەم باروودۆخەدا، دوو بەرە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە؛ لە یەکێک لە بەرەکاندا، سعوودی و قەتەرن کە لە ناوچەدا بە تەواوی پشتیوانی لە سوننەکان دەکەن و ئەویدیکەش بەرەی ئێران و سووریایە. ئێران و سووریاش بە حکوومەتەکانی شیعە، بەرژەوەندییان بۆ خۆیان پێناسە کردووە. عێراق کە هەم جمووری سوننەی هەیە و هەمیش شیعە، لە هەر دوو بەرەکەدا بەرژەوەندی هەیە. هەر بەم پێیە هەر کام لەم بەش و ڕوتانەی عێراق بەرەو لایەک دەڕۆن کە بەرژەوەندی زیاتری بۆ ئەوان تێدابێت و بە بڕوای من پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، پەیوەندییەکی ئیستراتیژی و  پێویستە و دەبێت بمێنێتەوە. من لەو بڕوایەدام هەندێک لە گۆڕانکاری و ڕووداوەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.

 لەوە دەچێت کە تورکیاش لە هەوڵدایە لەم ناوەندەدا بۆخۆی بەرەیەکی سەربەخۆ پێناسە بکات و کوردەکانی عێراق بەرەو بەرەی خۆی ڕابکێشێت. بەم شێوەیە نییە؟

 کوردەکانی عێراق لە ڕەوت و ڕووداوەکانی ناوچەکەدا ئامادەن و بەشداریشیان زۆر گرینگە، بە هەر حاڵ ئێمە لەگەڵ سووریا مەسەلەی هاوبەشمان هەیە و هەر بەم شێوەیەش عێراق لەگەڵ سووریادا سنووری هاوبەشی هەیە، هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەم وڵاتە سنووری هاوبەشی هەیە و ئێستا زۆربەی جمووری سووریا کە لە ناوچەکەیاندا شەڕ و پێکدادانە هاتوونەتە کوردستانەوە. لەم ناوەندەدا، مەسەلەکان بە یەکترییەوە پەیوەستن و پێکەوە گرێدراون بەڵام ناتوانرێت بە ئاسایی ڕوونبکێرتەوە کە کوردستان چۆتە ناو بەرەی ئێرانەوە یا تورکیاوە. بۆ ئێمە ڕاگرتنی یەکێتی عێراق گرینگییەکی زۆری هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە، لەوبڕوایەداین کە دەبێت ناوچەکە دوور ڕابگرین لە بەهێزبوونی ئەلقاعیدە، وەهابییەکان و سەلەفییەکان کە لە دەمارگرانی سوننەکان پێکدێنن. هەر بەم پێیە ناچارین ڕۆڵێک لە ناوچەکە ببینین و نەچینە ئەو مەسەلانەی کە پیویستیمان پێی نییە و تەنیا ئێمە سەرقاڵی خۆی دەکات. ئەوەی کە هەڵوێستی تورکیامان بە تەواوی پەسەندکردووە، دروست نییە. ئەگەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی ناکۆکییەکانەوە بەشار ئەسەد دەبێت لە حکوومەت بچێتە ئەولاوە، بەم لێکدانەوەیە و بە بوونی ڕێپێوانەکان لە تورکیا، بەرپرسانی حکوومەتی تورکیاش دەبێت دەست لە کار بکێشنەوە. پێویستی دەکات کە باروودۆخەکان و پێداویستییەکان بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە. لە لایەکی دیکەشەوە لە باروودۆخی قەیرانیدا هۆی جۆراوجۆر بە نییەتی خراپەوە دێنە ناو گۆڕەپانەکەوە تاکوو بە شوێن بەرژەوەندی خۆیان کەون. ئێمە ئێستا لەو باروودۆخەداین و نامانەوێت کە هۆیەکان بێن و ئێمە بخەنە ناو یارییەکەوە کە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نەبێت.

 بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێران زیاتر هەوڵیدا یان تورکیا؟

بە بڕوای من تاوانە کە ئێمە بڵێین تورکیا. بێگومان ئێران لەم بوارەدا زیاتر هەوڵیداوە. پێش ئەوەش و دوای ڕووخانی سەدام، ئێران زیاتر یارمەتی کوردستان و عێراقی داوە بەڵام ئەمڕۆکە دەبێت ئەوە بزانین کە هەر کەس بۆ ڕاگرتنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و لە هێڵی خۆیدا هەنگاو هەڵدێنێت. لە مەسەلەی ناکۆکییەکانی کوردستان و بەغداد دەبێت ئەم خاڵەمان لەبەرچاوبێت کە حکوومەتی عێراق بە ئێران نزیکترە، لەم ڕووەوە دەبێت بڵێین کە ئێران دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەرتری لە چارەسەرکردنی ناکۆکیییەکان ببینێت. لە سەردەمی خەبات دژی سەدامیشدا ئەم وڵاتە یارمەتی زۆری بە خەڵکی عێراق و ئۆپۆزیسیۆن گەیاند. هەڵبەت من لە ئێرانم و هەوڵەکانی بەرپرسانی ئێران دەبینم و لە تورکیا نیم بەڵام ئەوەی کە لە کاریگەری تورکیا لەسەر عێراق بینیومە ئەوەیە کە "تارق هاشمی" کە دادگای عێراق بە تاوانبار ناساندوویەتی، ئێستا لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرێت و ئەم مەسەلەیە چەندین جار بووە هۆی ناکۆکییەکانی عێراق و تورکیا.

 مەسەلەیەکی دیکە کە لە پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کاریگەری هەیە، جیوازی لە جۆی ڕوانینی حیزبە گەورەکانی کوردستانە بە تایبەت سەبارەت بە ئێران، بە شێوەیەک کە دەبێت هەولێر و سلێمانی دوو حیزبی جیاواز لە یەکتری دابنێین.

 نا من ئەم مەسەلەیەم قەبووڵ نییە، هەڵسووکەوتەکان جیاواز نین. شایەد ئەم جۆرە دەستکەوتە بە هۆی ئەوەیە کە کۆمپانیا بازرگانییە ئێرانییەکان زیاتر لە سلێمانین و بە شێوەی ئەوتۆ نەیانتوانیوە کە سەرکەوتووبن بەڵام کۆمپانیا تورکییەکان لە ناوچەی هەولێر زیاترن کە هێشتاش هەر لەوێ بوونیان هەیە. بە بڕوای من هۆیەکانی زیادبوونی کۆمپانیا تورکییەکان و کەمبوونەوەی کۆمپانیا ئێرانییەکان دەبێت لە شێوازی ڕوانینی ئێران و تورکیا بۆ چالاکییە ئابوورییەکان لە کوردستان ببینینەوە.

 مەبەستی من زیاتر لە ڕووی سیاسیەوە بوو.

 بە بڕوای من لە هەرێمی کوردستان یەک گوتاری سیاسی و یەک بەرپرسیاری حکوومەت دەکات، بەم هۆیە فکر ناکەمەوە جیاوازی لە نێوان سلێمانی و هەولێردا بوونی هەبێت.

 لە ئێستادا کەشووهەوایەک کە لە هەولێردا زاڵە لە ژێر چاودێری ڕەوتی دیموکراتدایە و ڕەوتی یەکێتی نیشتمانیش لە سلێمانین و بارزانییەکان لە هەولێر و تاڵەبانییەکان لە سلێمانین، ئایا بە بوونی کاریگەری ئەم باروودۆخە بەڕێز دادوود ئۆغڵۆ سەردانی هەولێریان کرد تا سەبارەت بە سووریا دانووستان بکات؟

 ئێوە بۆخۆتان دەڵێین داوود ئۆغڵۆ. وەزیری دەرەوەی تورکیا باروودۆخ و کەشووهەوایەک بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی ڕچاو دەگرێت؛ هەر وەکوو بۆخۆی ئۆردووغانیش سەردانی هەولێری کرد بەڵام هەرێمی کوردستانیش سیاسیەتی خۆی بە پێی بەرژەوەندیی و ئامانجەکانی بەرەوپێشەوە دەبات. ئێستا من ئەو پرسیارە لە ئێوە دەکەم. مەگەر ناڵێین سلێمانی پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ ئێران هەیە بۆچی تا ئێستا وەزیرێکی ئێرانی سەردانی سلێمانی نەکردووە؟

 لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێران سەردانی کوردستانی عێراقیان کردووە کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە سەردانی مەنووچێهر موتەکی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران بۆ عێراق و ئامادەبوونییان لە سلێمانی بکەین. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران، مەسەلەکانی ناوچەکە لە ڕێگای دانووستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندییەوە پێی و شوێنی دەگرێت.

 سەردانی بەرپرسانی ئێران بۆ کوردستان زۆر کەمبووە، لە ساڵانی ڕابردوودا ئاغای سەعیدلوو جێگری کاروباری نێودەوڵەتی سەرۆک کۆمار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە کە هەڵبەت ڕێککەوتەنامەیەک لە دەرئەنجامی ئەم سەردانە پێکهات و ئێستا کارەکانی جێبەجێی دەکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەوە ڕاستە کە زیاتر سیاسەتەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی هەواهەنگ دەکرێت بەڵام مەگەر سەرۆک کۆماری دەوڵەتی ناوەندی کورد نییە؟ مەگەر ڕۆڵ و پێگەی کوردستان لە مەسەلەکانی ناوچەییدا گرینگ نییە؟ لە سیاسەتدا یاسا و پڕۆگرام بوونی هەیە کە یارمەتی بەرنامە و ئامانجە گشتییەکان دەدات. ئێستا دەبێت بڵێین تورکیا بە هۆی ئەو سیاسەتەی کە لە کوردستاندا ڕچاوی گرتووە، لە بواری ئابووری و سیاسیدا لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەرەوپێشەوە چووە و چاوەڕوانین لە داهاتوودا هاوکارییەکانی ئابووری و بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.   

 دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە کە داوود ئۆغڵۆ بۆ هاوڕاکردنی کوردستان لە مەسەلەی سووریادا سەردانی هەولێری کردبوو، نە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

 بۆ هەر نییەت و بەرنامەیەک کە سەردانی کردبوو، ئەم سەردانە نیشاندەدات کە پەیوەندی لەگەڵ کوردستان بۆ تورکیا گرینگی هەیە. ئێرانیش دەتوانێت بۆ درێژەپێدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریا یا هەر مەسەلەیەکی دیکە لەگەڵ کوردستان دانووستانی هەبێت. هەڵبەت لەوبڕوایەدام پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئێران لە ئاستی باشدایە.

 بەڵام ئێوە ئێستا لە ئاستی پەیوەندی لەگەڵ ئێران ڕخنەتان هەیە، دەتوانن بە متمانەوە بڵێین کە ئاستی پەیوەندییەکان باشە.

 ئێمە لە ئاستی پەیوەنی لەگەڵ ئێران ڕازین. قسەی من ئەوەیە کە ئێران کۆمەڵێک هاوکاریی باشی بە ئێمە کردووە و لە لایەنی سیاسی و ئەمنییەتیشەوە مەسرەفی زۆری بۆ ئەم هاوکارییانە کێشاوە بەڵام بەداخەوە نەیتوانیوە لە دەرفەتەکانی ئابووری کوردستان کەڵک وەربگرێت.

 زۆربەی کارناسان و لێکۆلەرانی کورد لە کوردستان لەوبڕوایەدان کە ڕەوتی تاڵەبانی زیاتر لە ئاستی پەیوەندی لەگەڵ ئێران ڕازییە تا ڕەوتی بارزانی. هۆی ئەم مەسەلەیە چییە؟

 نا، بەم شێوەیە نییە. کەسەکان لە کۆمەڵگای کوردستان هەر کامیان بیروڕای خۆیان هەیە. کەسانێکی زۆر هەن کە ڕایدەگەیەنن کارناس و توێژەرن بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەوە بەرپرسەکانن کە دەبێت ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکان دیاری بکەن. باروودۆخ بە شێوەیەکە کە دەبێت ئاستی پەیوەندییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ باشتر بێت. دەبێت ئەوەش ڕچاوبگرین کە لە نێوان شیعەکان، کوردەکان و سوننەکانی عێراق، شیعەکان و کوردەکان زیاتر لە ئێران نزیک بوون و بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران هۆگرییان بووە. من شایەدی ئەوم لەو کاتەی کە عەلاوی سەرۆک وزیران بوو، چەند جار لە لایەن ئێرانەوە بانگهێشت کرا بەڵام نەهات و مەیلێکی بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران نەبوو بەڵام تاڵەبانی، مالکی و هەروەها بارزانی تا ئێستا چەندین جار سەردانی ئێرانیان کردووە.

 

گۆڤاری مانگانەی هەمشەهری دیپڵۆماتیک، ژمارە 75، شەهریوەری 1392، لاپەڕەکانی 63 تا 65

Read کد خبر: 260