Print this page

وتووێژی ڕۆژنامەی ئێران لەگەڵ دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران

 

دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێراندا ڕایگەیاند: بە بڕوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاوی چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی، هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتوویی و لە کەشووهەوایەکی ئارام، ئازاد و دیمۆکراتدا بەڕێوەچوو.

 

دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی "ئێران"ی ڕۆژی یەکشەمە 6ی تشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2013 کە ڕۆژنامەی ئۆرگانی فەرمی دەوڵەتی ئێرانە، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی هەلًَبژاردنەکانی ئەم دواییانەی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان گوتی: لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەڕڵەماندا بۆ یەکەمین جار، پارت و لایەنە سیاسییەکان بە لیستی جوێی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد و هەروەها بە پێی ڕێکەوتنێک لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمجارە پارت و لایەنە سیاسییەکان بە لیستی نیوە کراوەوە بەشدارییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان کرد. بەشداری نزیکەی سەتا 74% لە هەڵبژاردنەکان، نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی لە ئاستێکی زۆر سەرێدا هەستی بەرپرسیارییەتیان بوو لە دیاریکردنی چارەنووسی نیشتمان و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی و داکۆکیکردن لە مافی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی خۆیان.

گوتیشی: بە بڕوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر و بەرچاوی چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی، هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتوویی و لە کەشووهەوایەکی ئارام، ئازاد و دیمۆکراتدا بەڕێوەچوو.

لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنەدا دکتۆر جگەرخوێن سەبارەت بە پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی جوگرافییای سیاسی عێراق گوتی: کوردەکان لە عێراقدا لەگەڵ هەموو گرووپە سیاسییەکان، چ شیعە و چ سوننە پەیوەندییەکی باشیان هەیە و بەردەوام هەوڵیانداوە ڕۆڵێکی هاوسەنگ لە کەشووهەوای سیاسی عێراقدا بگێڕن. بەڕێزان بارزانی و تاڵەبانی وەکوو دوو ڕێبەری کاریگەر لە عێراقدا هەوڵێکی زۆریانداوە بۆ نزیککردنەوەی بیرووبۆچوونی سیاسی پارت و گرووپە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان ئەم گرووپانەدا و دوای هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی ساڵی 2010 و چەندین مانگ سەرلێشێواوی و ڕێکنەکەوتنی گرووپە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی دەوڵەت، بە پێشنیاری بەڕێز بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو کە ڕێککەوتەنامەی هەولێر واژۆ کرا و دەوڵەتی نوێی پێکهات.

ئەوەشی خستەڕوو: دوای ئەوەش هەروەها کوردەکان هەوڵی زۆریانداوە بۆ چارەسەکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانی عێراقدا و هەمووی ئەمانە هێمای ئەوەیە کە کوردەکان بە هەوڵە جیدییەکانی خۆیان، ڕۆڵێکی پۆزپتیڤیان لە بواری سیاسی عێراقدا هەیە.

جێگری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتیی ناوەندی بەغداد گوتی: هەرێمی کوردستان بەردەوام هەڵوێستی مەنتیقی، ئاشتی خوازییانە و سەروەربوونی یاسای بۆ درێژەپێدان بە دانووستان و وتووێژە کاریگەر و کارای لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە سیاسیە واژۆکراوەکان و دەستووری عێراق ڕاگەیاندووە.

دکتۆر جگەرخوێن لە وڵامی پرسیاری دیکەی ڕۆژنامەی ئێراندا سەبارەت بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: ئێستاکە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستێکی باش و گونجاودایە. هەر چەندە بەلەبەرچاوگرتنی بواری گونجاو و خاڵە هاوبەشە جۆراوجۆر و زۆرەکان، ئیمکانی پەرەپێدان و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی دوو لایەن لە هەموو بوارەکاندا بوونی هەیە.

جێگری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە وڵامی دوایین پرسیاری ڕۆژنامەی ناوداری ئێران سەبارەت بە تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی شاری هەولێر گوتی: هەڵبژاردنەکان نیشانیدا کە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو گەشەی سیاسی بە خۆیەوە بینیوە. لە بواری ئابووریشدا ئەم هەرێمە بە شێوەیەکی یەگجار زۆر ، بەرەوپێشەوە چووە. دەوڵەتیی هەرێمی کوردستان توانیوییەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە وەبەرهێنەرە بیانییەکان بە تایبەت لە بواری نەوت و وزە و هەروەها بازرگانی ناوچەیی و گەشتیاریدا بۆلای خۆی ڕابکێشێت و بە ئامانجەکانی خۆی بە مەبەستی گەشەسەندنی ئابووری بگات.

گوتیشی: ئەم کردەوە تیرۆریستیانە بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونە زۆرەکانی هەرێمی کوردستان دانانێت و دەبێتە هۆی هاودڵیی و قووڵایی یەکێتی لە نێوان خەڵکی و هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە بەرانبەر کردەوە تیرۆریستییەکاندا.

 

 

 

Read کد خبر: 237