سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن دەكات

ڕۆژی سێشەممە 7ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یووكی ئۆكامۆتۆ سیاسەتمەداری ناودار و ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كازۆیا ناشیدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ژاپۆن پێك هاتبوو.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی ئەو پێشكەوتنەی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستاندا لە بواری جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە كوردستان دەدات و ژاپۆن ئامادەیی تەواوی هەیە كە بەشدارییەكی كارای لە یارمەتیدانی كەرتی گشتی و تایبەتی كوردستاندا هەبێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتی ژاپۆن بە نیگەرانییەوە سەیری بارودۆخی ئاساییشی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان دەكات و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتەكان بە ئازایەنە و نیشتیمانپەروەرانە وەسف كرد. یووكی ئۆكاتۆمۆ سیاسەتمەداری ناوداری ژاپۆنی پێشمەرگەی بە تەنیا هێزی سەركەوتوو لە قەڵەمدا كە كاریگەرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و ڕۆڵی گێڕاوە لە پاراستنی ئاساییشی جیهان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن لە بواری سیاسی و ئابووری و كەرتی كشتوكاڵ و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە كوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە كە سوود لە توانا سرووشتییەكان وەربگیرێت و پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدرێت. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر شەڕی دژی داعش و جەختی لەوە كردەوە كە داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانییە و هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی هەمە لایەنەی پێویستە.

"مەردان" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" لە ئەمەریکا نمایشکرا

مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ و ٢ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای ھاوچەرخی جیھان" Contemporary World Cinema لە چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" Seattle لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان و بەو فیلمانەی بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی کە لە لایەن بینەرانەوە ھەڵدەبژێردرێن خەڵاتی زێڕینی  Golden Space Needleپێشکەش دەکرێت.

فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" کە بە یەکێک لە باشترین فیستیڤاڵەکانی ئەمەریکای باشوور دەناسرێت، خولی چل و یەکەمینی بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ تا ٧ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە شاری سیاتێل لە ویلایەتی واشینگتۆن لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.

گۆڤاری ناوداری "ورایتی"، فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" بە یەکێک لە ٥٠ فیستیڤاڵی گرینگ و بەرچاوی سینەمای جیھان دەستنیشان کردووە. بنەمای ئەم فیستیڤاڵە رەخساندنیی دەرفەتە بۆ فیلمەکان بۆ ئەوەی کە وەکوو گرینگترین فیلم لە ئەمەریکا بناسرێن.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی "بەتین قوبادی" دوای نمایشی سەرکەوتووانە لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆی لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە ئیماڕات، لە بەشی "دەنگی نوێی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە سوید، لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گلاسکۆ" لە بەریتانیا، لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ویلنیوس" Vilnius بە ناونیشانی "کینۆ پاواساریس" Kino Pavasaris لە وڵاتی لیتوانی و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای ئەم وڵاتەوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لەڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا. قوبادی دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

 

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە رۆژانی ٢٣ نیسان / ئەپرێل تا ٢ ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "موڤ" Mooov لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا.

مه‌نسوور جیهانیـ گۆرانیبێژی کورد "شەھرام نازری" خەڵاتی تەندیسی حافزی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی لە پازدەیەمین جەژنی "دنیای وێنەیی" بەدەستھێنا.

گۆرانیبێژی ناوداری کرماشانی "شەھرام نازری" بە گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" و بە ئاوازدانانی موزیکزانی لاوی ئێرانی "ئەڕەشک رەفیعی" لە پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران، بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندید کرابوو، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم جەژنە سینەماییەوە وەکوو باشترین گۆرانیبێژی ساڵی ئێران لە بواری سینەمادا دەستنیشانکرا و لە لایەن ئەکتەری ناودار و پێشەنگی ئێران "جەمشید مەشایخی" خەڵاتی تەندیسی حافزی ئەم جەژنەی پێبەخشرا.

شەھرام نازری" کە بە شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان ناسراوە لە وتووێژێکی تایبەتدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سینەماییە گوتی: لەڕاستیدا ھەر ھونەرمەندێک بە درێژایی ژیانی خۆی خەڵاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، منیش وەکوو ھەموو ھونەرمەندانی دیکە خەڵاتی زۆرم وەرگرتووە، بەڵام زۆربەی ئەم خەڵاتانەم کە وەرگرتووە لە دەرەوەی وڵات بووە. ئێستاکە کە خەڵاتی تەندیسی حافز وەردەگرم زۆر خۆشحاڵم، چونکە بە پلەی یەکەم لە دەستی بنەماڵەی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم، چونکە بۆخۆم ھۆگرییەکی زۆرم پێیان ھەیە و بە پلەی دووەم لە دەستی "جەمشید مەشایخی" مامۆستا و یەکێک لە ئەفسانەکانی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم. ئێستا کە لە ناوخۆی وڵات ئەم خەڵاتەم پێدەبەخشن، بۆ من زۆر دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە سەبارەت بە درێژەپێدانی ھاوکارییی خۆی لە بواری سینەمادا گوتی: لەم بوارەدا بێگومان لە داھاتوودا ئەزموونی دیکە دەکەم، لەبەر ئەوەی کە بڕیاروابوو لە ھەشتاکاندا لەسەر داوای دەرھێنەری ناودار و کۆچکردووی ئێران "عەلی حاتەمی" لە فیلمی سینەمایی "دلشدگان" واتە "دڵدارەکان" وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم، بەڕێزیان لە رێگای "جەمشید مەشایخی" ویستیان لە نزیکەوە لەگەڵ من ئاشنا بن و لەم کارە سینەماییەدا بەشداریی بکەم. بەڵام بە ھۆی کۆنسێرت لە وڵاتی ئەمەریکا نەمتوانی بەشداریی بکەم.

گوتیشی: من بۆخۆم ھۆگرییەی زۆرم بە دنیای سینەما ھەیە و سروشتییە کە حەتمەن لە داھاتوودا لە بواری سینەمادا وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم و بێگومان ھەر ئەو کارەش دەکەم.

ھەروەھا ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێران "جەمشید مەشایخی" سەبارەت بە کەسایەتیی "شەھرام نازری" گوتی: بەڕێزیان نە تەنیا لە بواری مۆسیقادا پێگەیەکی ئاست بەرزیان ھەیە بەڵکوو لە بواری ئەدەب و ئەدەبیاتیشدا شارەزایی و لێھاتووییەکی تەواویان ھەیە.

شەھرام نازری" بۆ یەکەمین جارە کە لە بواری سینەمادا گۆرانیبێژی فیلمێک لە ئەستۆ دەگرێت و لەڕاستیدا خوێندنی گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لایەنێکی دیکەیە لە توانایی و شارەزایی ئەم گۆرانیبێژە ناودارە کوردە لە بواری خوێندندا.

 

چڕینی ئەم بەرھەمە لە لایەن شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان شێوازێکی دیکەیە لە خوێندن و ئەم ھونەرمەندە بەئەزموونە کە ھەمیشە لە خوێندنی کارە نۆیەکان لە مۆسیقادا بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو بنەماکانی موزیکی ئێرانی پێشڕەوە لە خوێندنی تیتراژیی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر"یشدا شێوازێکی نوێی لە خوێندن ئاراستەی ھۆگرانی موزیک کردووە.

گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" بە پێی شیعری "بەھانە" واتە "بیانوو" کە بە "دانەھای باران" واتە "تکەکانی باران" ناسراوە و بەرھەمی شاعیری ناودار و کۆچکردووی ئێرانی "سیاوەش کەسرایی"یە، بە ئاوازدانانی "ئەڕەشک رەفیعی" و بە ھاوکاری ژەنیارانی پێشەنگی موزیکی ئێران لە چوارچێوەی ئۆرکستڕای گەورەدا سازکراوە.

دوایین قۆناغەکانی تۆمارکردنی ئەم بەرھەمە لە لایەن "ئاڕش عادڵ پوور" لە ستۆدیۆی "تەرانەی سەمان" لە شاری تاران ئەنجامدراوە و "زوھرە سوڵتانی" وەکوو بەرپرسی بەرھەم لە ئامادەکردنی ئەم گۆرانییەدا ھاوکاریی کردووە.

 پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران بە بەرپرسیاریی ڕەخنەگری ناوداری سینەمای ئێران "عەلی موعەلیم"، بە ھاوکاریی خاتوو "ئازەر میعماریان" ھەروەھا بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ، تەلەڤیزیۆن و مۆسیقای ئێران لە تەلاری گەورەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

ئیتاڵیا لە پشتگیریی كردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ماركۆ كارنیلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا بەڕێز كارنیلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و سەرسوڕمانی خۆیشی بە پێشكەوتنە بەرچاوەكانی هەرێم دەربڕی و دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی دژی تیرۆر دەكات و پشتگیریی وڵاتەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دووپات كردەوە.

 

جەختی لەوەش كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەت لە بواری سەربازی و مرۆیی و ئابووریدا. هەروەها پشتگیریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پیشاندا و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكارییەك لەمبارەیەوە دەربڕی.

 

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی باڵیۆزی ئیتاڵیای لە عێراق كرد و ئاماژەی بەوە دا كە شانازییە بۆ هەرێمی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی دژی داعش بكات و باسی لە سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە كرد لەو شەڕەدا و دووپاتی كردەوە كە ئێستا سەنگی هێز لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە بەرژوەندیی پێشمەرگەدایە و تیرۆرستان لە پاشەكشەدان.

 

سوپاسی حكوومەتی ئیتاڵیای كرد كە لەو وڵاتانە بوو لە سەرەتای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هاوكاریی هەرێمی كرد و سەردانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیاش لەو كاتەدا بۆ هەرێمی كوردستان باشترین پاڵپشتی ئەو وڵاتەبوو بۆ هەرێم. دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر وبەغداش، بەڕێزیان خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی و گفتوگۆ و دیالۆگ دەربڕی.

 

باسكردنی بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی ڕەوشی هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

 

 

 

شوان عەتووف خەڵاتی فیستیڤاڵی "تراک سینەماتۆگرافیک"ی ئیتاڵی بەدەستھێنا

مەنسوور جیهانی ـ "شوان عەتووف" بە فیلمی "ماڵ و کلیل" خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "تراک سینەماتۆگرافیک"ی ئیتاڵی بەدەستھێناو ئەم سینەماکارە کوردەیازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش بە پێشمەرگە و شەڕڤانانو بەرخۆدانی کۆبانی کرد.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک"لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "کۆمەڵایەتی" فیستیڤاڵ بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.

رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی دادوەران، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و بینەرانێکی زۆر، رۆژی ٢٨ حوزەیران / یۆنیۆ ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە رۆما بەڕێوەچوو.

"شوان عەتووف" لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا گوتی: مێژووی ئەو تراژدیایانەی کە لە فیلمی "ماڵ و کلیل"دا باسی دەکەم ئەمڕۆش دووبارە دەبێتەوە. وڵاتەکەم ماڵێکە کە بە دوای کلیلدا دەگەڕێت.

ئەم سینەماکارە کوردە لە کۆتایی وتەکانیدا یازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش بە پێشمەرگە و شەڕڤانانو بەرخۆدانی کۆبانی کرد کە لە بەرانبەر ھێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم شارەدا خۆڕاگریی و خەباتیی بێوێنەیان کرد.

لە درێژەی رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، ئامادەبووانی قەڵای "نۆتۆنۆ" بە چەپڵەکانی خۆیان پێشوازیی گەرمیان لە قسەکانی "شوان عەتووف" کرد و خەبات و بەرخۆدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان بەرز نرخاند و زۆر حەماسەت و پشتگیریان بۆ قسەکانی ئەم سینەماکارە کوردە نیشاندا.

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک  سینەماتۆگرافیک" بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە سێ بەشی پێشبڕکێی "کۆمەڵایەتیی"، "ئەنیمەیش" و "سەربەست" لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە ناوچەی نۆتۆنۆ لە شاری رۆم لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

"ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١١ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" Short Film Corner  لە میانەی شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەڕەنسا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک روانین"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی رەخنەگران"، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" و بەشی "کورتە فیلم"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "فیلمە کلاسیکییەکان"، بەشی "سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ئێنگرید برێگمان"، بەشی "سینەمای جیھان لە کان" و چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ١٤ تا ٢٤ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچو

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كه‌ هەوڵەكانی بەغدا بۆ گۆشەگیركردنی هەرێمی كوردستان بەبڕینی بەشی هەرێم لەبودجەی فیدرالی عیراق سەرنەکەوتن وخۆڕاگری خەڵكی كوردستان زۆر لە بڕیاری سیاسی تاكلایەنانەی حكومەتی پێشووی عیراق بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی بەهێزتر بوو.

لە دیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی حكومەتی هه‌رێم تیشكی خستە سەر چەندین تەوەری پەیوەست بە بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان وئەو گرفتانەی ئەمڕۆ هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت وئەو چارەسەریانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستیدایە.

هەوڵی گۆشەگیكردنی هەرێم

وتەبێژی فەرمی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، لەسەرەتای 2014 حكومەتی پێشووی بەغدا بەسەرۆكایەتی مالیكی بەبڕیارە تاكڕەویەكەی بەبڕینی بەشی هەرێمی كوردستان لەبودجەی فیدرالی دەیویست ئەو پێشكەوتن وپێشڤەچوونانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەن رابگرێت، ئەوەشی خستەڕوو حكومەتی هەرێمی كوردستان ویستی لەدەستپێكی ئەم قەیرانەدا ئەم گرفتە بەشێوەی دیالۆگ چارەسەر بكات بەڵام وەك دزەیی ئاماژەی پێدا "كەسانێك مالیكیان هێنابووە قەناعەت بەوەی ئەگەر ئەو سیاسەتە پەیڕەو بكات ئەوا هەرێمی كوردستان گۆشەگیردەبێت وخەڵكی كوردستان لەدژی حكومەت رادەپەڕن وبەغداش مەرجەكانی خۆی بەسەر حكومەتی هەرێم دادەسەپێنێت وحكومەتی هەرێمیش ناچار دەبێت ملكەچی ئەو مەرجانە بێت".

دزەیی هەوڵی بەغدای بە شكەستخواردوو لەقەڵەمدا بەهۆی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەوەی كە خۆیان بە خاوەنی ئەو حكومەتە دەزانن وحكومەت سیاسەتێكی حەكیمانە پەیڕەو دەكات كە وادەكات جەماوەری كوردستان نەچنە ژێر باری هەوڵی لەم جۆرە.

چارەسەریە سەرەتاییەكانی حكومەت

سەفین دزەیی ئاماژەی بەو رێوشوێنە سەرەتایانە دا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەدا پەیڕەوی كرد بە كەمكردنەوەی خەرجی وبەڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆ وبیانیەكان توانرا مووچە دابین بكرێت ئەگەرچی لەماوەی مانگێك تا 45 رۆژ دواكەوتنی تیادا هەبوو. هەروەها گوتی " لە 22ی مایسی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو نەوتی خۆی بخاتە بازاڕە نێودەوڵەتیەكان بەڵام ئەمەشیان ئاسان نەبوو چونكە نەوتی كوردستان هێشتا لەبازاڕە جیهانیەكان نەناسراو بوو وئەو داهاتەش كە دەست دەكەوت بۆ مووچە وبەشێك لە پرۆژەكان بەكاربێت".

رێككەوتنی هەولێر وبەغدا

وتەبێژی فەرمی حكومەت ئاماژەی بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا كرد كە لە 2ی كانونی یەكەمی 2014 ودوای پێدانی متمانە بە حكومەتی عیبادی ئیمزاكرا. بەپێی ئەم رێككەوتنە 550 هەزار بەرمیلی نەوت لە هەرێمی كوردستان وكێڵگەكانی كەركووكەوە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت بەمەرجی پێدانی شایستەییە داراییەكانی هەرێم وئەم رێككەوتنەش بووە ماددەیەك لەیاسای بودجەی ساڵی 2015 ودەبوایە لەسەرەتای ساڵی 2015ـەوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەڵام حكومەتی بەغدا لەسەرەتادا بەناردنی بەشێكی زۆر كەم، بە 250 ملیار دینار دەستی پێكرد تا گەیشتە نزیكەی 500 ملیار دینار لەو كاتەی كە لەمانگی نیسان وئایاری ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بەتەواوی پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی رێكەوتنەکە نیشانداوە بەهەناردەكردنی بڕی تەواوی نەوت كە رێككەوتنی لەسەركرابوو. رونیشیكردەوە ئەوەی بەغدا ناردی نزیكەی 30 تا 40 لەسەدی شایستە داراییەكانی هەرێمە.

هەروەها گوتی "ئەو نەوتەی كە رادەستی سۆمۆ كرا ئەگەر لە بازاڕەكانی جیهان بفرۆشرابوایە ئەوا زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبوو، كەچی بەغدا تەنها 350 تا400 ملیۆن دۆلاری مانگانە لە مانگەكانی کانونی دووەم تا نیسان ناردووە کە دەکاتە كۆی یەک ملیار وهەشت سەد ملیۆن دۆلار- لەکاتێک كە دەبوایە لایەنی كەم پێنج ملیار دۆلار بنێرێت – ووایکرد بارودۆخەكە بەرەو ئاقارێكی خراپتر ببات چونكە لەو كاتەی ئێمە هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ بەغدا نەبوو مانگێك تا 45 رۆژ مووچە دوا دەكەوت كەچی ئێستا رێككەوتن هەیە وئێستا زیاترە لە 3 مانگ مووچە نەدراوە".

دزەیی جەختی لەسەر هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بە پابەندبوون بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا وچارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2015، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە حكومەتی هەرێم ناچارە رێگەچارەی دیكەی یاسایی بگرێتەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران وبودجەی تەشغیلی وپارەی بەڵێندەران.

شەش هەزار پرۆژە راگیراوە

دزەیی ئاشكرایكرد ئێستا نزیكەی شەش هەزار پرۆژە بە بودجە وگوژمە وقەبارەی جیاجیاوە لەهەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە راگیراون وئەوە وایكردووە بازاڕی هەرێمی كوردستان كزی بەخۆیوە ببینێت وبەڵێندەرانیش بكەونە گرفتی گەورەی دارایی. هاوكات سوپاسی بەڵێندەرانی كرد كە تا ئێستا توانیویانە بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن ودووپاتیكردەوە حكومەت بەهەموو شێوەیەك كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دەكات. هەروەها گوتی "بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێم بۆی هەیە هەر رێگەچارەیەك بگیرێتە بەر بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی خەڵكی كوردستان ورێگەچارەی سەرەكیش لەمبارەیەوە فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێمی كوردستانە وەكو سەرچاوەی سەرەكی بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم".

جدیەت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە هەیە

وتەبێژی حكومەت ئەوەشی راگەیاند كە كۆمپانیاكانی نەوتی جیهانی جدیەتیان لەبارەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان نیشانداوە بۆ پرسی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێمی كوردستان وئاشكرایكرد بەم شێوەیە زیاتر لە 90 لەسەدی پێداویستیەكانی هەرێمی كوردستان بەم نەوتەوە دابین دەكرێت. هاوكات تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەوت وگاز لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسیەكانی نێو حكومەتی هەرێم ودووپاتیشیكردەوە حزب ولایەنە سیاسیەكان پاڵپشتی تەواویان بۆ حكومەت نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم ئەمە جگە لەپەرلەمانی كوردستان وكوتلەی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

ملیارێك بۆ هەر مانگ 

دزەیی خەرجیەكانی هەرێمی كوردستانی لەماوەی مانگێكدا بە مووچە وپرۆژە وهەموو خەرجیەكانی دیكە بە یەك ملیار دۆلار خەملاند، رونیشیكردەوە ئەگەر نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ فرۆشرایە بازاڕەكانی جیهان بەهەمان ئەو قەبارەیەی كە دەدرێتە دەستی سۆمۆ ئەوا نزیكەی 800 تا 900 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەكات. بەم شێوەیە تەنها بەفرۆشتنی نەوت نزیكەی 90 لەسەدی پێداویستیەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت وداهاتی ناوخۆش تا ڕادەیەك ئەم بۆشاییە پڕدەكاتەوە. بەڵام ئەمەش وەك دزەیی روونیكردەوە پێویستی بەكات هەیە.

قەرزی نێودەوڵەتی 

وتەبێژی حكومەت روونیكردەوە، پرسی قەرزی نێودەوڵەتی بریتیە لەخستنەڕووی (سەنەد) بەناوی هەرێمی كوردستان لەبازاڕەكانی جیهان، بۆ ئەم مەبەستەش وەك وتەبێژ رایگەیاند جێگری سەرۆك وەزیران ووەزیری دارایی وژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم لە لەندەن چەندین گفتوگۆیان لەمبارەیەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە دامودەزگای نێودەوڵەتی ئەنجامداوە بۆ خستنەڕووی سەنەدی بانكی بەناوی هەرێم. لەم بارەیە گوتی "ئەم پرۆسەیە لەڕووی ئابوری وسیاسیەوە گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە چونكە دەبێتە هۆی پتەوبوونی پێگە وجێگەی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان ومتمانە بەبازاڕی كوردستان وحكومەتی هەرێم زیاتر دەكات ودەبێتە رێخۆشكەر بۆ سەربەخۆیی ئابووری".

لەبارەی ناڕەزایی هەندێك لایەنی سیاسیشەوە لەبارەی یاسای قەرزی نێودەوڵەتی، دزەیی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەرچی ئەم یاسایە چەند لایەنێكی سیاسی بەهەر بیانویێكەوە بێت دەنگیان لەسەر نەدا بەڵام دەرباز بوو وئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیەكی یاسایی هەیە بۆ ئەم مەبەستە وئاماژەی بەوەشدا لەدوایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دوای گەڕانەوەی شاندی حكومی كە چووبوونە لەندەن، ئەم پرسە بە شێوەیەكی شەفاف خرایە بەردەم وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

روونیشیكردەوە بەپێی ماددەی پێنجەم وشەشەمی یاساكە، پێویستە لیژنەیەك دروست ببێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنی دارایی نێودەوڵەتی ودوای گفتوگۆكانی ئەم لیژنەیەش، بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی دەدرێت وهیواشی خواست بەزووترین كات بێت. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە مەرج نیە هەموو ئەو پێنج ملیارەی یاسا رێگەی بەهەرێم داوە بۆ وەرگرتنی بەیەكجار وەربگیرێت بەڵكو رەنگە رێژەیەكی كەم وەكو یەكەمین هەنگاو وەربگیرێت وهەنگاو بە هەنگاو بڕەكە زیاتر بكرێت وئەو پارەیەی كە وەردەگیرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەیە كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراون.

گرفتی بەنزین

سەفین دزەیی رەتیكردەوە ئەمڕۆ شتێك هەبێت بەناوی قەیرانی بەنزین چونكە كێشەكە وا نەبوو كە گەورە كرا وهۆكارەكەیشی تەكنیكی بوو هەروەها گوتی "قەبارەی بەرهەمهێنانی هەردوو پاڵاوگەی بازیان وكەورگۆسك نزیكەی سێ ملیۆن و 200 لیترە وهەرێمی كوردستانیش پێویستی بە نزیكەی شەش ملیۆن لیتر هەیە رۆژانە بۆیە پێویستی دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان چ راستەوخۆ یانیش لەڕێی كۆمپانیاكان بۆشاییەكە پڕبكاتەوە وبەنرخی بازاڕ بیكڕێت وبەنرخی پاڵپشتی بیفرۆشێتە خەڵك، ئەمەش بارگرانیە لەسەر حكومەت بەڵام ئەركی خۆیەتی ودەبێ بیكات".

ئاماژەی بەوەشدا جاری وا هەیە ئەم بەنزینە لەتوركیا دێت وجاری واش لە ئاسیای ناوەڕاست وبەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی بەهۆی دواكەوتنی هاتنی ئەم بەنزینە لەئیماراتەوە بۆ توركیا وایكرد لەهەندێك شوێن سڕەگرتن بۆ بەنزین زیاتر بێت. هاوكات روونیشیكردەوە کە مەترسی دروستبوونی قەیران دەبێتە هۆی داواكردنی بڕێكی زیاتر لە بەنزین وهەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، هەروەها هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی تیادایە ولەوەرزی هاویندا بەشێكی زۆری شوفێران ئەگەر هەموویان نەبن ساردكەرەوەی ئۆتۆمبێل كار پێدەكەن ورێژەیەكی زۆری بەنزین سەرف دەكرێت.

توركیا رێگر نەبووە

وتەبێژی فەرمی حكومەت هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە گوایە توركیا لە گەیشتنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان رێگر بووبێت بەڵكو وەك رایگەیاند توركیا ئاسانكاری زۆری لەبواری ئابوری وبازرگانی ووەبرهێنانی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە، بەبەڵگەی ئەوەی ئێستا قەبارەی بازرگانی ووەبەرهێنان لەنێوان عیراق وتوركیا نزیكەی 10 ملیار دۆلارە كە حەفت تا هەشت ملیاری بۆ هەرێمی كوردستانە. توركیا زۆر سوودی لەهەرێمی كوردستان وەرگرتووە وهیچ رێگریەك ناكات.

هەروەها گوتی "دوای هەڵبژاردن، سەردانی توركیام كرد ولەگەڵ چەند لایەنێكی حكومی وسیاسیش كۆبوومەوە، هەموو لایەنەكان پاڵپشتیان لە پەیوەندی باشی سیاسی وئابورین لەگەڵ هەرێمی كوردستان وحكومەتی ئیئتیلافیش دروست ببێت ئەوا لەسەر هەمان رێگە دەڕۆن چونكە یاسا وپلانی حكومەت كاری پێدەكرێت نەوەكو كەسێك یان لایەنێك".

شكاندنی بنەمای سازان

سەفین دزەیی نیگەرانی خۆی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌، هه‌روه‌ك خۆی وه‌سفیكرد، شكاندی بنەمای سازان كه‌ له‌ 23ی حوزه‌یرانی رابردوو لەپەرلەمانی كوردستان روویدا. رایگه‌یاند كه‌ لەگەڵ باوەڕیبوون بەدیموكراسی وهەڵبژاردن، سازان گرنگترین بنەمایە كە پێویستە لەبابەتە چارەنووسسازەكان كاری لەسەر بكرێت وگوتی "بۆ هەر یاسایەك كە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت پێویستە بنەمای سازان رەچاو بكرێت. بەڵام ئەوەی لەپەرلەمان كرا بەهیچ شێوەیەك رەچاوی ئەم پرسەی نەكرد. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەم پرسە كاری نەكردۆتە سەر كار وئەدای حكومەتی هەرێم بەڵكو حكومەت بەیەك تیم لەسەر یەك كارنامە كاردەكات وسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی زۆری بەجێگری سەرۆك وەزیران ووەزیرەكان داوە وبەڕێزیان لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش نیگەرانی خۆی لەمبارەیەوە بەڕاشكاوی نیشاندابوو وئاماژەی بەوە دابوو كە ئەوەی روویدا بنەما سازانی هەژاند، بەڵام نابێ ئەم كارە كاریگەری بەسەر ئەدای حكومەت هەبێت بەڵكو دەبێ كاری زیاتر بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو خەڵك بكرێت بەروحیەتی یەك تیم".

دووپاتیشیكردەوە سەرۆك وەزیران هەمیشە جەخت لەسەر ریفۆرم بۆ كار وكارنامەی حكومەت دەكات بەبێ هەبوونی گیانی تۆڵە سەندنەوە لەدژی حزب ولایەنەكی دیكە. وتیشی، سەرۆك وەزیران بەوردی ئاگاداری كاری هەموو وەزارەتەكانە وهەبوونی گلەیی وگازاندەی خەڵكیشی بە شتێكی ئاسایی زانی لەم بارودۆخەدا ودووپاتیكردەوە، ئەركی حكومەتە گرفتی خەڵك چارەسەر بكات.

حكومەت چی لەهەگبەدایە بۆ كەركووك؟

لەمبارەیەوە سەفین دزەیی گوتی "لەساڵی 2003ـەوە تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەزۆر بواری جیاجیادا خزمەتی زۆری بەكەركووك گەیاندووە بەتایبەتی لەڕووی تەندروستی وپەروەردە ووزەشەوە ئەمە جگە لەهەڵگرتنی بەرپرسارێتی ئاسایشی كەركووك. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە ئەگەر بەغدا بەدابینكردنی بودجەی كەركووك پابەند نەبوو ئەوا نەوتی كەركووكیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەفرۆشرێت وهەرێمی كوردستانیش بودجەی ئەم شارە وپارەی پیترۆدۆلاریش بۆ كەركووك دابین دەكات وگفتوگۆ لەگەڵ پارێزگاری كەركووك وئەنجومەنی پارێزگا بەردەوامن وهیواخوازین حكومەتی بەغداش بەكردەوەكانی خۆیدا بچێتەوە ومووچەی هەرێمی كوردستان وكەركووكیش دابین بكات نەوەكو لێیان ببڕێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە موچەی شارەكانی ژێر دەستی داعش دابیندەکات."

ئیمارات هەڵمەتێك بۆ یارمەتیدانی ئاوارە وپەنابەرانی نێو هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات

دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، دەستی بە هەڵمەتێكی سەرتاسەری بۆ ئاوارە وپەنابەرانی نێو هەرێمی كوردستان کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی وكەلوپەلی تەندروستی بۆیان، کە نزیكەی یەك ملیۆن كەس پێی سوودمەند دەبن.

راشد مەنسووری، كونسوڵی ئیمارات لە هەولێر، لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی، بەپێی رێنماییەكانی سەرۆك  و‌‌حکومەتی دەوڵەتی ئیمارات ولەڕێگەی دەزگای خەلیفە بن زاید ئال نهەیان بەهاوكاری دەزگای خێر خوازی بارزانی وبەسەرپەرشتی مانگی سووری ئیماراتی ئەم هەڵمەتە وەكو دیاری مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد وتا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت وهەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

رونیشیكردەوە، ئەوان دوو شێوە دابەشكردنیان هەیە بۆ یارمەتیە مرۆییەكان، بەشێكیان هەفتانەن کە بەشێوەیەكی بەردەوامە وپرۆسەكە چەسپاوە بۆ ئەوانەی لێی سوودمەندن، بەشەكەی دیكەیشی بۆ خانەوادە هەژارەكانی دەرەوەی كامپەكانە وئەو كەلوپەلانەی خۆراك كە پێیان دەدرێت بەشی دوو هەفتەیان دەكات ئەمە جگە لە دابینكردنی پێداویستی ئافرەت ومنداڵ وئاوی پاك بۆ خواردنەوە.

راشد مەنسووری ئاماژەی بەوەدا بەپێی ئەو پلانەی بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی داندراوە، دوای هەولێر بەرەو دهۆك وئاكرێ وپاشانیش بۆ سلێمانی دەڕۆن بەهەموو شار وشارۆچكەكانیانەوە. وتیشی کە تا ئێستا زیاتر لە 250 هەزار كەس لەم هەڵمەتە سوودیان وەرگرتووە.

ئەوەشی خستەڕوو كە ناونووسكردن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە پێشكەشكردنی دەرمان وهاتنی تیمی پزیشكی وتەندروستی وئەنجامدانی نەشتەرگەریش بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی لەئارادایە.

 

 

لەدوایین چالاكی مانگی سووری ئیماراتیش، بەهاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی وبەسەرپەرشتی كونسوڵگەری دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لە هەولێر هەڵمەتێكی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارە عەرەبەكانی نێو هەرێمی كوردستان دەستپێكرد كە سەرتاسەری شارەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە ولەنێو كامپەكانی هەولێر دەستی پێكرد وبۆ دەوروبەری بەردەوام بوو.

لە 27ی حوزەیران، بەشێكی ئەم هاوكاریانە گەیەندرایە نزیكەی 1200 خانەوادەی ئاوارەبوو كە بە پلەیەك خەڵكی ناوچەكانی تەل شەعیر وتەلڕیم وگەیارەن. ئەمە جگە لە چەند خانەوادەیەكی كوردی ناوچەكانی دەورووبەری مەخموور كە تا ئێستا بەهۆی هاوسنووریان لەگەڵ بەرەكانی شەڕدا نەگەڕاونەتە شوێن وناوچەكانیان وبەگشتی ژمارەی خانەوادە ئاوارەبووەكان لەنێوان 1000 تا 1200 دایە.

راشد مەنسووری ئاماژەی بەوەشدا کە دەزگای خێرخوازی بارزانی كە هاوبەشێكی ستراتیژی مانگی سووری ئیماراتیە، لەم ماوەیەدا توانی لیستی تایبەت بەناوی خانەوادەكان ئامادە بكات وپۆلێنیان بكات وبەپێی لیستەكانی ئەوان ئەم كارە كرا.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا ولەرۆژی 3ی تەموزی ئەمسال، بەهەماهەنگی نێوان كونسوڵگەری ئیمارات لە هەولێر ودەزگای خێرخوازی بارزانی، رێكخراوی مانگی سوری ئیماراتی یارمەتی مرۆیی كە لەچەند مادەیەكی خۆراك وچەند كەلوپەلێكی تەندروستی پێكهاتبوو گەیاندە ئاوارەكانی كامپی بەحركە وپەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە كامپی كەورگۆسك.

لەهەردوو كامپدا، نزیكەی 3000 خانەوادە لەم یارمەتیانە سوود مەندبوون، وبەپێی پلانی داهاتووشدا،ئاوارە وپەنابەرانی هەردوو پارێزگای دهۆك وسلێمانی لەم یارمەتیە مرۆییانە سوودمەند دەبن.

سودان باڵیۆزێك وەك كونسڵی گشتیی وڵاتەكەی لە هەولێر دیاری دەكات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان محەمەد عومەر باڵیۆزی سودان لە عێراق و باڵیۆز یاسین عەوەز كونسڵی گشتیی سودان لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی سودان لە عێراق دڵخۆشیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و سەرسامی خۆی بەرامبەر پێشوەچوونەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا خستە ڕوو، جەختی لەوەش كردەوە كە سودان گرنگییەكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات بە شێوەیەك باڵیۆزێكی وڵاتەكەی لە كونسڵخانەی خۆی لە هەولێر دادەنێت. ئامادەیی وڵاتەكەیشی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا پیشاندا.

هەروەها نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر شەهید بوونە و هاوكاریی هەموولایەكیشی بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییە دووپات كردەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە سەرەڕای ئەو بارقورسییەی لەسەر هەرێمی كوردستانە، بەڵام خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین كردوون كە ئەمەش جێگەی ڕێز و پێزانینە.

كونسڵی گشتیی سودانیش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە هەرێمی كوردستان دەست بەكار دەكات و دووپاتی كردەوە كە هەوڵی جددی دەدات نزیكبوونەوە لەنێوان هەردوو گەلی كوردستان و سودان دروست بكات و بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم بۆئەوەی باشتر ئەركەكانی جێبەجێ بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی سودانی كرد كە بە پلەی باڵیۆز كونسڵی گشتیی خۆی لە هەولێر دیاریكردووە و ئەمەش گرنگیدانی سودان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسڵی گشتیی سودان لە هەرێمی كوردستان و زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان خواست و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر هاوكاری و ئاسانكارییەك پیشاندا.

هەروەها كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دیكەی جیهان پێشكەشكرد و خواستی هەرێمی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان لە هەموو بوارەكاندا خستە ڕوو. سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش ئاماژەی بەو دا كە حكوومەتی هەرێم خوازیارە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام تا ئێستا بەغدا پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبووە كە لەنێوان هەردوولادا هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دکتۆر ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش زووتر تێكبشكێندرێن. لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەکان بن.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی ته‌قینه‌وه‌كان و هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كوبانی ئیدانه‌ ده‌كات

به‌داخه‌وه‌ جارێكی تر تیرۆرستان و تاریكپه‌رستان هێرشیان كرده‌وه‌ سه‌ كوبانێی خۆڕاگر و به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك هاووڵاتیان شه‌هید و بریندار كرد، لێره‌وه‌ له‌پاڵ ئیدانه‌كردنی ئه‌م كاره‌ تیرۆرستیه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ئه‌م هێرش و ته‌قینه‌وانه‌ ده‌كه‌م و هیوای هه‌رچی زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازم.


ئاشكرایه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا نه‌به‌ردی و خۆڕاگرییه‌كانی كوبانی بووه‌ ره‌مزی به‌رخودان و به‌رگری و هه‌موو دنیای سه‌رسامكردو بۆ دنیای سه‌لماند كه‌ گه‌لی كورد چه‌نده‌ خۆڕاگره‌و چۆك نادات بۆ هیچ هێزێكی داگیركه‌ر، بۆیه‌شه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یڵێم كۆبانێ زۆر به‌هێزترو خۆڕاگرتره‌ له‌وه‌ی هێرشی ئاوا چۆكی پێ دابنێ و بیخات، كۆبانێ وه‌ك هه‌میشه‌ قه‌ڵای سه‌ربه‌رزی كوردانه‌ و ناكه‌وێ‌.

هاوكاتی شه‌هیدبوون و برینداربوونی ئه‌م هه‌موو هاووڵاتیه‌ سڤیل و ژن و منداڵه‌و له‌پاڵ دروود ناردن بۆ گیانی پاكیان، به‌ پێویستی ده‌زانم داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌م تا هه‌رچی زووه‌ هاوكاری مرۆیی و ته‌ندروستی بگه‌یه‌ننه‌ خه‌ڵكی كۆبانێ و هاوكارییان بكه‌ن.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

 

 

 

پەڕەى 125 لەکۆى 205 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی