لە لەندەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى حکومەت لەگەڵ دێسمۆند سوەین وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا کۆبۆوە.

لەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە سڵاوو رێزى گەل و حکومەتى هەرێمى پێشکەش بە حکومەتی بەریتانیا کرد بۆ ئەو هاریکاری و پشتگیرییەی کە لە گەلى کوردستانى دەکەن. لە هەمان کاتیشدا داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد کە ڕێژەی ئەو هاریکاریە زیاتر بکات و لە ڕێگای پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ووڵاتانی جیهانییەوە هانی ئەو لایەنانە بدات بۆ ئەوەی هاریکاری مرۆیی زیاتر پێشکەش بە پەنبەران لە هەرێم بکەن.

فەلاح مستەفا هەروەها ووتی: " کوردستان ئێستا بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت ئەویش بەهۆی شەڕی گرووپی تیرۆریستی داعش و نەناردنی بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە. بوونی نزیکەى ٢ ملیۆن پەنابەرى سورى و ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێم بارگرانیەکی یەکجار گەورەی خستۆتە سەر شانی حکومەتی هەرێم. لەو بارودۆخەشدا پێویستیمان بە هاریکاری هەموو لایەك بە گشتی و ووڵاتی بەریتانیادا بە تایبەتی هەیە."

لە لایەکی ترەوە فەلاح مستەفا وێڕای باسکردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمى کوردستان و عیراق گووتى کۆبوونەوەو هەوڵەکانمان بەردەوامە لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ بە یارمەتى دۆستانمان بۆ ئەوەى حکومەتى فیدڕاڵ پابەند بێت بە چارەسەرکردنى پرسى بودجەو رەوانەکردنى مووچەى فەرمانبەران و چارەسەرکردنى پرسەهەڵواسراوەکانى دیکە. هاوکات بەڕێزیان پابەندبوونی حکومەتی هەرێمیشی بەو ڕێککەوتنە دووپات کردەوە کە بەم دواییە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا واژووی کردووە، لە هەمانکاتیشدا داوای کرد حکومەتی بەغداش پابەند بێت بە لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە و بەشە بودجەو و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بودجەی پێشمەرگە ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی هەرێمیش بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئاستەنگانە ببێتەوە. ئاماژی بەوەشدا کە بەغدا تا ئێستا وەك پێویست هاریکاری ئەو هەموو پەنابەرەی هەرێمی نەکردووە و خۆی لەو بابەتە دوورە پەرێز گرتووە.

وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا جارێکی تر هەڵوێستی ووڵاتەکەی لە بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاریکاری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێم دووپات کردەوە و باسی ئەوەی کرد کە پێویستە بە یەکەوە لەگەڵ هەرێم پلانێکی تۆکمە دابنێن بەمەبەستی چۆنیەتی کارکردن و هاریکاریکردنی پەنابەران لە هەرێم.
لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا هیواى خواست وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا و کاربەدەستانی وەزارەتەکە سەردانی هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخەکە بە چاوی خۆیان ببینن و بە یەکەوە ڕێگە چارە و پلان بۆ کارەکانی داهاتوو دابنێن.
 

 

 

 

 

له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ووڵاتی به‌ریتانیا فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ چاوی که‌وت به‌ تۆبایه‌س ئێڵوود وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ حکومه‌تی ئه‌و ووڵاته‌. له‌دانیشتنەکە‌دا باس له‌ ڕه‌وشی ئێستای کوردستان و عیراق و هه‌ڕه‌شه‌کانی تیرۆریستانی داعش کرا.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی به سه‌رکه‌وتنه‌کانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا و ووتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌ به‌رده‌وام کاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ تواناکانمان به‌ یه‌که‌وه‌ بخه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ له‌ناو ببه‌ین. ووتیشی: " ده‌بێت ئامانجی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ناوبردنی داعش بێت، نه‌وه‌ك له‌ خۆگرتن و لاوازکردنی، چونکه‌ ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریسیه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان. ئه‌گه‌ر له‌ناو نه‌بردرێت ئه‌وا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ته‌شه‌نه‌ی زیاتر ده‌کات و هه‌ڕه‌شه‌که‌شی له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ و جیهاندا زیاتر ده‌بێت."

وتیشی: "بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ بپێکین، پێویسته‌ چه‌کی قورسی زیاتر بدرێته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و ڕاهێنانی زیاتری بۆ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زه‌بری کوشنده‌تر له‌و تیرۆریستانه‌ بدات." ده‌رباره‌ی ئازادکردنی موسڵیش، به‌رپرسی  په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت ڕۆڵی به‌رچاو ببینێت له‌و پڕۆسه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت لایه‌نی عیراقی و بە تایبەتیش پێکهاتەی سوننە ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بێت و ئاماده‌باشی زیاتریشی بۆ بکرێت.

فه‌لاح مسته‌فا هه‌روه‌ها ووتی که‌ داعش ته‌نها به‌ شه‌ڕ له‌ناو نابردرێت، به‌ڵکو ده‌بێت سه‌رچاوه‌ دارایی و ئابووری و ئایدیۆلۆژیاکه‌شی ڕابگیردرێت. هه‌روه‌ها ووتی ده‌بێت حکومه‌تی عیراقی کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکات که‌ پێکهاتەی سووننه پشتگوێ نه‌خرێن و ڕۆڵی خۆیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عیراقدا هه‌بێت. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ جارێکی تر نیگەرانی حکومه‌ت و گه‌لی کوردستانی له‌سه‌ر بەشدارینەکردنی کورد لە کۆنفڕانسه‌که‌ی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داعش که‌ له‌ له‌نده‌ن له‌م دواییانه‌دا به‌سترا دووپات کرده‌وه‌. ووتیشی که‌ پێویسته‌ ڕۆڵی سه‌رکردایه‌تی کورد و پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش و گۆڕینی هاوکێشه‌کان له‌به‌رچاو بگیردرێت، چونکه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌ توانیویه‌تی شکست به‌و تیرۆریستانه‌ بێنێت و هێزه‌کانیان لاواز بکات.

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، فه‌لاح مسته‌فا ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پابه‌ندبوون به‌و ڕێککه‌وتننه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌م دواییانه‌ واژووی کردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا پێویسته‌ به‌غدا پابه‌ند بێت به‌ ڕێککەتن و به‌ڵێنه‌کان به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی دابینکردنی بودجەی هەرێم و مووچه‌ی هاووڵاتیان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌. هه‌روه‌ها ووتی: " به‌غدا وەکو پێویست هاریکاریمان ناکات له‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش. پێویسته‌ بەغدا مافی خۆمان له‌ بودجه‌ ڕه‌وانه‌ بکات و له‌ ڕووی سه‌ربازیشدا هاریکاری زیاترمان بکات."

هه‌ر له کۆبوونه‌وه‌که‌دا فه‌لاح مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ پێویستە بەریتانیا سیاسەتێکی واقیحبینانە پەیڕەو بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای عیراق. داوای هاریکاری زیاتری سه‌ربازی و مرۆییشی له‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا کرد و ووتی که‌ له‌ کوردستان 2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەر هەیە. ووتیشی ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌یه‌ پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی یه‌کجار زۆری خستۆته‌ سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ووتیشی له‌گه‌ڵ سوپاسمان بۆ ئه‌و هاوکاریانه‌ی که‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا پێشکه‌شی کردوون، داوای یارمه‌تی زیاتر ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وام بین له‌ دابینکردنی پێداویستیه‌کانی ڕۆژانه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ش تۆبایه‌س ئێڵوود وه‌زیری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ حکومه‌تی به‌ریتانیا ستایشی قاره‌مانییه‌تی و ڕۆڵی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی کرد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و شکستهێنان به‌و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌. ووتیشی که‌ هه‌موو جیهان شانازی به‌و ڕۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌کات، بۆیه‌ش له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ هاریکاری پێشکه‌ش ده‌کرێت. له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ ووڵاته‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشکه‌شکردنی هاریکاری و یارمه‌تی سه‌ربازی بۆ له‌ناوبردنی داعش. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ووڵاته‌که‌ی له‌ ڕێگای باڵیۆزخانه‌که‌یان له‌ به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بە تایبەتیش لە بواری پێشکەشکردنی هاریکاری زیاتر و یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەی هەرێم. ‌

لە هۆلی شەهید سەعد عەبدوللا، بەمەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە نێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن، مێزگردێک  لەبارەی هەماهەنگی لەنێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لەو مێزگردەدا کە کۆنسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێرو ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم و کەسایەتی و دیپلۆمات و نوێنەرانی کەرتی تایبەتی کوردستان و بیانی یەکان، ئامادەبوون، باس لە پەیوەندی دامودەزگا کارگێرییەکانی لەندەن و ناساندن و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان هەردوولا کراو، هەروەها باس لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاندانی کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاری خوێندن و پەروەردەو دارایی و کولتوری و رۆشنبیری.

 

لەبەشێکی دیكەی مێزگردەکەدا، شارەداری لەندەن باسی لەشەرانگێزییەکانی تیرۆریستان کرد ودووپاتیكردەوە ئەوان شانبەشانی هەرێم لەشەڕدان لەدژی ئەم تیرۆریستانە.

هاوكات باسی لەو پێشکەوتنانەش کرد کە هەرێمی کوردستان لەدوای گۆڕانگارییەکانی رژێمی پێشووی بەغدا لە ساڵی 2003، توانیوویەتی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بەدەست بهێنێت.

هەر لەو مێزگردەدا، قوباد تاڵەبانی ، سوپاسگوزاری خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن و حکومەتی بەریتانیا بەگشتی گەیاند و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان دەربڕی.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە چاوی كەوت بە بارۆنێس ئێما نیكلسن نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری بازرگانی و سەرۆكی دامەزراوەی ئەمماری خێرخوازی نێودەوڵەتی.

لەسەرەتایی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆیی هەرێمی كوردستان  و ناوچەكە و ئاوارە ناوخۆیی و پەنابەران كرا و تیشك خرایە سەر پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و كارە تیرۆریستیەكانی ڕێكخراوی داعش كە بەرامبەر خەلكی سیڤیل ئەنجامی دەدەن.

هەروەها ئاماژەكرا بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕووی بایەخ دان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابین كردنی پێداویستیەكانی ئاوارەكان و كاركردن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان.

لە دیدارەكەدا بارۆنێس ئێما نیكلسن باسی لە چالاكیەكانی دامەزراوەكەیان كرد لە هەرێمی كوردستان كە كاردەكەن لەسەر هاوكاری كردنی  ئاوارەكانی ناوخۆ كە ڕوویان لە هەرێم كردووە بە تایبەتی لە بوارەكانی تەندروستی و خوێندن. بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا لە قۆناغی كۆتایی دروستكردنی سەنتەرێكی تەندروستین لە كەمپی خانكێ‌ لە شاری دهۆك و جگە لەو كارانەی كە لە ناوچەكانی تری خوارووی عێراق ئەنجامیانداوە و نیازی ئەنجامدانی بەرنامەی خوێندنی خێران بۆ ئاوارەكان و هەوڵدەدەن سوود لەو مامۆستایانە وەربگرن كە دانیشتووی كەمپەكانن كە ئەمەش دەبێتە ڕەخساندنی دەرفەتی كار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەكان. هەروەها هەوڵدەدەن كە ژمارەیەك كەل و پەلی زستانە بۆ ئاوارەكان دابین كردووە.

 

بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر تەوەرێكی تر دیدارەكە بوو.

 

باڕۆنس ئێما نیكلسن دڵگرانی خۆی خستەڕوو بەرامبەر كارە قێزەونەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش ئەویش كرداری جینۆسایدە بەرامبەر بە كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر و لە نزیكەوە كاردەكات لەسەر پێشكەش كردنی هاوكاری بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 

لە بەرامبەردا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێڕای بەخێرهێنانی بارۆنێس ئیما نیكلسن و شاندی یاوەری دەست خۆشی كرد لەو كاروچالاكیانەی كە ئەنجامیانداوە كە لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی و كەمكردنەوەی ئێش و مەینەتی ئاوارەكان كردووە و داوایكرد كە بتوانن كار و چالاكیەكانیان فراوانتربكەن كە زۆربەی دانیشتوانی كەمپەكان سوود لە خزمەتگوزاریەكانی دامەزراوەكەیان وەربگرن بە تایبەتی كە ئێستا بەرەو وەرزی زستان نزیك دەبینەوە.

 

سەبارەت بە پرسی بەجینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزیدی، فەلاح مستەفا داوای لە بارۆنێس ئێما نیكلسن كرد كە بەپێی ئەزموون و شارەزایی خۆی پشتگیری بكات لە كەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزیدی.

 

 

 

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13/9/2014 بەڕێز فلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە یاوەری شاندێكی باڵا لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن بەڕێزان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆو فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا پێشوازیان لێكرا.

بڕیارە فلیپ هامۆند لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەورە بەرپرسانی هەرێم كۆببێتەوە.

 

 

 

 

بەمەبەستى کاراکردنى هاوکارى و هەماهەنگییەکان، ئەمرۆ جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، قوباد تاڵەبانى لە شارى هەولێر، پێشوازى لە وەفدێکى باڵاى بەریتانیا کرد.

 

بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونى هاوکارى و یارمەتییە مرۆییەکانى بەریتانیا و چۆنێتى کاراکردن و بەتەنگەوەهاتنەکانى هەرێمى کوردستان و ئاوارەو پەناهەندەکان کە بەهۆى شەرو پەلامارەکانى دەوڵەتى تیرۆریستى (داعش) دروست بوون، قوباد تاڵەبانى پێشوازى لە وەفدێکى باڵاى بەریتانیا کرد کە پێکهاتبوو لە جەستین گرینیک وەزیرى پەرەپێدانى نێودەوڵەتى و تۆبایس ئێک وود وەزیرى کاروبارى رۆژهەلاتى ناوەراست.

 

لە دانیشتنێکدا باس لە کێشەو ئاستەنگییە پەروەردەیى و تەندروستى و مرۆییەکان کرا، کە رووبەرووى هەرێمى کوردستان و ئاوارەو پەناهەندەکان بوونەتەوە. وەفدى میوان رایگەیاند بەریتانیا هاوکارییە مرۆییەکان زیاد دەکات و راستەوخۆ لەگەل رێکخراوە حکومى و ناحکومییەکانى هەرێمى کوردستان هەماهەنگى دەکات. هەروەها هەوڵ دەدەن لەگەل نەتەوە یەکگرتووەکان کارەکان چالاکتر بکەن. 

 

پاشان جێگرى سەرۆک وەزیران  ووتى:  ئێمە وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان سەربارى گرفتە داراییەکان بەڵام توانیومانە فریاى ئاوارەو پەنابەرەکان بکەوین کە ئێستا لەهەرێمى کوردستاندان. هەروەها ووتى نابێت داعش هیچ پێگەیەکى لە عیراقدا بمێنێت و داواى کرد هەماهەنگى زیاتر لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا هەبێت، هەم لە رووبەرووبوونەوەى تیرۆریستان و هەم لە گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەرێمى کوردستان، کە دەکرێت بەغدا زیاتر رۆلى خۆی ببینێت.

 

لەم دانیشتنەدا کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆ و د.على سندى وەزیرى پلاندانان و د. رێکەوت حمە رەشید وەزیرى تەندروستى و  فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا، تیاییدا ئامادەبوون.

 

 

 

 

د.یوسف محمد سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: هیوادارین حکومەتی بەریتانیا، هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، لە بواری سەربازی و مرۆیی و خزمەتگوزارییدا، بەتایبەتیش فریاکەوتنی خێرا بۆ ئاوارەکان دابین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان لەماوەی ڕابردوودا نوێنەر و کونسوڵگەریی وڵاتانی لە کارەساتی ژیانی ئاوارەکان ئاگادارکردووەتەوە.

ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان لەمیانی پێشوازیکردن بوو لە (ئەنکس مەکی) کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان. کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە ١٨ ئاب سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆکی پەرلەمان تیشکێکی خێرای خستە سەر ڕەوشی ژیانی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارەکانی ناوچەکانی گەرمیان بە تایبەتی، کە دوێنێ لە سەردانێکی مەیدانیدا ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئیداریی ئەو ناوچەیەی بەسەر کردەوە.
لە بارەی ژیانی ئاوارەکانەوە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئاوارەکان لە ناوچەکانی گەرمیان لە ژیانێکی خراپدان، هیوادارین حکومەتی بەریتانیا لەڕووی خزمەتگووزاری و هاوکاریی مرۆییەوە هاوکاریمان بکات بۆ کردنەوەی کەمپی تایبەت بۆ ئەو ئاوارانە.
لەبارەی ڕەوشی ژیانی پێشمەرگەشە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "پێشمەرگەی کوردستان  ئێستا پارێزەری ماڵ و خاکی کوردستانن، بۆیە یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ حکومەتی هەرێم  باشکردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگەیە، داواکارین بەریتانیاش لەڕووی سەربازی و لۆجستییەوە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات.
لەبەرامبەردا، (ئەنکس مەکی) کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە لەبارەی پێشمەرگەو ئاوارەکانەوە، چالاکی و بەدواداچوونەکانی پەرلەمانی کوردستانی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دوایەی کوردستان بەرز نرخاند، لەبارەی هەڵوێستی فەرمی حکومەتی بەریتانیاش لەوبارەیەوە، ئەنکس مەکی وتی " بەریتانیا لەخۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات، بارودۆخی ئاوارەکانیش بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە و هیوادارین نزیکبوونەوەو هاوکاری حکومەتی هەرێم و ناوەند کۆتایی بێنێت بە ڕەوشی ژیانی ئاوارەکانی کوردستان.

 

 

 

 

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز "ڕۆڕی ستیوارت" سەرۆكی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كه‌ له‌سه‌ر داواى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه.


له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕگه‌ و به‌ره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى تیرۆرستى داعش و پێشڕه‌وییه‌كانى ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا خرانه‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وش و بارودۆخى ئه‌و سه‌دان هه‌زار ئاوارانه‌ى كوردى ئێزدیى شه‌نگال و مه‌سیحییه‌كانى مووسڵ و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى ده‌وروبه‌رى كه‌ له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى داعشدا ڕوویان له ‌ناوچه‌ ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ به‌هاناوه‌چوونى په‌نابه‌ران ته‌نیا به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناكرێت كه‌ ماوه‌یه‌ى حه‌وت مانگه‌ بودجه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌ بڕاوه‌ و حكوومه‌تى به‌غداش هاوكارییه‌كى واى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ هانایانه‌وه‌ بێت و له‌مڕووه‌وه‌ هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له‌ گرنگیى به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌وامیى ئه‌و پشتگیرییه‌ كرد تا بتوانێت ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستانى داعش ببێته‌وه‌ و مه‌ترسیى تیرۆر له‌ هه‌رێمى كوردستان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى دوور بخاته‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگیى دابینكردنى پاراستنێكى ئاسمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كوردانى ئێزدى و مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌به‌ك و توركمانى ناوچه‌كه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ئامانجى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى داعش.

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا پرۆسه‌ى سیاسى و پێكهێنانى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى عیراق تاوتوێ كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كێشه‌كانى عیراق به‌ر له‌ ڕێكاره‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كان، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پێویستى به‌ چاره‌سه‌رى سیاسى هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌مووان له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ عیراقى به‌ر له‌ كه‌وتنى مووسڵ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك عیراقى دواى ئه‌وه‌ نیه و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تێكى عیراقیى وا پێك بێت كه‌ بتوانێت كۆكه‌ره‌وه‌ و ده‌ربڕى خواست و ما‌فه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى عیراق بێت و سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى حكوومه‌تى پێش خۆى وه‌ربگرێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی