نازم دەباغ: میوانانی هەرێمی کوردستان نابێت ببنە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی خانەخێویان

ڕۆژنامەی ئیعتماد: شەهاب شهسواری ـ هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژێر تۆپبارانی هێزە سەربازییەکانی ئێراندابوو. هێشتا کاری تاران لەگەڵ گرووپە چەکدارییە ئێرانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێین، کۆتایی نەهاتووە، تورکیاش عەمەلیاتی نوێی لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێین دەستپێکردۆتەوە. بە پێی زانیارییەکان کە دوو ڕۆژ پێش ئاژانسی "تەسنیم" بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، عەمەلیاتی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام وشیاریان بە بەرپرسانی هەرێم داوە کە ئەگەر پێشی شەڕەنگێزی گرووپەکانی "خوازیاری دابەشکردن و دژی ئێران" نەگرن، عەمەلیات دیسانەوە دەست پێدەکاتەوە.

هێزی زەوینی سپای پاسداڕانی شۆڕشی ئێران لە 24ی سێپتەمبەری 2022 بۆ ماوەی دوو هەفتە بە شێوەی بەربڵاو بنکەکانی هەندێک لە گرووپە چەکدارییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستانیان بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکە بالستیەکییەکان، درۆن و هەروەها تۆپخانە کردە مەبەستی هێرشەکانی خۆیان. بە پێی نووسراوەکەی ئاژانسی "تەسنیم" ئەم عەمەلیاتە لە ڕۆژی شەمە ڕاگیراوە. ئاژانسی "تەسنیم" دەنووسێت: هێرشەکانی سپا دوای وێرانکردنی ئەو مەبەستانەی کە پێشتر دیاریکرابوون، درێژەی ئەوانیان پەیوەست کردووە بە کردەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق. "تەسنیم" ئەو ڕاگرتنەی بە "دەرفەتی سپا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم تیرۆریستانە" وەسف کردووە. هاوکات ڕۆژی شەمە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی بۆردوومانی هەوایی شاری العماریە لە پارێزگای دهۆک لە لایەن فڕۆکەکانی سپای تورکیایان ڕاگەیاند. رۆژی یەکشەوە "ئانادۆڵ" ئاژانسی فەرمی تورکیا لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاویکردەوە کە لانی کەم 6 کەس لە ئەندامانی دوو گرووپی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) و کۆما جڤاکی کوردستان (ک ج ک) لە عەمەلیاتی ڕێکخراوەی زانیاریی و ئەمنی قەومی تورکیا (میت) کوژراون. بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی "تەسنیم" لە عەمەلیاتەکانی دوو هەفتەی ئێران لە هەرێمی کوردستانیش لانی کەم 30 کەس کوژران و 200 کەسیش لە نێوان ئەندامانی گرووپە چاکدارییەکان برینداربوون.  

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، کە لەو بڕوایەدایە مەسەلەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی گرووپە کوردییە ئێرانییەکانی کە لە هەرێم نیشتەجێین، مەسەلەیەکی نوێی نییە و تا ئێستا چەندین جار ڕوویداوە، گوتی: "بابەتی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و مەسەلەی بۆردوومانی بنکەکانی ئەوان شتێکی نوێ نییە. مەسەلەی پەیوەست بەم بابەتە هەمیشە لە کۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم مەسەلەیە لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆندا باسکراوە".

ئەو لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا پەیامێک سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو گرووپانە بە دەستی هەولێر گەیشتووە، جەختی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایانەی کۆمیسیۆندا دیسانەوە ئەم مەسەلەیە خرایەڕوو و بەرپرسانی کونسوولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم ئاگاداری ڕەوتی دانووستانەکانن و پەیامیان ئاڵووگۆڕ کردووە کە بە چ شێوەیەک ئەم مەسەلانە ڕابگیرێت."     

دەباغ سەبارەت بە خانەخێوی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی هەڵسووکەوتی هەولێر لەگەڵ ئەم گرووپانە دەڵێت: "ئێمە خانەخێوی ئەم گرووپانە لە هەرێمین و ڕێز لە میوانەکانی خۆمان دەگرین، بەڵام ئەم ڕێزە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤە. هەندێک کەس یا هەندێک لە گرووپەکان لە باروودۆخەکاندا وتەکانی خۆیان دەخەنەڕوو یا کردەوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن کە دەبێتە هۆی هێرشی چەکداری و هەروەها لە ناوبردنی ئەمن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی. ئەم مەسەلەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان شیاوی پەسەند نییە. کاتێک کە کردوەی لەم چەشنە لە لایەن ئەم گرووپانەوە ئەنجام دەدرێت، ئیدی لە چوارچێوەی میوان دەچێتە دەرەوە. میوان دەبێت حورمەت و ڕێز لە خانەخێوەکەی بگرێت و نابێت ببێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و مایەی نیگەرانی." 

 

نیگەرانی هاوبەشی تاران و ئەنکاڕا

ئێران و تورکیا، هەر دووکیان سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپە چەکدارە کوردییەکان کە لە هەرێمی کوردستان چالاکی دەکەن و بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەم دوو وڵاتە دەخەنە مەترسییەوە، ناڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە. "نازم دەباغ" دەڵێت کە هەندێک لە کردەوە سەربازییەکانی ئێران لە خاکی هەرێم بە ڕێژەیەک لە تورکیا کەمترە. ئەم بەرپرسەی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی: "لە نێوان هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا لەگەڵ مەسەلەکان لە هەرێمی کوردستان جیاوازی ئەوتۆ هەیە. بەم دوایانە یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم شیکردەوە کە تا ئێستا لانی کەم 100 هێرشی بەربڵاوی سەربازی لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە تا ئەم کاتە کۆماری ئیسلامی ئێران 19 هێرشی سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە."

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەو بڕوایەدایە کە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەگەر بەغدا ئیرادەیەکی جیدی هەبێت دەتوانێت لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە یارمەتیدەر بێت و سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا بۆ ئەم مەسەلەیە ڕایگەیاند: "هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق زیاتر پڕۆپاگاندایە. ئەگەر بڕیاردان و ئیرادەی ئەوتۆ لە لایەن بەغداوە بوونی هەبێت و تارانیش بڕیارێکی کۆتایی بگرێت، هەرێمی کوردستان ئامادەی هاوکارییە بۆ دیاریکردنی دانانی سنوور بۆ چالاکی ئەم گرووپانە."   

 

لینکی چاوپێکەوتن: 

https://www.etemadnewspaper.ir/fa/main/detail/191567

Read کد خبر: 2776

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی