نازم دەباغ: دەبێت ڕێز لە یاسا و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بگیردرێت

روونکردنەوە : ئەم وتوووێژەی لە خوارەوە هاتووە سەرجەم بۆچوونەکانی نازم دەباغ ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانە  سەبارەت مەسەلەی تۆپبارانی ئەم دواییەی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان ، کە لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەش بەهەمان شێوە ئەنجامدراوە ، بەڵام هەندێک لە هەواڵدێرییەکان بۆ مەرامی سیاسی یان زاڵ بوونی روانگەی هەواڵدێرییەکە یان هۆکاری دیکە ، هەندێک لە بەشەکانیان قرتاندووە و روانگەی خۆیان خستۆتە سەر وتوووێژەکان. لەحاڵێکدا ئەمە وتەکانی نازم دەباغ نیه ، بەڵام هەندێک لایەن کاڵفامانانە ئەمە لێک ناکەنەوە .  هەر بۆیە ئەم وتووێژە بە دەنگ و بە تێکست بڵاو دەکەیەنەوە .


ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" 
KNN ـ پەیوەندییەکانی ئێران بە هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی ئێران لە چ قۆناغیکدایە؟ ئایا حکومەتی تاران سوورە لەسەر فشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ دەرکردن و سنووردانان بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان. لەم بارەیەوە ئەم گفتووگۆ تایبەتە لەگەڵ بەڕێز "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بڵاودەکەینەوە. 

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: سەرەتا لەم پرسیارەوە دەست پێبکەم، لە لێدوانەکەتدا بۆ ئاژانسی "ئیرنا" باست لەوە کردووە کە دەبێت هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بارگرانییەکانیان چۆڵ بکەن. ئایا ئەمە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە؟

نازم دەباغ: ئێمە گوتوومانە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان دەبێت چالاکییەکانیان ڕابگرن و ئەم قسەیەش تەنیا قسەی من نییە و بڕیاری ناو کۆبوونەوەی نێوان دوو لایەن بووە و هەروەها هەمووشی دووبارە و چەندبارە کراوەتەوە. ساڵی پار لەبیرمە شاندی تایبەتی هاوبەشی یەکێتی و پارتی سەردانی بارەکاگانی دیمۆکڕات و کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکەشیان کردووە. ئێمە هەنگاوی یەکممان لەسەر ئەوە بووە کە لە سنوورەکان چالاکی لێنەکرێت، هەر بەم هۆیەشەوە لە سەرەتادا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، تەنیا سنوورەکان تۆپباران کرا. لە دواییدا ئەم باروودۆخەی کە لە ئێستادا لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، دوای ئەوەی کە پەیامەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕین باسی لەسەرکرا؛ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پەیامانە لە لایەن ئەم لایەنە سیاسیانەی کە دراوە، گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پێویستە ئێوە سنوورێک بۆ ئەم چالاکیانە دابنێین نەک کەسانێک لە هەرێمی کوردستان بەرنامە و پلان دابنێین بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران. 

دیارە لەم چوارچێوەیەدا یەکەم شت باسی سنووردارکردنی چالاکییەکان کراوە و هەروەها باسی نەهێشتنی چالاکی و بارەگاکانیشیان کراوە لە سنوورەکان. دیارە ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت ڕێز لە یاسا و سەروەرییەکان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بگیردرێت و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی نێودەوڵەتی و پاراستنی مافی مرۆڤیش بۆ ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان پەنابەرن. بەڵام جگە لەم بەرنامە و سیاسەتە هەر جووڵانەوەیەک بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش بێت چ لە لایەن ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چ لە لایەن ئەو لایەنانەی کە لە ناو هەرێمی کوردستانن دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی. هەموو بابەتەکان لەم چوارچێوەیەدا بووە و بەداخەوە ناحەزان بۆ مەڕامی تایبەتی خۆیان، کەسانێک هەن ئەو قسانە دەقۆزنەوە و بە پێی خواست و ئارەزووی خۆیان داڕشتنەوەی بۆ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. 

ئەگەرنا ئێمە ئەو لایەنانەی کە لە هەرێمی کوردستانن، ناومان هێناون وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و باسیشمان لەوە کردووە کە دەبێت چالاکییەکان سنووردار بن و ئەو باسەش کە چالاکییەکان سنوورداربن، قسە و پەیامی ئێمە نییە و بەڵکوو پەیامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوتووە و چەند جارێکیش باسی لێوە کراوە.                    

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: باست لەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر پابەندنەبن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. پێت وایە ئەمە ڕووبدات؟   

نازم دەباغ: باسکردن لەوەی کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کارە بەردەوام بن، بە دڵنیاییەوە بەو مانایە نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێز کۆدەکاتەوە و پەلاماریان دەدات، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ڕێگایان لێدەگیرێت و پێیان دەگوترێت ئەم کارە مەحکووم دەکەین و ڕێگانادەین و پێویستە پابەندبن بەو ڕێنمایانەی کە لە کاتی خۆیدا و لە ئێستاشدا پێیان دەگوترێت و نابێت شەڕ و ئاژاوە لە سنوورەکاندا هەبێت و لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.

ئەمە شتێکی تازە نییە، نازانم بۆ ئەگەر "نازم دەباغ" بیڵێت ئەمە دنیا وەردەگەڕێت، بەڵام ئەگەر ئەوانی دیکە بیڵێین ئیعتیادییە. من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم، ئەوەی پێم دەگوترێت و ئەوەی گوێم لێیە لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەموو لایەنەکانەوە ئەوە دەگوازمەوە و شتێکی زیاترم لەوە نەگووتووە و کەسیش لە خۆم بە دلسۆزتر نابینم لەوە کە پشتیوانی لە جووڵانەوەی خوازی گەلی کورد کردبێت لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژنامەکانی سەردەمی شاخ و ئەوانی دیکەش، لە هەندێک شوێین ناوی بەندەش هاتووە کە کۆمەکی کێیم کردووە و کۆمەکی کێیم نەکردووە.  

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: سپای پاسداڕان باسی لە ئاگربەست کردووە، ئاگربەست لەگەڵ کێی کراوە؟ یەک لایەنەیە یا حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیش پابەندبوون بەم ئاگربەستەوە؟  

نازم دەباغ: ئاگربەست کە باسی لێوەکراوە بەو مانایە نییە ئیتر ڕێککەوتنێک کرابێت، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای پەیامەکانی خۆی و لە ڕێگای گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردۆتەوە کە بۆ ماوەیەک تۆپباران و پەلامارەکان ڕادەگرن هەتا ئەو کاتەی کە بە ڕاشکاویی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت و ڕێگا دەگرێت لە دووبارە بوونەوەی ئەم چالاکیانە. و هەر وەکوو چون ڕێگا دەگرێت لە دووبارە بوونەوەی چالاکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ڕێگا نەدات بە بێ بیانوو و بە بێ هۆکار، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدات و پەلاماری ئەو لایەنانە بدات. 

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: هیچ زانیارییەکتان لەلایە لەسەر ماوەی ئەم ئاگربەستە؟ ئەگەر ماوە و تەواو بووە ئێران بە جمووجۆڵەکانی دوو حیزبەکان ڕازی نەبوو، پێت وایە هێرشی زەمینی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟ هیچ قسەیەکی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ئێوە وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە؟

نازم دەباغ: ماوەی دیاریکراو ڕانەگەیێندراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە ماوەیەکی سنووردار دەبێت بۆ ئەوەی کە پەلامارەکان ڕابوەستێت تا ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دوابڕیاری خۆیان دەدەن لە بەردەوامبوون یا بەردەوامنەبوون لەسەر ئەو چالاکیانەی کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە. و ئەم مەسەلەیە، بابەتێکە کە گرینگە و دەبێت هەموو لایەکمان دەرکی پێبکەین. زەرەر بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان زەرەر بۆ هەمووانە بۆیە دەکرێت ڕێز لە ئەو یاسا و ڕێسایانە بگیرێت کە لە وڵاتێکدا هەیە و نەبێتە هۆکار بۆ دوژمنایەتی وڵاتەکەی دیکە.

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: باستان لەوە کردووە کە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر دانیشتنێک لە نێوان دەستەی ئەمنی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان کراوە. ئایا ئەمە دەکرێت وەک ڕێکەوتنێک باس بکرێت و زانیارییەکان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە چین؟  بەرپرسانی دیمۆکڕات و کۆمەڵە ڕۆژی یەکشەمە قسەیان بۆ ئێمە کردووە و دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ نێوانگیرییەکی نەکردووە. ئەی ڕێککەوتن لەگەڵ کێدا دەکرێت و دەبێت لەگەڵ کێدا قسە کرابێت؟ 

نازم دەباغ: زۆر بەداخەوە، زۆر تەحویل لە قسەکان دەکرێت، من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم، بە دڵنیاییەوە هەر بابەتێک کە باسی دەکەم ئەگەر ڕای خۆم بووبێت بە ڕاشکاوانە گوتوومە ئەوە بۆچوونی خۆمە بەڵام ئەگەر ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و وەزیفەشمە پەیامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو خۆی بگەیەنم. ئەوجار ناحەزان چۆنی لێکدەدەنەوە ئەوە شتێکە کە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. ئەوەی کە دەکرێت جەختی لەسەر بکەینەوە ئێمە ئەو کۆمیتە هاوبەشە ئەمنییەکەی کە ئێستاکە هەمانە و باسمان لێوەکردووە هی ئەمڕۆ نییە لە ڕۆژگارێک کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە و هەیە و دەشبێت؛ کۆمیتەیەکی ناوەندی هەیە و چوار کۆمیتەی فەرعیش هەیە کە ئەم کۆمیتانە لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی خۆیان چاودێری دەکەن و کارەکانی خۆیان دەکەن. لە دانیشتنەکانی ئێمە و کۆمیتەی ئەمنییەکە هیچ شتێک یەیوەندی بەوە نەبووە کە ناوبژیوانی کردن بێت لە نێوان کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هەر وەکوو ناوت هێناون برایانی کۆمەڵە و دیمۆکڕات. کە گوتوویانە بەڵێ هیچ حوزوورێکیان نەبووە و هیچ یەک لە کۆبوونەوەکانیش پەیوەندی بە ناوبژیوانییەوە نەبووە. 

بەڵکوو کۆبوونەوەکان پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی باروودۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازی بووە لە ناوچەکان بەتایبەتی سنوور، و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەیشاردۆتەوە و هەمیشە داوای کردووە کە پێویستە سنوورەکان پارێزراو بێت و پێویستە جمووجۆڵەکانی سەربازی نەکرێت و چالاکی ئەنجام نەدرێت و لەو چوارچێوەیەدا دانیشتن کراوە و باس کراوە و قەسە لەسەر ئەوە کراوە کە بە هەر دوولامان هەوڵ بدەین ڕێگانەدەین ئەو سنوورانە بەکاربێن بۆ دژی یەکتریی.

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگاداریی هێرشەکانمانن. هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگاداریی هێرشەکان بوون؟ 

نازم دەباغ: بەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەکوو گوتیشی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوو ڕێگاوە ئاگادارن. یەکەم پێش ئەوەی کە بۆردوومانەکان بکرێت لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو ئەو کەس و هاووڵاتی و نیشتمانیانەی کە لە دەورووبەریی ئەو بارەگایانەن چۆڵی بکەن، چونکە لێیان دەدرێت. دووهەمیش لە ڕێگای کونسوولگەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە ئەو پەیامە گەیێندراوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

Read کد خبر: 2774

Media

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی