گوتارەی نازم دەباغ لە گۆڤاری پەیسەر ; بەبێ حاجی قاسم

ئێستا دوای لەدەستدانی حاجی قاسم سولەیمانی پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: وجودی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان چی لێدێت؟
پێموایە لە دەستدانی حاجی قاسم سولەیمانی زیانێکی گەورە بوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران کەوت. ئەو کەسێکی کارامە و ئازا و دڵسۆزبوو بۆ وڵاتەکەی خۆی، جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیە بوو کە لەلایەن بڕیاربەدەستدانی ئێرانەوە دادەڕێژرا.
دوورکەوتنەوەی ئەو لەسەر گۆڕەپانەکە، بۆ ماوەیەک جێدەستی دیار دەبێ. بەڵام ھەمان سیاسەت و شێوازی کارکردنی ئەو لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت. بۆیە بەگوێرەی ئەزموونی خۆم لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، وای نابینم گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بێتە پێش لە ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە سوریا و لوبنان و عێراقدا.
هۆکارە سەرەکییەکەش ئەمەیە کە لەناوچەکەدا کەرەستە و فاکتەرەکانی ھاوکاری بۆ ئێران لە شوێنی خۆیاندا ماون. بەڵام ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر ئێران خۆی سیاسەتێکی تازە پیادە نەکات.
بۆ جێگرتنەوەی قاسم سولەیمانی، ئەمە شتێکی روونە کە ھاسان نییە کەسێک هەبێ بەزوویی جێگای بگرێتەوە، بەڵام ئەوەیش بزانە بڕوابوون بە خودا و ئیسلام و کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ کەسێکیتر دروست بکاتەوە.
ھەر وەکچۆن بەپشتیوانی سوپا و ھەروەھا رەھبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سولەیمانی دروستبوو، دەکرێت کەسێکیتر بێت کە جێی بگرێتەوە بە دڵنیاییەوە رەھبەر پشتیوانی لەویش دەکات تا ھەمان سیاسەت و ڕێبار پەیرەو بکات.
ئەی بۆ هەرێمی کوردستان چی لە بارودۆخەکە دەگۆڕێ؟ بە بڕوای من ئەمە پەیوەستە بەکاتەوە، چونکە ھەموو ئەوانەی نوێنەرایەتی حاجییان دەکرد بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەمان دەزگا و کەسانن و ئەوانیش لە پەیوەندی باشدان.

سەرکردایەتی کورد و لایەنە سیاسییەکان پەیوەندییەکانی خۆیان بە گرنگ و ستراتیژی دەزانن لەگەڵ ئێراندا. بۆیە داهاتووی ئەو پەیوەندییانە بەندە بە سیاسەتی ئایندەی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نەک بە کەسێکەوە.
بێگومان رۆڵی کەسەکانیش کاریگەری خۆی هەیە لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتدا.
بۆیە من وای نابینم بۆشاییەک بێتە ئاراوە لە دوای تیـرۆرکردنی حاجی قاسم سولەیمانییەوە، جێگرەوەکەی ئەویش هەرکەسێکبێ، وەکو ڕابردوو پابەند دەبێ بەو سیاسەتەی دەوڵەتی ئێران بۆی دادەڕێژێ.

*نوێنەری حکومەتی هەرێمە لە تاران

ئەم گوتارەی تایبەت بۆ گۆڤاری پەیسەر نووسیوەو لە ژمارە ٨ دا بڵاوکراوەتەوە

Read کد خبر: 2295

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی