نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران: ئابلوقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ناڕەوان , ”دەبێ تا دەتوانین ھاوکاری ئێران بین“

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئابڵوقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ”ناڕەوا“ وەسف دەکات و داوا دەکات ”تا دەتوانین“ هاوکاریی ئێران بکرێت.

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە حزبەکەی پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئابلوقەی ئابووری لەسەر ھەریەکە لە ئێران یان عێراق دابنرێ، ئەوا ڕەنگدانەوەی بۆ سەر وڵاتانی دیکەش دەبێ، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق و ئەویش دەگرێتەوە، بەڵام عێراق لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ئێستا ھەیەتی، ھاواریەتی و دەڵێ ناتوانین پابەندنی ئەو سزایانە بۆ سەر ئێران بین، بۆیە دەبێ عێراق بخرێتە دەرەوەی ئەو ئابلوقانەی لەسەر ئێران دادەنرێت“.

 

نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، ئەوەشی خستە ڕوو، کورد مافی ئێرانی بەسەرەوەیە، چونکە ئەو کاتانەی ئابلوقەی عێراق و وڵاتانی دیکەی لەسەر بووە، گوایە ئێران ھاوکاریی کوردی کردووە، بۆیە دەڵێت: ”کورد تا دەتوانێت، دەبێ ھاوکار بێ، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە خەڵکی ئێران کوردن و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران بەشێوەیەکی گشتی جگە لەو ماوە کەمەی ڕاپرسی، ھەمیشە بەشێک بووە لە بووژاندنەوە و نەوەستانی چالاکیی ئابووریی ھەرێمی کوردستان“.

 

جەختیشی لەوە کردەوە: ”ناکرێ منداڵی خۆمان بە قوربانی منداڵی خەڵک بکەین، پێم باشە عێراقیش ئەوەندەی دەتوانێت، نەبێتە بەشێک لەو ململانێیانەی کە ئەمریکا لە ناوچەکە ھەیەتی“.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە، ئابڵوقە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ناڕەوا دەبینێت و نایشارێتەوە: ”دونیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کۆمەڵەی ٥ +١ دەکات، تەنیا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی وەستاوەتەوە، بۆیە ئەو ئابلوقانەی خراوەتە سەر ئێران، بە ناڕەوای دەبینین“.

Read کد خبر: 2144

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی