نازم دەباغ: چالاکی لایەنەکانی ڕۆژھەڵات تەنیا دڵی ناحەزانی ئێران خۆش دەکات

”خەباتی چەکداری ئەوەندەی خەباتی سیاسی خزمەت بە ئامانجەکانمان ناکات“

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژە بەوە دەکات، کە چالاکییەکانی حزبە رۆژھەڵاتییەکان، تەنیا دڵی ناحەزانی ئێران خۆش دەکات و دەلێت ”پێویستە حزبە رۆژھەڵاتییەکان، چالاکییەکانیان سنووردار بکەن“.

 نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانییە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێوەیەکی گشتی ھەمیشە خۆشبین بوومە، چونکە ئێمە سنوورێک و جوگرافیایەکی ھاوبەشمان ھەیە، ئەوەش وا دەخوازێت لە ھەوڵی باشکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانماندا بین، لەم ڕۆژانەی کۆتایشدا گوێبیست بووین کە گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە پەیوەندییەکانمان و سنوورەکانمان پارێزراو بێت“.

 نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، ئەوەشی خستە روو، کە وەڵامدانەوەی ئەرێنی و نەرێنی بۆ پەیامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پابەندبوون لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکان و ھەوڵنەدان بۆ تێکدان لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە، خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیە کە ھێزەکان تا ڕادەیەک لە ھەوڵدان و پابەندبوون بەو ڕێسا و ڕێککەوتنانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی.

 لەبارەی پێکدادانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە پیرانشاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی پاسداران، ئاشکرای کرد، کە تائێستا زانیاری لەسەر ئەو شەڕە نییە، پێشی وایە بە گشتی ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو دەری خستووە، کە ”ھەموو چالاکییەکان تەنیا کێشە و گرفتە بۆ ناوچەکە و بۆ ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، ئەگەر نا نەیانتوانیوە ئەو ئامانجانە بپێکن کە ئەوان مەبەستیان بووە“. گوتیشی: ”جگە لەوەی ناحەزانی کورد و ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ کاتێکی کورت دڵخۆش کردووە، لەھەمان کاتیشدا زۆرجار گوێبیست بووە ئەم جۆرە چالاکییانە ڕەت کراونەتەوە بەوەی کە لەلایەن ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە ئەنجام دراون، کە لە ھەرێمی کوردستانن“.

 نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، ئومێد دەکات، کە ئەو لایەنانەی لە ھەرێمی کوردستان دەژین، چالاکییەکانیان لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری وەک خۆی بێت و دوور بکەونەوە لەوەی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران تێکبچێت، گوتیشی: ”لێرە وەک نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردسان قسە دەکەم نەک وەک نازم دەباغ، چونکە ئەگەر نوێنەر نەبام بۆی ھەبوو بۆچوونێکی دیکەم ھەبوایە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی سیاسەت و حزبایەتیکردن و خەبات و تێکۆشان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بەڵام ئەزموون دەری خست ئەوەندەی ڕێگای سیاسی و دیپلۆماسی دەتوانێت لە ئامانجمان نزیک بکاتەوە، ئەوەندە خەباتی چەکداری بۆی ئاسان ناکات”.

 سەبارەت بەوەی، کە ئاخۆ حزبە کوردستانییەکانی رۆژھەڵات، ھۆکاری دروستبوونی پشێوین و ھەروەھا گرتنی چالاکوانان و لەسێدارەدانییان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چۆن دەبینێت؟ نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”من دڵنیات دەکەمەوە  کە ئەو بابەتە تەنیا تایبەت نییە بە ئێران، تایبەتە بە ھەموو دونیا  بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ نموونە ئەگەر ھەرێمی کوردستان ھەست بکات، کە چالاکییەک دەکرێ و زیان بە ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، کەسانێک بەو گوناھ و تۆمەتەوە بگیرێن، بە بۆچوونی تۆ ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت؟ دیارە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ھەر کەسێک چالاکی ئەنجام بدات، سبەی بناسرێ کە بەشداری ئەو جۆرە چالاکییانەیە، بەدڵنیاییەوە مەترسی لەسەر ژیانیان پەیدا دەبێت“.

Read کد خبر: 2091

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی