ئێران پێشنیازێك بۆ وەفدی هەرێم دەكات

 دیدارو كۆبوونەوەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامە، نوێنەری حكومەتی هەرێمیش لە تاران رایدەگەیەنێت: ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدەكە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆدەبێتەوەو پێشنیازیشیان بۆ كراوە تاوەكو سبەینێ بمێننەوە بۆ دیداری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.

 

ئەمڕۆ 21ی 1ی 2018، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەفدێكی هاوڕێیان كۆبۆوە.

 
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران بە SNNی راگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆماری ئیسلامی لەهەموو بوارەكانی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، بەبێ گەڕانەوە بۆ رابردوو.
 
وتیشی: "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تەئكیدكرایەوە لەسەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە ئامادەیی هەیە بۆ پشتیوانیكردن لەمافە رەواكانی گەلی كورد، لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق لەئێٍستاو ئایندەدا".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆك كۆماری ئێران هیوای سەركەوتنی خواست بۆ پڕۆسەی وتوێژكردن لەگەڵ بەغداو چارەسەركردنی كێشەكان لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا.
 
سەبارەت بەدیدارو كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم بۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، نازم دەباغ وتی: "وەفدەكە لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبۆتەوەو سەعات 6ی ئێوارەی ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆدەبنەوە".
 
وتیشی: "پێشنیازێك بۆ وەفدەكەی هەرێم كراوە تاوەكو سبەینێ بمێننەوە بۆئەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران كۆببنەوە، بەڵام ئاگاداری ئەوە نین ئایا وەفدەكە دەمێننەوە بۆ ئەو دیدارە یان كۆتایی بەسەردانەكەیان دێنن".

 

Read کد خبر: 2031

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی