Print this page

پەیوەندییەکانی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان

نازم دەباغ ـ نوێنەری حکوومەتی هەرێمى کوردستان لە ئێران

 

بە پێی نەخشەى جوگرافیایی و سیاسی ناوچەی خۆرهەڵاتى ناوەراست، مەرزێکى دوورودرێژ لە نێوان ئێران و عێراق و تورکیا و سوریادا هەیە کە هەرێمى کوردستان لە هەر لایەکەوە بە یەکێک لەو وڵاتانە دەبێتە دراوسێ،دیارە بەدرێژاى مێژووش لە رووى نەژادى و فەرهەنگیەوە تێکەڵاویەکى زۆر هەبووە لە نێوان گەلانى ناوچەکەدا کە کورد لە رۆژانى سەخت و ئاساییدا لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندى و تێکەڵاوى هەبووە لەگەڵیاندا ... .

لێرەدا دەکرێت باس لە یەکێک لەو بوارانە بکرێت کە کاردانەوەی هەبووە لەسەر بژێو و ژیانى هاوڵاتیان و ناوچەکە ئەویش لە رووی ئابووریەوە بوو.

دیارە لەم بارەیەوە ئێران هەر لە کۆنەوە کە سەیرى بکەین چ لە رێگای ئاوریشمەوە (رێگای حاجى ئۆمەران ) و چ لەرێگاى سەردەشت و قەڵادزێ و هەروەها زۆربەى خاڵە سنووریە هاوبەشەکانى تر وەکو بانە و تەوێڵە، ئەمانە خەتى بازرگانى نێوان حەڵەب و لوبنان و موێڵ و بەغدا و تەورێز و تاران  و ئيسفەهان بوون ... .

ئەم رێگا و دەروازانە کاریگەرێکى زۆرى هەبووە لەسەر چالاک کردنى بازرگانى و تێکەڵاوبوونى هاولاتیانی نیشتەجێی سنوورەکانى هەر دوو لا. ئەوەش بۆتە هۆی پاراستنى جۆرێ لەبەرژەوەندى و تا ئەوەى دروست بوونى خزمایەتى لەگەڵ یەکدا.خەڵکى کوردستانى عێراق بەهۆی زوڵم و زۆرى رژێمە یەک لە دوا یەکەکانى عێراق زۆربەى کات لە قۆناغى بەرگرى و بەرخوداندا بووە بە مەبەستى خۆپاراستن و بەدەست هێنانى مافە رەواکانى  ....

هەربۆیە رژێمەکان بەسەختى و زاڵمانە لە هەوڵی سەرکوت کردنى شۆرش و بزوتنەوەکاندا بوون،ئەوەش وای لێ کردووە کە پەنا بەرنە بەر ئەم سنوورانە کە توانیویەتى ژیانى خۆی و هەوادارانى بپارێزێت. یەکێک لەم ناوچانە ناوچەى سنوورى هاوبەشی نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران بووە، لەم رێگایەشەوە توانیویەتى بژێو و پێداویستیەکانى رۆژانە بۆ خۆی و خەڵکانى ناوچەکە دابین بکات، خەڵکى ئێران لێرەدا رۆڵى گرنگى هەبوو لەم بارەیەوە و سنوورەکانى بۆتە دەروازەیەک بۆکارى بازرگانى کە لە رابووردوودا زۆربەى لە رێگاى نایاسای و قاچاغەوە جێ بە جێ کراوە ... .

بەڵام ئێستا ئەگەر بگەرێینەوە بۆ شۆرشە نوێکەمان دەبینین کە کۆماری ئیسلامى ئێران رۆڵێکى گرنگى هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانى شۆرش دژى رژێمى بەعسی فاشیست کە یەکێ لە بوارەکان رێگادان بووە بە دابین کردنى پێداویستى ژیانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان، تا ئەوەى لە رۆژە سەختەکان بە شێوازى پەناهەندە و پەنابەر هانایان بۆ ئێران هێناوە و لە لایەن کۆمارى ئیسلامى و هاوڵاتیانەوە پێشوازى لێ کراوە و پەنادراون.

دواى ئەوەى کە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆرش فراوانتر بوو، زیاتر جوڵانەوەى ئابوورى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێراندا پەرەى سەندووە تابەوە گەیشت بە تایبەت لە دوای روخانى رژێمى عێراق و دروست بوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندیە ئابووریەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران گەشەى کرد و پەرەى سەند، چەندین بازارچەى مەرزى لە نێوان هەر دوو لا دروست بوو لە مەرزى حاجى ئۆمەران ـ تەمەرچین وە تا دەگاتە مەرزى پەروێزخان ـ قەسرى شیرین.

فراوان بوون و گەشەکردنى بازرگانى و هەناردەکردن لە ئێرانەوە بۆتە مایەى ئەوەى کە بەشێوەیەکى تر بیر لە راپەراندنى کارەکان بکرێتەوە ،ئەوە بوو بە هەوڵی بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و حکومەتى هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئێران توانرا هەنگاوى بە فەرمى کردنى مەرزە هاوبەشەکان دەست پێ بکات ئەوە بوو مەرزى باشماخ ـ مەریوان و پەروێزخان ـ قێرى شیرین و دوایش حاجى ئۆمەران ـ تەمەرچین کرا. جگە لە چەندین مەرزى بازارچەیی رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەکردندایە و لەوەى کە لە ساڵى ( 1999 ) دا نزیکەى ( 100000000 $ ) سەد ملیۆن دۆلار چالاکى هەبوو ئەمرۆکە بە پێی ئامارەکان دەگاتە نزیکەى ( 4000000000$) چوار ملیار دۆلار ئەمەش دوای ئەوەدێت کە مەرزەکانى ناویان هات کرانە مەرزى نێودەوڵەتى و لە رووى بازرگانى و ترانزێت و گەشت و گوزارەوە.

ئەوە وای کرد کە لە لایەن هەر دوو لاوە گرنگى زیاتر بە دروست کردنى ساخت و ساز لە مەرزەکاندا بکرێت و بنکەوبارەگا و ئۆرگانە پێویستەکان لە روی ئاسایش و پۆلیس و گومرگ و کوالیتی کۆنترۆڵ و تەندروستى و ... تێدا دابمەزرێت کە ئەمرۆ بە بەرچاوى هەموومانەوە پێشکەوتنێکى زۆر بە خۆیەوە دەبینێت لە رووى ئاوەدانى و چالاکى و  ....

دەتوانین ئاماژە بەو هەموو دامەزراوە و چالاکیانەی کە کراوە بدەین کە چالاکى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆتە فاکتەرێکى گرنگ و پێویست تا ئەوەى لەرێگەى هەرێمى کوردستانەوە وەکو پردێک بێت بۆ ناوچەکانى تری هاومەرز لەگەڵ هەرێمى کوردستان کە ئەم جۆرە چالاکیە و بەرژەوەندیانە بارى سەقامگیرى ئاسایشی و ئەمنى بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە پێناوی پارێزگارى کردن لەو فەزایەى کە دەبێتە زیاتر چالاک کردنى بوارى بازرگانى کە کاردانەوەى دەبێت بۆ پتەو کردنى زیاترى پەیوەندیەکان لە بوارى فەرهەنگى و کۆمەڵایەتى و تا ئەوەى سیاسەت کە هەموومان هەستى پێ دەکەین و بەگرنگى دەزانین، وە ئومێدى زیاترمان هەیە کە لەئایندەدا زیاتریش بەرەو پێش بچێت و ... .

و لە درێژەی ئەو هاوکارییانەدا، وەفدێکی پایەبەرز لە دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەندازیار کامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمى کوردستان سەردانی تارانی کرد و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایەندا، رێککەوتەنامەیەکی ڕەسمی لە بواری بازرگانیدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کرد، کە ساڵی ڕابردوو لە سەردانی دکتۆر عەلی سەعیدلوو جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ شاری هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتبوون و ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە ئاستێکی سەرێدا لە نێوان دەوڵەتی حکوومەتی هەرێمى کوردستان و ئێراندا رێککەوتەنامەیەکی ڕەسمی بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تیجاری و بازرگانی واژۆ بکرێت.

 

ڕۆژنامەی وەتەن ئیمرووز: دووشەمە 17 تیری 1392 (3ی جوولای 2013)، ژمارە 1161، لاپەڕەی 12

Read کد خبر: 203