نازم دەباغ: ئێران پەیوەندیی لەگەڵ گەلی كورد هەیە نەك لەگەڵ حزبەكان

دواڕۆژ، سامان قوبادی

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانی تاران و هەولێر  لە ئاستێكی خراپدان. نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوەدەكات، پێشتر بەهۆی بەهێزیی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا، رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا نەكرا بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك، لەئێستایشدا ئەو رێككەوتنەی باس دەكرێت تەنها لە نێوان تاران و بەغدایە بەبێ هەرێمی كوردستان. 

 

دواڕۆژ: وردەكاریی لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان بەغدا و تاران و هەرێم تایبەت بە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران، چییە؟

نازم دەباغ: لە ساڵی 2013 پرۆژەیەك هەبوو بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەڕێگەی سلێمانی-یەوە بۆ ئێران و دواتر  بۆ بازاڕەكانی جیهان، دەبوایە بە رەزامەندیی بەغدا رێككەوتن لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێراندا بكرایە، پرۆژەكە بریتییە لە راكێشانی بۆریی نەوت لە كەركوك و گەرمیانەوە بۆ پەروێزخان و قەسری شیرین، لە قۆناغی دووەمدا بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوتگەكانی ئێران لە كرماشان و تاران و دواتر هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت، بەڵام رێككەوتنی لەسەر نەكرا، ئەوەی لەئێستادا سەبارەت بە هەناردەی نەوتی كەركوك باس دەكرێت، رێككەوتنێكە تەنها لە نێوان عێراق و ئێراندا كراوە بەبێ هەرێمی كوردستان. 

 

دواڕۆژ: بۆچی ئەوكات رێككەوتن لەسەر پرۆژەی هەناردەكردنی نەوت نەكرا؟ 

نازم دەباغ: دەبێت پرسیار لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی و وەزیری سامانە سروشتییەكان بكرێت، بەهۆی ئەوانەوە رێككەوتن نەكرا، ئەگەرنا پرۆژەكەمان ئامادەكردبوو تا واژۆی لەسەر بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

دواڕۆژ: رێكنەكەوتن لەسەر هەناردەی نەوت بۆ ئێران لە 2013دا، بەهۆی بەهێزیی پێگەی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا و ناردنی نەوتەوە بوو بۆ توركیا؟

نازم دەباغ: ئەوكات پێگەی هەرێم بەهێزتر بوو، بەڵام لەبەر خاتری ئەو رێككەوتنە 50 ساڵییەی كە لەگەڵ توركیادا هەیەتی، لەگەڵ ئێراندا رێككەوتنی نەكرد.

 

دواڕۆژ: سوودە ئابورییەكانی هەناردەی نەوت بۆ ئێران، بۆ هەرێمی كوردستان چین؟

نازم دەباغ: یەكەم، هەموو هێلكەكانی هەرێم نەدەچوونە ناو سەبەتەی توركیاوە، ئەگەر لە ئێرانیشەوە هەناردە بكرایە دەبوو بە رێگەیەكی تری  هەرێم بۆ ناردن و فرۆشتنی نەوت. دووەم، ئەمنیەتی زیاترە و نزیكترە بۆ ناردنی نەوت. سێیەم، خەرجی هەناردەكردنی كەمتری تێدەچوو. جگەلەوە پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بەهێزتر دەبوو.

 

دواڕۆژ: پێتوایە ئەگەر رێككەوتن لەسەر هەناردەی نەوتی كەركوك بكرایە، دۆخی سیاسی و ئابوری ئێستای هەرێم چۆن دەبوو، بەتایبەت لە ناوچەكانی كەركوك و دووزخورماتوو؟

نازم دەباغ: ئەم رێككەوتنە بكرایە یان نا، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم كرا ئەنجامەكەی هەر وەكو ئێستا دەبوو.

 

دواڕۆژ: ئەگەر لەسەر هەناردەكردنی نەوت رێككەوتنێكی درێژخایەن لە نێوان بەغدا و تاران بە بەشداریی هەولێر بكرێت، چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان تاران و هەولێر؟

نازم دەباغ:  بەپێی دەستوری عێراق لەمەودوا دەبێت پڕۆژە و داهات و هەناردەی نەوتی هەرێم بكەونەوە دەست حكومەتی ناوەند و بڕیاری لەسەر دەدەن، بۆیە تەنها رێككەوتن لە نێوان بەغدا و تاران بەبێ بەشداریی هەولێر دەكرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر پرۆژەیەكی ئابوری تایبەت لە بواری گرێبەستی نەوتدا ئەنجامبدرێت، كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرسێ لایەن.

 

دواڕۆژ: لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا لەڕێگەی توكیاوە نەوت هەناردە كراوە، ئێستا بە ناردنی نەوت بۆ ئێران ئایا بە لێدان لە بەرژەوەندییە ئابورییەكانی ئەو وڵاتە دادەنرێت؟

نازم دەباغ: هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكدایە هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی، بەپێی یاسا، ئەو دەسەڵاتانە دەدات كە لەدەستیداوە، بۆیە بەپێی دەستور ناتوانێت جارێكی تر دوا بڕیار لەسەر دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت بدات. جگەلەوە هەر لایەنێك زەرەر بكات، بە قازانج  بۆ بەرامبەرەكەی دەشكێتەوە. هاوكات ئێران نەهاتووە تا لە بەرژەوەندییەكانی توركیا بدات، بەڵكو خودی عێراق پلانی نوێی هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆی. لەو نێوەندەیشدا پێشتر و ئێستاش، بە بارهەڵگر، نەوتی كەركوك رەوانەی ئێران دەكرێت، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نەبووە تا بوترێت زیان لە توركیا دەدات.

 

دواڕۆژ: سیاسەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا بەرامبەر ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ 

نازم دەباغ:  پێشتر سیاسەتێكی دروستبووە، ئێستا پێموایە پارێزگاریكردن لە پەیوەندییەكانی هەردوولا سیاسەتێكی دروستە و دووربینییە بۆ ئایندە كە پێویستە هەمانبێت، بەڵام بەرز و نزمی و لاوازیی لە پەیوەندییەكاندا بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی سەركردایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانی هەردوولا بگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی جاران.

 

دواڕۆژ: مەبەستت ئەوەیە نێوانی ئێران و هەرێم لە ئاستێكی خراپدایە؟

نازمدەباغ: پەیوەندییەكانی ئێستای هەردوولا لە ئاستێكدا نییە شانازیی پێوەبكەین، تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی تریشدا، چونكە لە پرسە نەتەوەیی و ستراتیجیەكاندا نەك هەر ئێران بەڵكو بە قسەی هیچ وڵاتێكمان نەكرد.

 

دواڕۆژ: دەوترێت یەكێتی بووەتە هۆی پاراستنی پەیوەندیی سیاسی و ئابوری نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان، تاچەند راستە؟

نازم دەباغ: لەئێستادا كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی لەگەڵ گەلی كورد هەیە نەك لەگەڵ حزبەكان، چونكە ئێران خۆی بە پشتیوانی كورد دەبینێت لە عێراقدا، پەیوەندییەكان لە ڕووی ستراتجیەوە بۆ ئایندە رۆڵی دەبێت لە رووی بەرقەراربوونی ئەمن و ئاسایش، بەتایبەت هاوپەیمانی كورد و شێعە. هەرێم و ئێران بۆ یەكتر گرنگیی خۆیان هەیە، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد بە ئەنجامدانی راپرسی گومانی خستە سەر سیاسەت و هەڵوێستەكانی خۆی بەرامبەر بە ئێران.

 

دواڕۆژ: كەواتە خراپبوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا چ كاریگەرییەكی دەبێت بەتایبەت لەسەر ناوخۆی هەرێم؟

نازم دەباغ: یەكەم، ئێران دەروازە سنوورییەكان دادەخات، ئەمەیش كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر بازاڕی هەرێم. دووەم، پێداویستییە بنەڕەتییەكانی هەرێم، بەتایبەت لە ناوچەی سەوز، لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، بۆیە لە هەموو روویەكەوە رۆڵی دەبێت لەسەر باش و خراپكردنی گوزەرانی خەڵك.

 

دواڕۆژ: بۆچی بەشێك لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ ئێراندا كراونەتەوە، بە پێچەوانەوە دەروازەكان لەگەڵ توركیا تائێستا نەكراونەتەوە؟ ئایا رێككەوتن لەمبارەیەوە كراوە؟

نازم دەباغ:  لە نێوان دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران، تەنها باشماخ كراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئێران نەویست بەردەوام بێت لە ئازاردانی هاووڵاتییانی هەرێم، ڕێككەوتن-یش نەكراوە، بەڵكو ئێران یەك لایەنە بڕیاری كردنەوەی باشماخی داوە.

 

دواڕۆژ: وەكو نوێنەری حكومەت چیتان كردووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تا گەمارۆی ئابوریی سەر هەرێم لابەرن و دەروازەكان بكەنەوە؟

نازم دەباغ: بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەوڵێكمان داوە، بەڵام مەرجەكانی لابردنی گەمارۆكە بەستراوەتەوە بە رێككەوتنی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا، ئێران رەچاوی داخوازییەكانی بەغدا دەكات. بۆ كردنەوەی هەردوو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دەبێت بەغدا ڕەزامەندیی بدات بە تاران.

 

دواڕۆژ: دەوترێت بەشێك لە بڕیارەكانی تایبەت بە داخستنی دەروازە و فڕۆكەخانە و گەمارۆی ئابوریی بەغدا لەسەر هەرێم، خواستی تاران بووە، تاچەند راستە؟

نازم دەباغ: لەسەر كێشەی كورد وڵاتانی دراوسێ هەموویان یەكن، ناوەندی بڕیاریش لەم وڵاتانەدا نییە، بەڵكو لەئەنجامی رێككەوتنی دراوسێكانی هەرێمی كوردستانە.

 

دواڕۆژ: ئایا بەم نزیكانە وەفدی حكومی یان حزبیی هەرێم سەردانی تاران دەكەن بەمەبەستی چارەسەری كێشە سیاسی و ئابورییەكان؟

نازم دەباغ: هیچ هەواڵێك لەمبارەیەوە نییە بۆ سەردانی وەفدی هەرێم بۆ تاران.

Read کد خبر: 2015

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی