Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی ئێران دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی 7ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دكتۆر ئەحمەد ئەمیری یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا باس لە مەترسی دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش و هزری تەكفیری لەسەر ئاساییشی جیهان و ناوچەكە كرا و بیروڕا لەبارەی هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەك و چۆنییەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنیی لە ناوچەكەیش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە بەشێكی ئەم دیدارەدا یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی ئێران ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندن و ڕاگرتنی پەلاماری تیرۆریستان كە دەستێكی باڵایان لە پاراستنی ئاساییشی ناوچەكە و وڵاتان لە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش هەبووە.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان بیروڕای خۆیان لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی وڵاتەكەیان لەگەڵ ڕۆژئاوا و هەروەها پەرەسەندن و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و جەختیشیان لەوە كردەوە كە ئاساییش و سەقامگیری و بەهێزیی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران جێگەی بایەخە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1469