دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە تاران

  • چوار شەممە, 13 ئایار 2015

دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران.

 دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، پێکھاتوو لە: "ملاس محەمەد عەبدوالکەریم" وەزیری بازرگانی و دکتۆر "قەتیبە ئیبراھیم ئەالجەبووری" وەزیری ژینگەی عێراق، لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران و لە لایەن "محەمەدرەزا نیعمەتزادە" وەزیری پیشەسازیی، کانزاکان و ئابووریی ئێران بە رەسمی پێشوازیی لێکرا.

 

لەم پێشوازییەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، "ئینتسار ئەلداوودی" قایم مەقامی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، ھەندێک لە باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی لەوانە: مەغریب، فەلەستین، ئەلجەزایر، ئیماڕات، سوودان، عومان، کووەیت، نوێنەری باڵیۆزخانەی توونس لە تاران، ئەندامانی باڵێۆزخانەی عێراق لە تاران و ھەندێک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران تیایدا ئامادەبوونلەم بارەیەوە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: دیارە ھەر وەکوو ھەموو لایەک ئاگادارن کۆماری عێراقی فیدراڵ و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە ھەبووە و دیارە ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شۆڕش و تێکۆشان و خەبات دێژی رژێمی گۆڕبەگۆڕی پێشوو، کە ئێران ھەم لە رووخانی رژێمی بەعس و ھەم لە دروستکردنی عێراقی نوێی و ھەمیش لە شەڕی دژە تیرۆر رۆڵێکی گرینگی ھەبووە.

 

گوتیشی: بۆیە لەم کات و ساتانەدا ئەم جۆرە سەفەرانە بە پێویست دەزانرێت و ھەر لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەشدا سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە سەردانێکیدا گەیشتە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێران و باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران ئەوەیشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکراوە، لەوانە: سیاسیی، فەرھەنگی، بازرگانی و ئابووری و پێشموایە مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدەدات، بە تایبەتی دوای ئەو قۆناغەی کە ئێستا عێراق تێیکەوتووە و شەڕکردن لەگەڵ داعیش و بەرەنگاربوونە لەگەڵ ئەم گرووپە تیرۆریستییە کە ئەمڕۆکە دەیبینین داعیش لە زۆربەی شوێنەکانی عێراقدا روو لە شکانە و لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی ھەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدان. کە پێموایە سەرفەرەکەی جەنابی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" بۆ ئێران پێویستیی بەوە دەبێت کە لەو بارەیەشەوە قسەی لەسەر بکرێت.

ئاشکراشیکرد: دیارە لەو چوارچێوەیەدا ئەو سەفەری سەرۆک کۆماری عێراق کە ئەنجامدراوە پێموایە ئایندەیەکی باشی دەبێت لە بەردەوامبووم و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھاوکاریی ھەر دوولا و بە تایبەتی ئێرانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعیش.

"نازم دەباغ" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: لەم سەردانەدا سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک کۆماری ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی کۆبوونەوەی ھەڵسەنگاندیی بەرژەوەندییەکانی نیزام و ھەروەھا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

گوتیشی: ئەوە یەکەمین سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" وەکوو سەرۆک کۆماری عێراقە و بەڕێزیان یەکێک بووە لەو تێکۆشەرە دێرینانەی کە لە ھەموو بوارەکاندا لە چوارچێوەی سیاسیی و وەکوو سەرکردەیەکی کورد و سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە و لە قۆناغێکیشدا لە کاتی شۆڕشدا و تێکۆشاندا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردیستانیش لە ئێران بووە. دەتوانم بڵێم کە یەکێک لە دروستکەرەکانی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئَێران و یەکییەتی بووە. لە کاتی خۆشیدا بە نوێنەرایەتیی یەکێتی و جەنابی مام جەلال لەگەڵ خوالێخۆشبوو "ئیمام خومەینی" دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتاییدا سەبارەت بە رەنگدانەوەی بەربڵاوی سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە دەزگاکانی راگەیاندنیی ئێراندا گوتی: دیارە ئەوە سەلماندنیی ئەو لێکدانەوەیەی ئێمە بوو کە جەنابیان رۆڵێکی گرینگیان ھەبووە لە کاتی خۆی لە دروستکردنیی ئەو پەیوەندیانە و ئێستاش کە بەرێزیان سەرۆک کۆمارە دەتوانێت ھەمان رۆڵ کە جەنابی مام جەلال دیوییەتی ئەو ھەوڵ بدات بیبینێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیییەکان و پاراستنی یەکریزی نەتەوەکانی عێراق.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1334

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی