Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆبۆوە

ئەمڕۆ هەینی 26ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك نوێنەر و ئەندام و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و مورتەزا عەبادی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و، لەگەڵیان كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پارلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پارلەمان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەت و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری كرد و ئەو سەردانەی بە دەستپێكی قۆناغێكی تازەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەڵەمدا. سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە وەك چۆن لە ڕۆژانی تەنگانە لە قۆناغەكانی پێشوو پشتیوان و پەناگەی خەڵكی ئێمە بوون لە شەڕی تیرۆریستانی داعشیش هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوونە. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و كولتوور و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوولا ئەوەی خستەڕوو كە هەر ئەوەمان لە گەلی ئێران و كۆماری ئیسلامی چاوەڕوان دەكرد كە پاڵپشت و دۆستمان بن. هەروەها لەبارەی شەڕی تیرۆر و هەڕەشەكانی هێمای بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو گەل و وڵاتێك بۆیە لەپێناو تێكشكاندنی تیرۆر و نەهێشتنی، ئەگەرچی ناكۆكیی سیاسیی نێوان وڵاتانیش هەبێت بەڵام پێویستە بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لەگەڵ یەكتر هاوكار بن.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد كە لە ئەو و شاندە یاوەرەكەی كراوە و ئەوەی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە هاتووە لە نزیكەوە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆر بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەن و بەلای وڵاتەكەیشیەوە هەڕەشەی تیرۆر زۆر جدییە و هەموو لایەك دەكاتە ئامانج و پێویستیشە وڵاتانی ناوچەكە ڕۆڵی خۆیان لە دژایەتیكردنی تیرۆر بگێڕن. سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر جدی و سەركەوتووە و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستانیشی بە ئەركێكی دۆستانەی وڵاتەكەی زانی و ڕایشیگەیاند كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا دوایین چركە لە شەڕی دژی تیرۆردا هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەكان و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا كردەوە.

جێگەی ئاماژەكردنە كە ئەمڕۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران بە یاوەریی شاندێكی پارلەمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی شاری هەولێری كرد و لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن سەرۆكی پارلەمان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی هەرێم پێشوازی كرا و دواتریش شاندەكەی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سەردانی ناو شاریان كرد و قەڵای هەولێریان بەسەر كردەوە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1030