ڕۆژی سێشەممە 24ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە سەرۆكایەتیی نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و پسپۆڕیی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندەكە پیرۆزبایی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات. شاندی میوان هیوای ئەوەیان خواست كێشە ئابووری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت و خوازیاری سەقامگیریی زیاتری كوردستان بوون و جەختیشیان لە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەدا شاندی میوان نیگەرانییەكانی خۆیان لەمەڕ پەرەسەندنی تیرۆر و لەسەر ئاستی جیهاندا خستەڕوو و باسیان لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بنبڕكردنی تیرۆر كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وردەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال، باسی ئەوەی كرد كە ئازادكردنی شنگال بۆ گەلی كوردستان مانایەكی سیمبولیك و مەزنی هەبوو و بۆ داعشیش شكستێكی گەورە و كاریگەر بوو و سەركەوتنەكان بە هیمەت و قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان هاتووەتە ئاراوە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا داوای كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جدیتر بێت و پێویستە هەموو دنیای ئازاد لە دژی تیرۆر لە یەک سەنگەردا بن.

سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجارەکیی تیرۆریستان بکرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی موسڵ ئازاد بکرێت پێویستە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەبێت کە تیایدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و جارێکی دیکە هیچ پێکهاتەیەک رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 17ـی 11ـی 2015 جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە قارەمانێتی و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت.

 

ڕۆژی چوارشەممە 18ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی كە توانیویەتی لە نزیك بەرەكانی جەنگ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا هەبێت و دەستخۆشی و پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی ئازادكردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە بەخشندە بوون و سەرباری بوونی كێشەی قووڵی ئابووری باوەشیان بۆ سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە. باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان هەیە لە دابینكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی ژاپۆنی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و لە وتەیەكدا باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای شكستدانی داعش كرد و پەیوەست بە قۆناغی دوای پڕۆسەی ئازادكردنی شنگال ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی شەڕ و كارەساتەكان بەشی زۆری شنگال وێران بووە و پێویستە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و پاراستنی لە هەڕەشەكان بكرێت و لەم ڕووەوە هێزی پێشمەرگەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵكی دەڤەری شنگال دەبێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە گرنگیی سەقامگیری و ئاساییش دا و جەختی لەوە كردەوە كە بە بێی سەقامگیری، پێشكەوتن و بووژانەوەی ناوچەكە بەدی ناهێت.

هەر لەم كۆبوونەوە ڕێگەچارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕایش لەبارەی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی لە بواری ئابووری و وزە و كارەبا لە نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن ئاڵوگۆڕ كرا.

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی 11ـی 2015 لە یەكێك لەبارەگاكانی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژئاوای دیجلە، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە فازڵ میرانی سكرتێر مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان.

شاندی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی سەركەوتنی پێشمەرگەی كوردستانیان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە پیرۆز كرد و دەستخۆشیان لە پێشمەرگە قارەمانەكان و فەرماندەی میحوەرەكان كرد كە ئەو داستانە مێژوویەیان تۆمار كرد كە لە مێژووی گەلی كوردستاندا بێ وێنەیە.

شاندی باڵای مەكتەبی سیاسی سەرەخۆشیان لە خانەوادەی سەربەرزی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان فیدا كردووە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ برینداران خواست.

لەم دیدارەدا باس لە بایەخ و ڕەهەندە سەربازی و سیاسی و ستراتیژییەكانی ئازادكردنی شنگال و كاریگەری لەسەر لاوازبوونی تیرۆریستانی داعش كرا.

دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شەنگال، بۆ ڕێزگرتن لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستیی و ڕێگاوبانی پارێزگەی دهۆک لەو ئۆپەراسیۆنە، ڕۆژی ١٦ـی ١١ـی ٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسنامەی ئاراستەی هەریەک لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان و پردەکان لە پارێزگای دهۆک کرد.

سەرۆک بارزانی پڕ بە دڵ سوپاسی کارمەندانی ئەو دوو فەرمانگەیەی کردووە کە هەر لەسەرەتای هێرشی تیرۆریستانەوە تا ئێستا، لە میحوەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە و شنگال و بەرەکانی دیکەی نزیک لە پارێزگای دهۆک، ڕۆڵێکی پێشمەرگانە و نیشتیمانپەروەرانەیان لە ڕزگارکردنی گیانی پێشمەرگە بریندارەکان و یارمەتیدانی خەلکی ئاوارە و پاڵپشتییکردنی هێزی پێشمەرگە و یارمەتیدانیان بە دروستکردنی سەنگەر و پرد و ڕێگەوبان و گواستنەوەی کەلوپەلی پێویست بۆ پێشمەرگە، هەبووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 15ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحموود سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و هەروەها پیرۆزبایشی لە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری شنگال كرد و وێڕای ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی قارەمان ئەو سەركەوتنەی بە دەستكەوتێكی مەزن و مێژوویی بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و باسی لە وردەكارییەكان و چۆنییەتی بەڕێوەچوون و سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگە ئیتر ئەو قەناعەتەی بۆ هەموو لایەك دروست كردووە كە داعش شكست دەخوات و لەناو دەچێت. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی ڕووداوێكی مێژوویی و سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بایەخ و ڕەهەندە سیاسی و ستراتیجی و ئابووری و نیشتیمانییەكانی ئازادكردنی شنگال و هەروەها گەڕانەوەی ژیان و خزمەتگوزاری و دامودەزگە كارگێڕییەكان و یارمەتیدانی خەڵكی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بیروڕایش لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە ئالوگۆڕ كرا.

ئەمڕۆ هەینی، ١٣ـی ١١ـی ٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری شنگال، موژدەی ئازادکردنی شنگالی ڕاگەیاند.

سەرۆک بارزانی لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە من لێرە مزگێنیی ڕزگارکردنی شنگال بە گەلی کوردستان ڕادەگەیەنم. سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لە گەلی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و بەتایبەتی خوشک و برایانی ئێزدی کرد.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە بەڵێنمان دا و بەڵێنی خۆمان بەجێ هێنا. ئەمڕۆ ئێمە لە شنگالین. بەتایبەتی بۆ خوشک و برایانی ئێزدی سەلمێندرا کە هەموو گەلی کوردستان پشتیوانی ئەوانە، ئەوان تەنیا نین و ئەوەش سەلمێندرا کە ئێزدی بەشێکی ڕەسەنی گەلی کوردستانن.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ با هەر تاکێکی ئێزدی سەربەز و بێ منەت بێت. با متمانەی بە خۆی هەبێت. هەر کچێکی ئێزدی با بە دەنگێکی بەرز هاوار بکات و بڵێت من کچی کوردانم، هێمای شەرەف و بەرخوادنم. بەم سەرکەوتنە تۆڵەی ئەوان کرایەوە، تۆڵەی پێشمەرگە مەردایەتییە، زۆر بە مەردانە تۆڵەی هەموو خوشک و برایانی ئێزدی کرایەوە.

سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانانی کرد بۆ پشتیوانییان و سوپاسی میدیای ناوخۆ و بیانیشی کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی گێڕایان. هەروەها سوپاسی پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانەکانی کرد.

بۆ بینینی دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ئێرە دابگرە.

 

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 14ـی 11ـی 2015 ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شاری شنگال لە سەرۆك بارزانی كرد.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دژایەتیكردن و شەڕی تیرۆریستان و هەروەها وێڕای دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەركەوتن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕاشیگەیاند كە توركیا ئامادەیە بریندارەكانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەكانی چارەسەر بكات.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی