لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو ڕۆژی دووشەممە 30ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندە یاوەرەكەی گەییشتە شاری ڕیازی پایتەختی شانشینی سعوودیە. وا بڕیارە لەم سەردانەیدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی شانشینی سعوودیە كۆببێتەوە.

لەچوارچێوەی سەردانەی فەرمییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی ڕۆژی یەكشەممە 29ـی 11ـی 2015 لە شاری ئەبوزەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەیی باڵای هێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیمارات پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا باس لە پێشڤەچوون و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەدژی تیرۆریستانی داعش كرا و هەروەها بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندنە سیاسییە هەرێمایەتی و دەولییەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی تاوتوێ كرا و جەخت لە فراوانتركردنی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەر دوولا كرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 25ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی كوردی سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی كوردی سووریا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالیان لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو. شاندی میوان سوپاسی خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بارزانیان بۆ دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد و داوایان كرد كە لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكانیش پاڵپشت و پشتیوانی دۆزی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەروەها سەرۆك بارزانیان لە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا ئاگادار كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و باسی لە وردەكارییەكان و بایەخی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵ و قارەمانێتیی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئەوەی لە دەستی هاتبێت بۆ یارمەتیدانی دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامی داوە و لە داهاتووشدا هەروەك پێشوو بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی ڕۆژئاوای كوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دواڕۆژی سووریا و ڕێگەچارەكانی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا كرا، كە تێیدا ڕەچاوی ماف و داواكارییەكانی هەموو پێكهاتەكان لە چوارچێوەی سیستێمێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی كرابێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ـی ١١ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دکتۆر خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ڕوکن ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق كرد.


لە دیدارەكەدا کە بەڕێزان کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکات و دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری بەرگریی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگالی لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: بۆ ئەوە هاتووم پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ بکەم کە بە سەرکردایەتیی جەنابتان وەدەست هات و کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەبێت و بە ئازادکردنی شنگال ئابڵووقەی سەر تیرۆریستان تەسکتر بۆتەوە و ورەی هاووڵاتیانی عێراقیشی بەرز کردەوە. وەزیری بەرگریی عێراق سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

هەر لە دیدارەکەدا وەزیری بەرگریی سەرۆك بارزانیی لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی عێراق ئاگادار كردەوە. هەروەها بارودۆخی پارێزگای ڕومادی و موسڵ و ئاییندەی موسڵ خرایە بەر باس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا هەماهەنگی و كاری هاوبەشی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە بواری سەربازی و ئاساییش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ـی١١ـی٢٠١٥ بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەلاحەدین پێشوازێی لە بەڕێز عوسمان گۆدەن سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ماڵی ئێزدیان لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتوون پیرۆزبایی سەرکەوتنە مەزنەکەی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگال لە سەرۆک بارزانی بکەن و ڕایگەیاند: ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات زۆر گەورە بوو، بەڵام کاتێک سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە بابەشێخ و ئێزدییەکان دا، ئێمە پشتڕاست بووین کە بەڵێنەکەیان دەهێننەجێ و خۆیان سەرکردایەتیی ئەو ئۆپەراسیۆنەتان کرد و ئەمڕۆ ئێمە بۆ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگە لێرەین و سوپاستان دەکەین.

سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال برینێکی قووڵ بوو، بەڵام لەهەمانکاتدا یەکبوونی گەلی کوردستانی سەلماند و پتەوتری کرد، ئێمەی ئێزدی ٧٤ فەرمانمان بەسەر هاتووە، لە ٧٣ فەرمانی ڕابردوودا بێ پشتوپەنا و مەزڵووم بووین، بەڵام لەم فەرمانەی کۆتاییدا هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوان و هاوخەممان بوون و هەموو تواناکانیش بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانمان خرایەڕوو و جەنابتان بەڵێنتان پێ داین و بەڵێنەکەشتان هاتەدی. لە سەر ئاستی جیهانیش ئێزدییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستان و ئایینێک زیاتر ناوبانگیان دەرکرد و سۆزێکی جیهانیی بۆمان هەبوو.

هەر لە دیدارەکەدا شاندی ماڵی ئێزدییان هیوایان خواست کە هەموو هەوڵەکان بۆ زووتر ئاوەدانکردنەوەی شنگال بخرێتەگەر.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال بۆ ئێمەی کورد بەشێکە لە زنجیرەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون و درێژەی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی شار و گەندەکانمان بوو و زۆریش ئازاری داین، بەڵام ئەمجارەش دەرکەوت کە ئەگەر دوژمن زیانیشمان پێ بگەیەنێت لە کۆتاییدا هەر ئیرادەی گەلەکەمان سەردەکەوێت. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەو بڕوا بەخۆبوونەی لای خوشک و برایانی ئێزدی دروست بوو زۆر گرینگە، هەموو گەلی کوردستان پشتیوانی خوشک و برایانی ئێزدییە.

سەرۆک بارزانی دڵنیاییشی بە خوشک و برایانی ئێزدی دا کە هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و باشترکردنی ژیانیان درێخی ناکرێت و داهاتوویەکی گەش چاوەڕانیان دەکات.

لە وەڵامی پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ گەل و سەرۆكی فەڕەنسا لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وەڵامی پەیامی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە ئەوەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

جەنابی سەرۆك

بەناوی گەلی فەڕەنسا و بەناوی شەخسی خۆمەوە، سوپاستان دەكەم بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیتان دوابەدوای ئەو پەلامارە خوێناویانەی كە فەڕەنسایان كردە ئامانج.

ئەو پشتیوانییەی كە بەڕێزتان لەم ساتەوەختە سەختەدا نیشانانتان داوە، بۆ ئێمە بەهایەكی گرنگی هەیە. ئەمڕۆ فەڕەنسا لە ماتەمینی دایە و پرسەی قوربانییەكانی دەگێڕێت. بەڵام هەرگیز ڕێگە نادات تێكبشكێندرێت، هەر لە ئێستاوە هەڵساوەتەوە و، بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ترسی نامرۆڤانەی تیرۆریزم، لەسەر خاكی خۆی و هەروەها لە هەموو شوێنەكانی جیهاندا.

لەبەرانبەر ئەو بەڵایەدا كە هەڕەشە لە هەموو لایەكمان دەكات، ئێمە پێویستیمان بە كاری زیاتری هاوبەش هەیە، بە یەكخستنی هەموو تواناكانمان بۆ خزمەتكردنی بەها و باوەڕە جیهانییە هاوبەشەكانمان. دڵنیام كە دەتوانین لەم ئەرك و ئامانجانەدا پشت بە بەشداریی ئێوە ببەستین.

تكام وایە جەنابی سەرۆك ئەو پەڕی ڕێز و حورمەتم قبوڵ بفەرموون.

لۆران فابیوس

وەزیری دەروەی فەڕەنسا

پاریس 23ـی نۆڤەمبەری 2015

ڕۆژی دووشەممە 23ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕایگەیاند كە زۆر سەرسامن بە هەنگاو و پلانەكانی سەرۆك بارزانی لە ئۆپڕاسیۆنەكان و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێشمەرگە بۆ سەركەوتنەكانی قوربانی داوە و ئەوەیان جێگەی پێزانینی جیهانیانە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی دوا پێشڤەچوونەكان و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی داعشی كرد لە عێراق و سووریا. سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پشتیوانیی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هەوڵەكانیشی بۆ فراوانتركردنی ئەم پشتیوانییە دەخاتەگەڕ.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانەكان و بە تایبەت ئەمەریكای كرد كە كاریگەریی زۆری لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەدا هەبووە لە هەموو قۆناغە جیاجیاكانی ئۆپڕاسیۆنەكاندا هەر چەندە هاوكارییە سەربازییەكان لەسەر زەوی لە ئاستی فراوانی و سەختیی شەڕەكان نەبووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی شنگال كرد كە زەبرێكی گەورە بوو بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە. پەیوەست بە كۆتاییهێنان بە داعش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە و لەهەر شوێنێك دەرفەتیان هەبێ دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان شەڕكردن و تێكشكاندنی داعشە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بەشێوەیەكی جدیتر بەشدار بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دەستی خۆیان لەم شەڕەدا كراوەتر بكەن. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لەڕێی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا نارد.

باسكردنی بارودۆخی سووریا و چۆنیەتیی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و تێكشكاندنی تیرۆر و خستنەڕووی چارەسەری سیاسی و بۆ دواڕۆژی ئەم وڵاتە و هەروەها پلان و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكی شنگال لە پاش ئازادكردنی چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی١١ـی٢٠١٥ بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی دۆستی دێرینی گەلی کورد، خاتوو دانیال میتران، کرد.

لەو مەراسیمەدا کە لەژێر چاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیریی و هونەریی شڤان پەروەر، بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو دانیال میتران ڕێکخرابوو، سەرەتا سەرۆک بارزانی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بەسەر کردەوە کە کۆمەڵێک وێنەی خاتوو دانیال میتران لە قۆناغە جیاجیاکانی پشتگیریی ئەو دۆستە دێرینەی گەلی کوردستان نماییش کرابوون. هەر لە مەراسیمەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی خاتوو دانیال میتران و وڵاتی فەڕەنسا لە پشتگیرییکردنی گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: کورد و کوردستان قەرزداری ئەو خاتوونەین و هەمیشە یادی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

سەرۆک بارزانی هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وڵاتی فەڕەنسا و گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: پەیوەندیی فەرەنسا و گەلی کوردستان لەمێژینەیە و هەمیشە وەک دۆست و پشتیوان سەیری فەڕەنسامان کردووە، لەکاتی پەلاماری تیرۆریستان بۆسەر کوردستان، سەرۆکی فەڕەنسا هاتە هەولێر، ئەوە پشتیوانییەکی مەزن بوو بۆ گەلی کورستان. ئاماژەشی بەوە کرد کە پەلاماردانی فەڕەنسا لەلایەن تیرۆریستانەوە بەهۆی ئەو هەڵوێستانەوە بوو، هەر بۆنەیەشەوە سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە سەرەخۆشیی لە قوربانییانی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە کرد و ڕایگەیاند:ئەو کردەوە تیرۆریستییانە دەریخست کە تیرۆریستان دوژمنی هەموومانن و دەبێ هەموو جیهانی ئازاد هەڵوێستەکانیان لە دژی تیرۆ یەک بخەن.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: مانەوەی تیرۆریستان تەنیا کاتییە و هیچ داهاتوویەکیان نییە.

هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئالان گیبخات کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر و ژێلبرێت میتران کوری خاتوو میتران و چەند وتاریکی تر پێشکەش کران و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی خاتوو میتران و هەڵوێستەکانی بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان نماییش کرا.

بۆ بینینی دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ئێرە دابگرە.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی