دکتۆر "جگەرخوێن" بۆ دیپلۆماسی ئێرانی: سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی گرینگدا ڕایگەیاند تا دوایین هەناسە لەگەڵ تیرۆریستان شەڕ دەکەین

  • شەممە, 16 ئاب 2014

دکتۆر "جگەرخوێن" لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی گرینگدا ڕایگەیاند تا دوایین هەناسە لەگەڵ تیرۆریستان شەڕ دەکەین و بە پێی ئەم فەرمانە ئێستاکە ستراتێژی چەکداریی هێزی پێشمەرگە لە داکۆکیکردن بەرەو هێرشبردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

دکتۆر "جگەرخوێن" (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی هەرێمی کوردستان و عێراق و باروودۆخی پێشمەرگەکانی کوردستان گوتی: لە ئێستادا باروودۆخی جەنگ نیشاندەدات کە پتەوی و بەهێزی ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا نیشتەجێیە بە پڕچەککردنی ئەوان بە چەکە قورسەکان، لە بەرزتربوونی ئاستی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرانبەر گرووپە تیرۆریستییەکانی داعێشدایە. ئیرادە و توانای هێزەکانی پێشمەرگە بۆ داکۆکیکردن لە مافی کوردستان و خەڵکی کورد، زۆر بەهێزە و ئەم هێزانە ئەزموونی زۆریان لە جەنگە کلاسیکەکان و بە تایبەت شەڕە پارتیزانییەکاندا هەیە، بەڵام پانتایی بەربڵاوی جوگرافی زیاتر لە 1050 کیلۆمەتری بەڕەکانی جەنگ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشبەرە ئینتحارییە تیرۆریستییەکان باروودۆخی تایبەتی پێویستە کە خۆشبەختانە پێشمەرگەکان لەم ماوە کورتەدا تا ڕادەیەکی زۆر ئەو تواناییەیان بەدەستهێناوە.       

گوتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە دەبێت ئەو هەواڵەتان پێبدەم کە لە ڕۆژانی ڕابروودا پێشمەرگەکان توانییان باشترین گورزی مومکین لە داعێش بدەن و ژمارەیەکی بەرچاویان لێبکوژن کە لە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەی ڕابردوودا جێگای سەرنجە. 

دکتۆر "جگەرخوێن" سەبارەت بە ڕۆحییە و جۆری خۆڕاگریی کوردەکان لە بەرانبەر هێرشەکانی داعێشدا گوتی: جەنابی سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی گرینگدا ڕایگەیاند کە تا دوایین هەناسە لەگەڵ تیرۆریستان شەڕ دەکەین و بە هێزەکانی پێشمەرگە فەرمانی داوە کە بە تەواوی توانایانەوە لە بەرانبەر هێرشەکانی تیرۆریستان و دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان بوەستن. ئێمە شایەدی ئەوەین کە هەموو هێزە کوردییەکان لە پارت و حیزبە سیاسییەکان چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا یارمەتی خەڵکی دەدەن و هاتوون بە هانای لێقەومانەوە و لە بەرانبەر دوژمنێکی تیرۆریست بە ناوی داعێش یەکپارچەبوون. 

 گوتیشی: بە پێی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی و دوای بانگهێشت کردن لە هێزە خۆبەخشەکانی خەڵکی و هێزە جەنگییەکانی دیکە و سەقامگیری هێزە پشتیوانییەکان لە بەرەکانی چەند لایەی خۆڕاگر و بەهێزکردنیاندا، بە فەرمانی بەڕێزیان ئێستاکە ستراتێژی چەکداریی ئەم هێزانە لە داکۆکیکردن بەرەو هێرشبردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەمووان لە  چاوەڕوانی فەرمانی کۆتاییدان بۆ هێرش بردنی سەرتاسەری بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان. بەڵام بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ئەم هێرشە تەنیا لە لایەن پێشمەرگەکانە دەکرێت یا بە شێوەی هاوکات سوپای عێراقیش دەست بەم هەنگاوە هەماهەنگ و ڕێکووپێکە دەکات. 

جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران سەبارەت بە هێرشەکانی ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان گوتی: بەختەوەرانە ئەم هێرشانە توانیوییەتی گورژی بەرچاو بەم تیرۆریستانە بگەیەنێت و ئێمە هیوادارین کە بەردەوام بێت و ڕەوتەکە بە شێوەیەک بێت کە چاوەڕوان دەکرێت و بە زووترین کات تەواوی ئەم شارانە و ناوچە بەربڵاوەکانی دیکە بە شێوەیەکی تەواو لە تیرۆریستانی داعێش خاوێن بکرێتەوە.  

دکتۆر "جگەرخوێن" سەبارەت بە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: هەرێمی کوردستان هەر چەندە لە لایەنی هێزەکانی خەڵکیی و چەکداریی و سیاسییەوە بەتوانایە بەڵام لە لایەنی ئابوورییەوە باروودۆخێکی دژواری تێپەڕ کردووە و ئێستاکەش زیاتر لە یەک میلیۆن پەنابەر و ئاوارەی جەنگی تیرۆریزم ڕوویتێکردووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتیی عێراق لەم کاتەی ئێستادا لە لایەنی گشتییەوە دەوڵەتێکی لاوازە، بێ شک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکی زۆر لە بەرانبەر تیرۆریزمی کوێر و نوێی بە ناوی داعێشدا ئێمە زۆر تەنیا ماوینەتەوە. شەڕی ئێمە شەڕ لەگەڵ پاراستن لە بایەخە بەرزە مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی و مرۆدۆستانەکانە. بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردە قێزەونە دژە مرۆڤایەتییە پێویستە کە هەموو هێزە پێشکەوتووە، ئاشتیخواز و دادپەروەرەکان یەکگرتوو بن و یارمەتیمان بدەن.

ئەوەیشی خستەڕوو: لەم باروودۆخە تایبەتەدا و قەیرانی تیرۆریزمی کوێری داعێش، هەموو هێزە خەباتکارە کوردییەکان بە شێوەی یەکپارچە و هەڤاڵان و هاوپەیمانانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان یارمەتیی بەرچاویان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێز "هووشیار زێباری" و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێز "فوئاد حوسێن" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی ئەم یارمەتیانەیان کرد و بە تایبەت یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی عێراق و کوردستانەوە رێزی لێنرا. هەڵبەت کۆمەڵەی خاچی سووری ئێرانیش یارمەتیی خواردەمەنیی و دەواو و دەرمانی بەرچاوی پێشکەش بە ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کردووە کە بەداخەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێراندا ڕەنگدانەوەی نەدایەوە و دەبێت جەخت بکەمەوە کە بەختەوەرانە پەیوەندیی نێوان دوو لایەن لە باشترین ئاستی خۆیدایە.  

دکتۆر "جگەرخوێن" هەروەها سەبارەت بە وتەکانی ئاغای "عەلی یۆنسی" یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆککۆماری ئێران لە کارووباری نەتەوەکان و کەمینە ئایینیی و مەزهەبییەکاندا گوتی: زۆر خۆشحاڵم کە بەڕێزیان بە نوێنەرایەتیی لە دەوڵەتیی ئێران بەم شێوەیە لە بەرانبەر ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کوردەکاندا هاتووە و ئەو مەترسییەی کە لە پێشدایە بیروڕای دەربڕی و هەڵوێستی ئێرانی ڕاگەیاند و ئەم پشتیوانییە بۆتە مایەی دڵگەرمی و خۆشحاڵی ئێمە. 

جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران سەبارەت بە باروودۆخی ئاوارەکانی کورادی ئیزەدی لە چیاکانی شنگاڵ گوتی: بەشی یەگجار دڵتەزێنی ڕووداوە تاڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوەیە کە بە دەیان هەزار کەس لە هاونیشتمانیانی کوردی ئیزەدیمان لە باروودۆخێکی زۆر دژوار بۆ پاراستن لە گیانی خۆیان ڕوویان لە چیاکانی شنگاڵ کرد و بەداخەوە بووە هۆی کارەساتێکی مرۆڤانەیی کە ڕەنگدانەوەی جیهانی بەدواوە بوو، کردەوە بەربڵاوە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: دەرکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵە خێراکانی هەندێک لە هەڤاڵان و هاوپەیمانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێمەی بەدواوە بوو.     

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: بەداخەوە زۆریەک لە منداڵان و بەساڵاچووان و ئافرەتان بە لەبەرچاوگرتنی گەرما پڕووکێنەری هاوین بە هۆی تینوێتی و برسێتییەوە گیاتی خۆیان بەختکرد. بەڵام تا ئێستا بەشێکیی زۆر لەم ئاوارانە بەرەو ناوچە هێمنەکان گواستراونەتەوە و لە ڕێگای ئاسمانەوە لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکا و سوپای عێراقەوە یارمەتیان ئاراستە کراوە و ئێستاکە ئەم جۆرە هاوکارییە ڕوو لە زیادبوونە، هەڵبەت دەبێت ئاماژە بەم خاڵە بکەم کە لە ڕۆژی یەکەمەوە نزیکەی هەزار پێشمەرگە بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ ئەم ئاوارانە لە چیاکانی شنگاڵ بۆ نەهێشتی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر خەڵکی بێتاوان سەقامگیر کرابوون. 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 739

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی