Print this page

نێچیرڤان بارزانى پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا دووپات كرده‌وه‌

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو له‌یلا زانا په‌رله‌مانته‌رى سه‌ربه‌خۆى ئامه‌د و به‌ڕێز سڕڕى سوره‌ییا ئۆنده‌ر په‌رله‌مانته‌رى هه‌ده‌په‌ى ئیستانبول‌ كرد.


له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا و ئه‌و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ى ئه‌م دواییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد له‌ توركیا نرا؛ خرایه‌ به‌ر باس و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئه‌م هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ى به‌ ته‌كانێكى گه‌وره‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد له‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ى سیاسى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى و دانانى ئه‌و چوارچێوه‌ یاسایییه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ خاتوو له‌یلا زانا و به‌ڕێز سڕڕى سوره‌ییا ئۆنده‌ر كه‌ دوایین جار سه‌ردانى دوورگه‌ى ئیمرالییان كردبوو، وێڕاى سڵاو و ڕێز، هه‌روه‌ها پێزانینى به‌ڕێز ئۆجالانیان گه‌یانده‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵ و كۆششه‌ى كه‌ بۆ ده‌سپێكردن و به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا داویه‌تى و داوایان كرد وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ پشتگیریكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسى كورد له‌ توركیا به‌رده‌وام بێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و دواڕۆژى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتووى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار له‌ توركیا، تاوتوێ كران.

 

 

 

 

Read کد خبر: 657