سەرۆکی حکومەت : زۆر هەوڵیاندا کە کوردستان و ئابووری کوردستان هەرەس بهێنێت، بەڵام نەیانتوانی

ئەمڕۆ دووشەممە 20/٣ بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە باڵیۆز و دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییان، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا لە شاری هەولێر، ئاگری نەورۆز هەڵکرا.
لە گوتارێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی رابردوو، زۆر هەوڵیاندا ئابووری کوردستان هەرەس بهێنێت سەقامگیرییەکەی تێکبچێت، بەڵام نەیانتوانی، هەروەها هەوڵیاندا ئیرادەی ئێمە بشکێنن، نەیانتوانی، لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە بەهێزە و خاوەنی سەرۆک بارزانین و پشتمان بە خەڵک بەستووە. 
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان :

ئامادەبووانی هێژا
میوانانی بەڕێز
باڵیۆزەکان و دیپلۆماتکارەکان
هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن
سوپاسی ئامادەبوونی هەر هەمووتان دەکەم
ڕێگەم پێبدەن بەناوی هەر هەمووتانەوە، بەخێرهاتنێکی گەرمی سەروەر و ڕابەر ومەرجعمان سەرۆک بارزانی بکەم.
نەورۆز لە جەنابی سەرۆک و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست پیرۆز بێت.
بەڕێزان
نەورۆز یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێیە، کەواتە سرووشتیش نوێ دەبێتەوە. لێرەدا هەموومان لە کوردستان شایەتی ئەوەین کە لەم رۆژانە کوردستان سرووشتی رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبێت و من لێرە دوو داواکاریم لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست هەیە. یەک: هیوادارم کە دەچنە سەیران و ئەم سرووشتە جوانە دەبینن، هیوادارم بیپارێزن و بە پاکی و خاوێنی رایبگرن. دوو: داواتان لێدەکەم پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆبن، بۆ ئەوەی خۆتان و کەسوکارتان بپارێزن.
بەڕێزان
نەورۆز هێمای ئازادییە، نەورۆز ئاماژەی ئەوەیە کە میللەتێکی ستەملێکراو بەسەر ستەمکاردا سەرکەوت، ئازادی و رزگاری گەلێکی چەوساوەیە. نەورۆز روحیەتی تەحەدای لە گەلی ئێمەدا بەهێزتر کردووە. هەر لە سەرەتای دەستپێکی نەورۆزەوە تاکو ئێستا ئێمە هەمیشە رووبەڕووی تەحەدییات بووینەتەوە بەڵام قەت کۆڵمان نەداوە.
بەڕێزان
لەو ماوەی رابردوو، ئێمە ڕووبەڕووی چەندین تەحەدییات بووینەتەوە، زۆر هەوڵیاندا کە کوردستان هەرەس بهێنێت، ئابووری کوردستان هەرەس بهێنێت، نەیانتوانی. هەوڵیاندا سەقامگیری کوردستان تێکبچێت، نەیانتوانی. هەوڵیاندا ئیرادەی ئێمە بشکێنن، نەیانتوانی. لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە قایمە و خاوەنی سەرۆک بارزانین، هەروەها پشتمان بە ئێوەی خۆشەویست بەستووە.
لەو ماوەیە ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەربکەین و ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانە. هەنگاوی باشیش هاویشتراوە، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەربکرێن. ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران توانیومانە هەنگاوی باش بهاوێژین و رێککەوتنی سەرەتایی بکەین لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانە، هیوادارم هەموو ئەو بابەتانەیتریش کە ماون لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەربکرێن.
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەوەی بەیەکەوە دەتوانین بیکەین، بەجیابوونەوە و سەنگەرگرتن ناتوانین، بۆیە هیوادارم هەر هەموومان بەیەکەوە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان لە کوردستان و لە هەموو عێراقدا.
خوشک و برایانی بەڕێز
لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، ئێوە بینیتان ماوەیەکە هەندێک کێشە هەبووە، بەڵام ئەگەر ئیرادەی باش هەبێت ئێمە دەتوانین ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین. من ئەمڕۆ لە پەیامەکەشمدا، داوامکرد بۆ ئەوەی بەڕێزان تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، من دیسان لێرە دووپاتی دەکەمەوە کە بگەڕێنەوە و هەر هەموومان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەتە و ئەو متمانەیە بین کە پێتان داوین. ئەوەی لەسەر ئێمە واجبە ئەوەیە کە خزمەتی ئێوە بکەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئێوە داوە و سوێندمان خواردووە کە خزمەتکارێکی راستەقینەی ئێوە بین. هیوادارم خودا یارمەتیمان بدات کە بەردەوام لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین.
جارێکتر نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت.

Read کد خبر: 2935

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی