سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: كوردستان گه‌نجى به‌ توانا و داهێنه‌رى هه‌يه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022.11.14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ڕاگه‌ياندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستاندا كرد كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ميوانانى ناوخۆيى و بيانى به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

هەموولایەك بە خێر بێن..

سەرەتا، جەنابی سەرۆك وەزیران لە قسەكانی خۆیدا پیرۆزبایيی ساڵوەگەڕی بنیاتنانی شاری سلێمانی كرد. بە حوكمی ئەوەی پەنجا لەسەدی خۆم سلێمانیم، سوپاسی جەنابیان دەكەم و خۆشم پیرۆزبایی لە خەڵكی شاری سلێمانی و هەموو كوردستان دەكەم، هیوادارم سەركەوتوو و موەفەق بن. بێگومان ئەو كێشانەی كە هەشە، چارەسەر دەكرێت، بە دایەلۆگ و لێكتێگەیشتن هەموو شتێك چارەسەر دەكرێت. دەبێت ئەمە لەم وڵاتەدا بكەینە پیشەی خۆمان و بەردەوامیش بین. سەركەوتوو بن.

دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی جەنابی سەرۆك وەزیران، ئەوەی كە باس كرا زۆر بەداخەوە ئەم بەیانییە بە درۆن و مووشەك لە كۆیە و هەندێك شوێنی سنووری دراوە، هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەوە دووپات بكاتەوە كە دەیەوێت فاكتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەكە و دەیەوێت پەیوەندیی باشی هەبێت لەگەڵ هەموو دراوسێكانی و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئێرانیش دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی هەبێت.

بە ڕاستی ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە كردوومانە و بەردەوامیش دەبین و نابێت هەرێمی كوردستان ببێته‌ سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتم بدەن ئەوەش بڵێم كە هیچ پاساوێك بۆ ئەو مووشەكبارانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ كوردستان نابینین و داوا دەكەین سنوورێك بۆ ئەم جۆرە هێرشانە دابنرێت.

داوا لە بەغدا دەكەین وەك سەروەریی خاكی عێراق كە ئەمە بەشێكە لە پێشێلكردنی سەروەریی گەوەری عێراق، لەم بابەتەدا بێتە دەنگ و سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییە دابنرێت كە لەسەر سەروەریی عێراق دەكرێت.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بەشدارم، به‌شدارى له‌ ڕاگه‌ياندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان، كه‌ دامه‌زراوه‌يه‌كى تا بڵێی گرنگ و زۆریش پێويسته‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان.

هاوكارى و پشتگيريى هاوبه‌شى حكوومه‌ت و كه‌رتى تايبه‌ت و زانكۆكان له‌ دامه‌زراوه‌يه‌دا، پێويست و گرنگه‌ بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ بايه‌خدان به‌ داهێنان و نوێگه‌رى. گه‌نجانى كوردستان به‌تايبه‌تى و هه‌ر كه‌سێكى خاوه‌ن بيرۆكه‌ى تازه‌ و داهێنه‌رانه له‌ هه‌ر بوارێكدا‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتگيرى و سه‌رخستنى بيرۆكه‌ و داهێنانيان، ئيتر ده‌توانن ڕوو لەم دامه‌زراوه‌يه‌ بكەن و پشت به‌م دامه‌زراوه‌يه‌ ببه‌ستن.

دڵنيام له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌ كوردستان به‌ ده‌يان گه‌نج و كه‌سانى به‌توانا هه‌ن كه‌ بيرۆكه‌ى نوێ و جددى و خه‌ون و خولياى داهێنانيان هه‌يه‌. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و پشتگيرى هه‌بێت، ڕه‌نگه‌ ساڵانه‌ گه‌نجانى كوردستان بتوانن له‌ چه‌ندين بوارى زانستى و ته‌كنه‌لۆژى و پزيشكى و بواره‌كانى ديكه‌دا، بيرۆكه‌ى زۆر سوودبه‌خش و ته‌نانه‌ت داهێنانیش بدۆزنه‌وه‌ و پێشكه‌شی بكه‌ن.

ڕه‌نگه‌ زۆرێك له‌ ئێمه‌ چه‌ندين جار له‌ ڕاگه‌ياندن‌ بيستوومانە، بينيومانە، يان خوێندوومانەتەوە‌ كه‌ گه‌نجێك، قوتابييه‌ك، پيشه‌كارێك، كه‌سێك لێره‌ و له‌وێ، بيرۆكه‌ و داهێنانێكى هه‌يه‌ و به‌ هه‌وڵ و تێچووى شه‌خسيى خۆى كارى له‌سه‌ر كردووه‌‌، به‌ڵام زۆر ده‌گمه‌ن، ئه‌و بيرۆكه‌يه‌، يان ئه‌و داهێنانه‌ گه‌يشتووه‌ته‌ قۆناغى كۆتايى، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ خاوه‌ن و پشتيوانى نه‌بووه‌! ده‌رگايه‌كى نه‌بووه‌ بچێت لێى بدات و خۆى بسه‌لمێنێت.

ڕه‌نگه‌ نه‌بوونى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌يه‌كى ئاوا، دڵى ده‌يان گه‌نج و داهێنه‌رى ئه‌م وڵاته‌ى ساركردبێته‌وه‌ لە كاركردن. ڕه‌نگه‌ چه‌ندين جار له‌ چه‌ندين بوارى جيادا، ئه‌وه‌نده‌ هيلاك و ماندوو بووبێ و بێهووده‌ به‌ هيچ ئه‌نجامێكى ئه‌رێنى نه‌گه‌يشبێ، له‌ كۆتاييدا كۆڵيان داوە و وازيان لە بیرۆكەی خۆیان هێناوە. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕاستييه‌كه‌ مايه‌ى داخه‌!

به‌ڵام ئێستا گه‌نجان و كه‌سانى خاوه‌ن بيرۆكه‌ى داهێنه‌رانه، ده‌توانن دامه‌زرانى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان (كه‌ى ئاى ئاى) وه‌ك مژده‌يه‌ك ببينن كه‌ له‌مه‌ودوا ده‌توانن ڕووى تێبكه‌ن. ده‌توانن بێن و له‌م دامه‌زراوه‌يه‌ خۆيان و بيرۆكه‌ و داهێنانيان بسه‌لمێنن. پشتگيرى و پشتيوانيى دارايى بۆ بيرۆكه‌ و داهێنانه‌كانيان بدۆزنه‌وه‌. له‌ ته‌نيا بيرۆكه‌يه‌كه‌وه‌، بيكه‌نه‌ كردار و گه‌شه‌ى پێ بده‌ن. بيكه‌نه‌ به‌رهه‌م و سه‌رچاوه‌ى داهات و ده‌ر‌فه‌تى كار بۆ خۆيان و بۆ گه‌نجان و بۆ خه‌ڵكى ديكه‌ش.

بوونى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى له‌ سه‌رۆكايه‌تيى بۆردى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌دا، بوونى ناوى ديارى كه‌رتى تايبه‌تى وه‌ك كار گرووپ و گرووپى قه‌يوان و زانكۆ و ناوه‌نده‌ ئه‌كاديمييه‌كانى كوردستان له‌ پاڵ ئه‌م دامه‌زراوه‌ و به‌ڕێوه‌بردنيدا، نيشانه‌ و به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كارێكى جددييه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئيتر هه‌موو خاوه‌ن بيرۆكه‌ و به‌هره‌دارێك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت، بتوانێت بێ دووڵى و به‌ متمانه‌ و دڵنياييه‌وه‌، له‌وێ خۆى و بيرۆكه‌ و داهێنانى خۆى بسه‌لمێنێت، گه‌شه‌ى پێبدات، وه‌به‌رهێنانى له‌سه‌ر بكات و بيكاته‌ به‌رهه‌م.

من دەزانم جەنابی سەرۆك وەزیران چەند بە گرنگییەوە باسی ئەو بیرۆكەیەی كردووە و كاری جددی لەسەر كردووە و ئەمە یەكێك بووە لەو خەونانەی كە بەردەوام لەگەڵ من و زۆر كەسی دیكە باسی كردووە. پێش ئەوەی كە ئەم ڕێوڕەسمە بكرێت، چەندین جار تەئكیدی لە من كردۆتەوە كە مەراسیمێك بۆ ئەو یەكجار زۆر گرنگە و پێويستە بەشدار بم، زۆر خۆشحاڵیشم كە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە هاتە پێشەوە و بە ڕاستی مەراسیمێكی زۆر گرنگە و جێی دەستخۆشییه‌ بۆ ئەم بیرۆكەیە لە جەنابیان و لەو بۆردەی كە ئەمڕۆ ئەم ئەنستیتيوتە بەڕێوە دەبەن. پیرۆزبایی و دەستخۆشییان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

گه‌نجان و داهێنه‌رانى كوردستان، هيچيان له‌ هى وڵاتان كه‌متر نييه‌. خاوه‌ن توانا و به‌هره‌ و ئيراده‌ و خه‌ونى گه‌وره‌ن. دڵنيام ئه‌گه‌ر پشتگيرى و ده‌ستگيرۆيى و هاريكاريى پێويست هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌پيره‌وه‌چوون و هاندان و پێزانين بۆ بيرۆكه‌ هه‌بێت، بێگومان داهێنانیان دەبێت، گه‌نجانى ئێمه‌ ده‌توانن وه‌ك خه‌ڵكى ديكه‌ خۆيان بسه‌لمێنن.

ده‌توانن له‌ زۆر بواردا شوێنپه‌نجه‌ى خۆيان جێ بهێڵن و داهێنان‌ بكه‌ن. بۆيه‌ ئه‌ركى حكوومه‌ت و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه، هه‌موو پشتگيرى و يارمه‌تييه‌ك پێشكه‌ش به‌ خاوه‌ن بير و داهێنه‌ران بكه‌ن و خۆيان لێیان بكەن بە خاوەن.

هيوادارم دامه‌زراندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان هه‌نگاوى يه‌كه‌م بێت له‌ پرۆسه‌يه‌كى به‌رده‌وامى پشتگيرى و هاريكارى و كردنه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى زياتر و فراونتر بۆ هه‌ر به‌هره‌يه‌ك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت. ببێته‌ مايه‌ى ئه‌وه‌ى دۆزينه‌وه‌ى زانستى به‌ ناوى گه‌نجان و داهێنه‌رانى كوردستان له‌ وڵات و هه‌نده‌رانيش له‌سه‌ر ئاستى جيهان تۆمار بكرێت.

ده‌بێ ئه‌م ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌ ببێته‌ هانده‌رێك كه‌ گه‌نجانى كوردستان، زياتر خۆيان ماندوو بكه‌ن، لێكۆڵينه‌وه‌، به‌دواداچوون و شه‌ونخونى بكه‌ن و بير بكه‌نه‌وه‌، كە ئەمە تاكە ڕێگەی سەركەوتنی كوردستان و پەڕينەوەی كوردستانه‌ لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكەی زۆر گەورەتر. كوردستان چاوەی لە ئێوەیە و ئێوە دەبێت ئەو كەسە بن كە ئەم وڵاتە بەرەوپێش ببەن. ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ و بيرۆكه‌ و نه‌خشه‌ و پلانى داهێنه‌رانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن‌، ده‌ستى پێوه‌ بگرن و كۆڵنه‌ده‌ن تا ده‌يكه‌نه‌ ڕاستى و شانازييه‌ك بۆ خۆتان و خانه‌واده‌تان و وڵاته‌كه‌تان.

دامه‌زراوه‌يه‌كى وا ده‌توانێت چه‌ند ئاسانكارى و پشتگيرى بكات بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ به‌ ته‌واوى و بێ كێشه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ بگاته‌ ئه‌نجام و هه‌موو قۆناغه‌ ياسايى و زانستييه‌كانى تۆمار و مۆڵه‌ت و (مافى پارێزراو) و (مافى ياسايى) تێپه‌ڕێنيت.

بۆيه‌ دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ بيرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان (كه‌ى ئاى ئاى) و مه‌به‌ست و ئامانجى پشت دامه‌زراوەكە‌، مايه‌ى ده‌ستخۆشى و ڕێز و پێزانينه‌. به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ركيان كێشاوه‌ و كاريان كردووه‌ تاكو توانييان هاتنه‌كايه‌ى ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌ بكه‌نه‌ ڕاستى. هيوادارم له‌ داهاتوويه‌كى ئارام و سه‌قامگيردا ببێته‌ ناوه‌ندێكى به‌هره‌دارانى كوردستان له‌ وڵات و له‌ هه‌نده‌رانيش.

پيرۆزبايى له‌ گه‌نجان و خاوه‌ن بيرۆكه‌ و داهێنه‌رانى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ ئيتر ناوه‌ندێكى پشتئه‌ستوور به‌ پشتگيرى و هاريكاريى سێكوچكه‌ى (حكوومه‌ت ـ كه‌رتى تايبه‌ت ـ زانكۆ) هه‌يه‌ و ده‌بێته‌ تاقيگه‌ى ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ى بچن تيايدا خۆيان و بيرۆكه‌ و داهێنانيان بسه‌لمێنن.

هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان و بەردەوامبوونیان دەخوازم،. ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌م.

سوپاس بۆ هه‌موو لايه‌كتان، ڕۆژێكى خۆش و بە خێر بێن.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-kurdistan-has-talented-and-creative-youth/

Read کد خبر: 2782

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی