نازم دەباغ: پۆستی سەرۆككۆمار پشكی یەكێتییە

SNN-عەلی حەمە سەعید //   نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران ئاماژە بەوەدەكات: بەگوێرەی ئەو عورفە سیاسییەی كە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆككۆماری عێراقیش پشكی كوردەو لەناو كوردیش بۆ یەكێتی نشتیمانی كوردستان یەكلا بووەتەوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە SNNی ڕاگەیاند: بەگوێرەی ئەو عورفە سیاسییەی ماوەی چەند ساڵێكە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستە باڵاكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی شیعە و كورد و سونە یەكلا بوونەتەوە، هاوكات لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش تاڕادەیەكی زۆر ئێران ناڕازی بوو لەو ئەنجامانە چونكە بەدڵی ئێران نەبوون، بەڵام ئەمە بەومانایە نایەت ئێران ڕۆڵی لە پرۆسەی سیاسی عێراق نەمێنێت بەڵكو ئێران دەیەوێت لایەنە سیاسییەكان بە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن.

ئاماژە بەوەشكرد: ئەوەی پەیوەستە بە پشكی كورد لە پۆستە باڵاكانی عێراق بریتیە لە پۆستی سەرۆككۆمار كە بۆ كورد یەكلا بووەتەوە و لە ناو كوردیشدا پشكی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش داوای لە یەكێتی كردووە كە لە دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە وا باشترە كە كۆدەنگی و هاوڕایی پارتی و هێزە سیاسییەكانیشی لەسەر بێت بەو پێیەی كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆككۆمار نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكات و لەدەرەوەش نوێنەرایەتی هەموو عیراق دەكات.

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لە تاران ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستادا شیعەكان بوونەتە پێنج بەرەی جیاواز چواربەرەیان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێرانن و بەرەیەكی دیكەیان كە موقتەدا سەدر ڕێبەری دەكات لەگەڵ ئەو چوارلایەنەی دیكەی شیعەكان نییە، بەشێوەیەكی گشتی دەبێت ڕۆڵ و پێگەی وڵاتانی دەوروبەریش لەبەرچاو بگیرێت بەتایبەت ئێران و ئەمریكا و توركیا، چونكە هەموو ئەو وڵاتانە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە عێراق كاریگەرییان لەسەر پێكهینان و دەستبەكار بوونی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەبێت.

 https://snnc.co/79637/

 

Read کد خبر: 2645

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی