بەرنامەی راپەڕین و ئازادكردنی شاری دهۆك

نازم عومەر دەباغ
(مامۆستا نازم)

بەندە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ بەشداریی لە چالاكییەكانی دەرەوە، دژی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە مانگی نیسانی 1990 بە شاندێك رەوانەی پاریس كرام، لەبەر هەندێك هۆكار بۆ ماوەی چەند مانگێك لە پاریس مامەوە.
بۆ مێژوو پێویستە بوترێت جەنابی رەوانشاد مام جەلال، ئەوكات لە دیدارەكانی دەرەوەی لە لەندەن و لە پاریسیش كە بەندە لەگەڵیدا بووم، باسی لەوە دەكرد كە سەدام پەلاماری كوێت دەدات و دەیگرێت و ئەوەی جێگای سەر سوڕمان بوو لای فەرەنسییەكان پێیان وابوو ئەوە خەونە، كە بەڕێز د.ئەحمەد بامەڕنی وەكو نوێنەری یەكێتی بەشدار بوو.

نامەکەی مام جەلال بۆ سەرکردایەتی چی تێدابوو؟
ئەوەبوو لە 2/8/1990 سەدام پەلاماری كوێتی-دا و كوێتی داگیركرد. بەندە كارەكانم تەواو بوو، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ كوردستان، جەنابی مام جەلال پێی باش بوو لە سوریا سەردانێكی بەڕێزیان بكەم و لەوێوە بگەڕێمەوە بۆ كوردستان.
لە رۆژی 5/8/1990 لەرێگای فڕۆكەوە لە پاریس گەڕامەوە و چووم بۆ دیمەشق، نزیكەی هەفتەیەك مامەوە، لەو ماوەیەدا چەند جارێك بە خزمەت مام جەلال گەیشتم و بەڵێنی دا كە نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسی و بەڕێز رەوانشاد كاك نەوشیروان بنووسێت. نامەكە دوو خاڵی گرنگی تێدا بوو: یەكەمیان سەرنجی بوو لەسەر هەندێك بابەت و قسە و قسەڵۆك لەناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، دووەم لەسەر دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئایندە دوای گرتنی كوێت، كە بۆچوونەكانی وابوو لە سەدام ناگەڕێن لە كوێت بمێنێتەوە و بە دڵنیاییەوە پەلاماری دەدەن و دەری دەكەن، بۆیە پێویستە یەكێتی خۆی ئامادە بكات لەكاتی دەركردنی عیراق لە كوێت و شكاندنی هێزەكانی، جەماوەر و هێزی پێشمەرگە سازو ئامادە بكرێت بۆ سەركردایەتیكردنی راپەڕین و هاوكارییەكی تەواو لەگەڵ ئەندامانی بەرەی كوردستانی. هەروەها نووسیبووی كە ئەویش لە دەرەوە كار لەسەر ئەوە دەكات و لەبەرەی كوردستانی رێككەون لەسەر شێوازی سەركردایەتی كە جەنابی مام جەلال لە دەرەوە سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی بكات و ئەگەر راپەڕینیش كرا، ئەوا جەنابی كاك مەسعود لە ناوەوە سەركردایەتیی پێشمەرگە بكات.
دیارە لە 12/8/1990 گەڕامەوە لە رێگای دیمەشق – تاران و لە تاران چاوم بە بەڕێز كاك قادری حاجی عەلی كەوت و دواتر پێكەوە گەڕاینەوە سەركردایەتی یەكێتی لە قاسمەڕەش.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بڕیاریدا
كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كراو خاڵەكانی نامەكەی مام جەلال گفتوگۆی لەسەر كرا، هەندێك راو بۆچوون هەبوو كە جیاوازیی تێدابوو، بەتایبەتی لەسەر شێوازی گفتوگۆ لەگەڵ سەدام حسێن كە هەموویان جگە لە بەندە و مامۆستا چەتۆ پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە بووین.
لە بابەتی راپەڕین و خۆسازدان، هەمووان یەك رابووین و بڕیاردرا كاك نەوشیروان سەرپەرشتیی بەرنامەی داڕشتنی راپەڕین بكات لەگەڵ رێكخستنەكانی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە كە ئەوكات بە بەرپرسیارێتی بەڕێز كاك ملازم عومەر و ئەندامێتی هەڤاڵان كاك شێردڵ حەوێزی، نەقیب خەلیل، كاك شێخ جەعفەر، مام رۆستەم، كاك حامیدی حاجی خالید و چەند كادر و فەرماندەی بەتواناش لە هێزی پێشمەرگە و مەڵبەندەكان هاوكار بوون، هەروەها رێكخستنەكانی ناو شاریش بۆ دروستكردنی شانە چەكدارەكان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوتە پەیوەندیی و ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ قەوارە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە مانگی 9/1990 دا، سەردانێكی پاریسم كرد، لەو كاتەدا جەنابی كاك مەسعود بە یاوەریی شاندێكی بەرز هاتبوونە قاسمەڕەش و میوانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بوون و لەوێ بەرنامەی تەواوی شێوازی دابەشكردنی میحوەرەكان دەستنیشان كرا.

بەرنامەی راپەڕین بەمجۆرە داڕێژرابوو
بە پێی ئەو بەرنامەیە كە خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان دایڕشتبوو، بڕیاری لێ دەدرێت و هەموو میحوەرەكان بەرپرسیان بۆ دیاری دەكرێت لەسەر بنەمای كێ زۆرترین هێزی هەیە، بەرپرسی یەكەم بۆ ئەوان دەبێت و لایەنەكەی دیكە دەبێتە جێگر و هەروەها حساب بۆ لایەنەكانی تریش بكرێت.
ئەوەی لێرەوە گرنگە لە كۆبوونەوەكانی بەرەی كوردستانی لەسەر پێشنیازی مام جەلال و یەكێتی، بڕیاردرا لە جیاتی دەركردنی بەیاننامەی لێبووردنی گشتی، بانگەوازی ئاشتبوونەوەی گشتی رابگەیەندریت، بۆیە لە سەرەتاوە چەكدارەكانی پاڵ حكومەتی بەعس، زووتر هەستیان بەو دڵنیاییە كرد و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین زەرەرمەند لە دەستی ئەو چەكدارانەی سەربە حكومەتی عیراق یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە سەدان شەهیدی پیشمەرگە و فەرماندە و رێكخستنی بەدەست ئەوان لەدەستدابوو.
كاتێك لە مانگی 10/1990 گەڕامەوە بۆ سەركردایەتی، باس لەوە كرا كە هەموو میحوەرەكان بەرپرسی بۆ دانراوە و هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی كراوە بە بەرپرسی پارێزگایەك جگە لە دهۆك كە كەسی بۆ دانەنرابوو.
دیارە ئەوكات جەنابی كاك كۆسرەت ئەندامی مەكتەبی سیاسی نەبوو، بەڵام وەكو ئەندامی سەركردایەتی بە شایستەیی و ئازایی و بەتوانایی لە سەركردایەتی كردنی شاری هەولێر، ئەو بەرپرسیارێتییەی پێدرا.
كاك ملازم عومەر بۆ پارێزگای سلێمانی و كاك فەرەیدون عبدالقادر بۆ كەركوك و وەكو باسمان كرد كاك كۆسرەت بۆ هەولێر و جەنابی كاك نەوشیروانیش وەكو فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ جەنابی كاك مەسعود.
منیش بەلامەوە سەیر بوو كە شوێن بۆ بەندە دیاری نەكرابوو، چوومە لای كاك نەوشیروان چاوەرێی كۆبوونەوەم دەكرد، پرسیارم كرد ئەرێ بۆچی هیچ شوێنێك و كارێك لە بەرنامەی راپەڕین بۆ بەندە دیاری نەكراوە؟
لەوەڵامدا وتی: نەمانزانی وازوو دێیتەوە، لەگەڵ ئەوەی وتم كاك نەوشیروان خۆت دەتزانی مۆڵەتی من یەك مانگ بوو وا هاتمەوە، (دیارە ئەو وای دانابوو كە منیش وەكو ئەو برادەرانەی دەچوونە دەرەوە، درەنگ دەگەڕانەوە وا دەكەم).

نەمویست لەو سەروەرییە بێبەش بم
وتی: باشە تەنها دهۆك ماوە، ئەگەر دەچیت، منیش بەشانازییەوە وتم من پێشمەرگەم، هەر شوێنێك بێت دەچم و نامەوێت لەم سەروەرییە بێبەش بم. وتی: باشە.
ئەوكات جەنابی كاك ملازم عومەر و عەقید دارا تۆفیق، لە ماڵەكەی بوون. وتم: باشە چی بكەم بۆ دهۆك، خۆ من نەكەس دەناسم و نە هێزێكی ئەتۆی پێشمەرگە هەیە لەگەڵ خۆمدا بیبەم، پێویستم بە هاوكاریی جەنابت و مەكتەبی عەسكەرییە.
دیارە كاك نەوشیروان وەڵامێكی دامەوە كە دڵخۆشكەر نەبوو، بەڵام جەنابی كاك ملازم عومەر وتی: نازم خەمت نەبێت، ئەگەر بچیت من هاوكاریت دەكەم، لێرەوە جارێكی تر سوپاسی كاك ملازم عومەر دەكەم.
هەر لەوێ بڕیاریدا لەگەڵ خوالێخۆشبوو نەقیب خلیل، هەموو ئەو پێشمەرگانەی بادینان كۆبكەینەوە، كاك نەقیب خلیل وەكو فەرماندەی گشتیی هێزی بادینان و بەندەش وەكو بەرپرس و سەرپەرشتیار دەستبەكار بووین.
داوای هێزێكی تایبەتم كرد كە لەگەڵماندا بێت، ئەوە بوو بە بڕیاری كاك ملازم عومەر و بە ئامادەیی كاك عوسمان شارستێنی بە هێزێكی خۆیەوە كە لەگەڵیدا بوون ‌و نزیكەی 50 پێشمەرگە دەبوون، لەگەڵماندا بن. كەوتینە پەیوەندیی و خۆسازدان، بەگشتی توانرا هێزێكی 180 كەسی ئامادە بكەین لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ناوچەی بادینان كە لای خۆمان لە ئۆردوگای زێوە و ئێران بوون.

تەنها برادەرانی کۆمەڵە لەبادینان هەبوون
ئەو چەند مانگە لە سەرەوە خەریكی پلان و بەرنامە بووین، هەروەها سەرقاڵی ئاگاداركردنی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەفرەزە پارتیزانەكانی یەكێتی بووین لە ناوچەی بادینان كە بەسەرپەرشتی شەهید حەسەن سەلیم و كۆمەڵێك لە هەڤاڵانی لەوێ بوون.
بێگومان دەبێت ئەوەش بڵێن كە ئەو سەردەمە تەنها وەكو رێكخستنی برادەرانی كۆمەڵە لەوێ بوون و باڵادەست بوون.
لەپەیوەندیدا لەگەڵ برادەرانی پارتی
رۆژێك لە كۆتایی مانگی شوباتی 1991دا جەنابی كاك كۆسرەت كە ماڵەكەی لە مەهاباد بوو و لەباڵاخانەیەكدا پێكەوە لەگەڵ ئێمە دەژیان و تەنها دیوارمان هاوبەش بوو، وتی: با بچینەوە مەهاباد، لەویشەوە سەردانێكی راژان و جەنابی كاك مەسعود بارزانی بكەین، بۆ چەند رۆژێك پێكەوە چووینە مەهاباد، پێموایە كۆتایی مانگی شوبات بوو، شەو درەنگانێك كاك كۆسرەت لە دەرگای نێوان ماڵی خۆی و ئێمەدا وتی: ئەگەر مزگێنییەكی خۆشت پێ بڵێم چیم بۆ دەكەی ؟ وتم: دڵنیابە بەپێی شایستە و دڵخوازی خۆت.
وتی: وا هاوپەیمانی لە كوێتی دا، هەر دەبێ بەیانی سەردانی كاك مەسعود بكەین و بگەڕێینەوە بۆ قاسمەڕەش و خۆمان ئامادە بكەین.
پێكەوە بەیانییەكەی چوینە راژان و لەوێ چاومان بە كاك مەسعود و بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی كەوت. باس لە بارودۆخ كراو كاك كۆسرەت داوای لە جەنابی كاك مەسعود كرد و وتی: بەپێی رێكەوتن، پێویستە جەنابت بێیتە قاسمەڕەش و سەركردایەتیمان بكەیت، هەر وەكو مام جەلال-یش لە دەرەوە سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی دەكات.
هەر لەوێوە لە رێگای پیـرانشار (خانە) گەڕاینەوە بۆ قاسمەڕەش و كەوتینە خۆسازدان و كۆبوونەوە و پەیوەندیكردن بە پارتیزانەكانەوە كە لە خوارەوە بوون، لە هەموویان نزیكتـر لە سەركردایەتی كە وەكو دەروازەی پەیوەندیی و راپەڕینیش بوو، مەفرەزەی پارتیزان كاك عەزیز بەگ و كوردەی كوڕی بوو.
لەبەرنامەی پارتیزانەكاندا بەڕێز كاك نەوشیروان داوایكرد كاك عەزیز بەگ بۆ ناوچەی رانیە كە پیاوێكی شارەزاو دڵسۆز بوو ناویشی نا بە هەڵۆی پیـر كە لە رێگای دەزگای بێسیمەوە كە لەلایان بوو پەیوەندی كراو وتیان ئامادەین و لە پەیوەندیداین لەگەڵ شانە چەكدارەكان و سەركردایەتی.
بەرەبەیانی رۆژی 5/3/1991 هەواڵ هات كە لە رانیە راپەڕین بووە و شاری رانیە پاككراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە كاك عەلی نەبی كۆمەڵێك كەسی تر شەهیدبوون.
لە مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوە كراو بڕیاردرا هێزەكانی قاسمەڕەش بە زوویی بكەونەڕێ‌ و ئاگاداری كاك مەسعودیش كرا كە راپەڕین دەستی پێكرد و چاوەڕێی ئێوە دەكەین.
رۆژی 6/3/1991 بڕیاڕ درا هێزەكەی بەندە لەگەڵ ئەوانەی دیكەدا كە دەیانەوێت بچینە خوارەوە لە ناویاندا خۆشكی بەڕێز هێرۆخان ئەوكات لە قاسمەڕەش بوو لەگەڵ هێزەكەی سكرتارییەت ئامادەبوون و هەموو پێكەوە بەڕێكەوتین بۆ رانیە، لەلایەن كاك عەزیز بەگەوە پێشوازیمان لێكرا.

بڕیاری ئازادکردنی ناوچەکان درا
سەرلەبەیانییەكەشی جەنابی كاك نەوشیـروان گەیشتە رانیە كە بەڕێزیان كاك كۆسرەت و شەهید حەسەن كوێستانی و كاك شێردڵ حەوێزی ‌و كۆمەڵێك كادر و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەشی لەگەڵدا بوو.
لە رۆژانی 7 و 8 و9 و10ی 3/1991، هەموو ناوچەی چوارقوڕنە، سەروچاوە و تا دەگاتە كۆیە و سلێمانی ئازاد كران.
دوای هاتنە خوارەوەی جەنابی كاك مەسعود و ئازادكردنی بێتواتە، كاك نەوشیـروان و كاك مەسعود بارەگایان بردە بێتواتە و رۆژی 10/3 بەندە چووم سەردانی كۆیە بكەم، لەوكاتەدا بروسكەیەكمان لە جەنابی كاك مەسعودەوە بۆ هات كە ئامادەیین و بڕۆین بەرەو بادینان، چونكە بڕیارە 11/3 شاری هەولێر رزگار بكرێت و لەوێشەوە بچین بۆ دهۆك.
دەستبەجێ گەڕامەوە رانیە و بێتواتە و چووین بۆ لای كاك مەسعود، كاك نەوشیـروان ئاگاداری كردین كە ناوچەی حەریر و باتاس و رواندزیش ئازادكراون، بۆیە دەكرێت بچینە حەریر و لەوێوە خۆمان ئامادە بكەین بۆ بادینان و دهۆك لەگەڵ شەهید حەسەن كوێستانی و شەهید دڵشاد حەسەن و شەهید تەحسین كاوانی كە هەرسێكیان گیانی پاكیان بە كورد و یەكێتی و پێشمەرگە سپارد و شەهید بوون.
رۆژی 11/3 لە حەریر پەیوەندیم پێوەكردن و شەوی 11 لەسەر 12ی 3، بەدوای كاك عەبدولـموهەیمەندا دەگەڕام، چونكە سەركردایەتیی هێزەكەی پارتی بوو بۆ بادینان، تا بزانم بەرنامەمان چۆن دەبێت بۆ رۆیشتن. شەو لە ماڵی حسێن ئاغای سەرچیا چاوم بە بەرپرسێكی ئێرانی كەوت كە لەگەڵیدا بوو، دەمناسی. ویستم بە ناوی خۆی سڵاوی لێ بكەم، دەمم نەكردەوە وتی: (حاجی عەلی!) بە زەردەخەنەوە ئەحواڵیم پرسی و بەخێرهاتنی حاجی عەلیم كرد.
دیاربوو باس لە بارودۆخی بێخمە كرا و منیش وتم: «من خۆمی پێوە مەشغوڵ ناكەم، نامەیەكم دا بە كاك عومەر ئاغای سورچی وەكو نوێنەری یەكێتی، دیارە مەبەستم هەبوو، بروسكەشم بۆ شەهید حەسەن و شەهید دڵشاد كرد كە بەپەلە نوێنەریان بنێرن بۆ دەستبەسەر داگرتنی كەلو پەلی بێخمە.
وا باسكرا كە دەبێت چاوەڕێ بكەین تا هەولێرو رێگای فائیدە كۆنتـرۆڵ دەكرێت، ئەوكات لەگەڵ هێزەكەی برادەرانی پارتی بەڕێبكەوین بۆ دهۆك.
كەوتمە بیر كردنەوە لەوەی ئەگەر وا بڕوات، دەبێت هێزەكەی یەكێتی وەكو پاشكۆ لەگەڵ هێزەكەی پارتیدا بچینە دهۆك، هێزەكەی ئەوان نزیكەی 1500 تا 1600پێشمەرگە بوو.

بەمجۆرە لە پردی قەندیل پەڕینەوە
دوعا خوازیم كرد و چوومە حەریر بۆلای شەهید تەحسین كاوانی و پێم وت: كاك تحسین كارێكمان پێ ناكرێت تا ئێمە زووتر بڕۆین لە رێگای ئاكرێ؟، وتی: با، بەڵام تۆ ئامادەی بچیت؟ وتم بەدڵنیاییەوە دەچم. وتی: ئەمشەو پەیوەندیی دەكەم و بەیانی ئاگادارتان دەكەمەوە.
ئەوە بوو پەیوەندیی بە رێكخستنەكانی ئاكرێ-وە كرد كە كەسێك ئەوكات بەناوی نەقیب فەیسەڵ كە ئەفسەری پۆلیس بوو، سەرپەرشتی شانە چەكدارەكان و رێكخستن بوو، وتی: وادەكەین 13/3 سەرلەبەیانیەكەی دەست پێ بكەین و دڵنیای دا كە سەركەوتوو دەبین.
بۆ نیوەڕۆكەی ئۆتۆمبێل دەهێنینە سەر رێگا لە ناوچەی پردی قەندیل و دەیان پەڕێنینەوە. لەڕاستیدا زۆر راستگۆیانە ئەو كارەیان كردو یەكەم نەقیب خەلیل پەڕییەوە و دوا بەدوای یەك هەموومان. بۆ ئێوارەكەی ئێمە لە ئاكرێ نانمان خوارد و حەواینەوە.
لێرەدا پێویستە باسی شانە چەكدارەكانی هێزەكەی كاك سوارەی عەباس ئاغا بكەین كە ئەوكات لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پاراستنی ناوچەی شێخانیان پێ سپێردرا بوو. دەستبەجێ كە زانییان ناوچەكەیان چۆڵكرد و كارئاسانیان بۆ كردین و هاوكارییان كردین.
بۆ رۆژی دواتر لەرێگای شێخانەوە بە ئۆتۆمبیل بەرەو دهۆك بەڕێكەوتین. دیارە شەوەكەی لە رێگای بێسیمەوە ئاگاداریان كردینەوە كە دهۆكیش ئامادەیە و بەیانی 14/3/1991 كاتێك لەگەڵ هێزەكەدا گەیشتینە دهۆك، شاری دهۆك بە تەواوی ئازادكرابوو، برادەرانی ریكخستنی شار و پارتیزانەكان دەستیان بەسەر دهۆكدا گرتبوو. ئەوانەی كە لەبیرمە وەكو بەرپرسی رێكخستنەكانی یەكێتی، كاك عارف روشدی و كاك حسێن برای شەهید نەقیب خلیل، هەڤاڵ سدیق ئامێدی، سادق عومەر سندی، عەلی شەعبان و چەند كادرێكی تر.

بروسکەی کۆتایی نێردرا  بۆ کاک نەوشیروان
لە فەرمانگەی ئاگركوژێنەوەی دهۆك كە وەكو بارەگا دیاری كرابوو، هەر لەوێ كاك سەركەوت كە كادرێكی خوێندەوار بوو، بەرپرسیاری دەزگای بێسیمەكەمان بوو، زوو بێسیمەكەی دامەزراند و پەیامێكی بۆ كاك نەوشیروان نارد كە ئەوكات كاك نەوشیروان بەناوی مەولود و بەندە بەناوی سەهەند بوو. لە سەهەند-ەوە بۆ مەولود، ئاگاداری كردەوە كەوا سەعات 2:35 لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 14/3 ئێمە گەیشتووینەتە دهۆك و شارەكە بەتەواوەتی ئازاد كراوە.
جگە لە هێزەكانی یەكێتی بە لێپرسراوێتی حەسەن سەلیم كە بەرپرسی هێزی پارتیزانەكانی ئەوێ بوو، هێزەكانی برادەرانی پارتیش ئەوكات بە سەرپەرشتیی بەڕێز كاك دكتۆر كەمال كەركوكی و لەگەڵ پارتی گەل بەشداربوون لە ئازادكردنی دهۆكدا.
كاتێك بروسكەكە دەگاتە دەست كاك نەوشیروان لەگەڵ كاك مەسعود هەریەك لە ژوورێك دەبن و نزیك بەیەك (ئەوە قسەی كاك حسێن سنجاری- یە كە ئەوكات لەگەڵ كاك نەوشیروان بوو.
هەڵدەستێت و دەچێتە لای كاك مەسعود، وەكو مژدانەیەك دەڵێت كاك مەسعود ئەوە ناشارەزاكەی ئێمەیە بەتەنها وەكو یەكێتی گەیشتۆتە دهۆك، دیارە وەكو خۆی لەبری تەقدیر كاك مەسعود دەڵێت: خۆ بڕیاربوو هەموو پێكەوە بچین بۆ دهۆك، دیارە فێڵی لە برادەرانمان كردووە، نەدەبوایە بێ ئەوان بچن.
بۆ بەیانییەكەی هێزەكەی برادەرانی پارتی هەر هەمووی گەیشتن و لە دهۆك چاومان بەیەكتری كەوت كە بریتی بوون لە كاك عەبدولموهەیمەن و زەعیم عەلی و كاك بابەكر زێباری و كۆمەڵیك لە فەرماندە و كادری دیكە كە ناوی هەموویانم لەبیر نەماوە و رێككەوتین كە لەمەودوا لەگەڵ یەكتریدا هاوكاربین.

گەڕانەوەی مام جەلال و هێرشەکانی دوژمن
لە رۆژی 16/3 حكومەتی عیراق لە ناوچەی فاییدەوە دەستی كرد بە هێرش و پەلاماردان بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها لەگەلی دهۆك، شەهید حەسەن سەلیم لە شەڕەكاندا لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا شەهید ببوون، پەیامیش هات كە جەنابی مام جەلال لە سوریاوە لەگەڵ كۆمەڵێك كادرو فەرماندەدا لەرێگەی فیشخاپوورەوە دەگەڕێنەوە كوردستان، لەوانە خوالیخۆشبوو جەبار فەرمان و كاك ئەحمەد بامەڕنی و لەسكرتاریەتیشەوە هێزێكی سكرتارییەت بە سەرپەرشتیی دكتۆر كەریم هاتن بۆ زاخۆ، هەموو چووین بۆ زاخۆ بۆ پێشوازیی لە جەنابی مام جەلال.
بەڕێز مام جەلال لەرێگەی فیشخاپوور لە 25/3 گەڕایەوە.
كە گەیشتن سەرەتا چوونە زاخۆ بوو بۆ بەردەم قایمقامییەتی زاخۆ، لەوێ بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر وتارێكی گرنگ ‌و بەنرخی خوێندەوە، دواتر چاوی بە كۆمەڵێك كەسایەتیی و لایەنە سیاسییەكان كەوت.
بۆ بەیانییەكەی بەرەو دهۆك بەڕێكەوتن و هەر ئەوكات كاك جەبار فەرمانی نارد بۆ بەرەی شەڕەكانی فاییدە كە بارودۆخەكە خراپ بوو، بەندە و هێزەكەش بۆ هەندێك كار لە زاخۆ ماینەوە و بەرنامەی چاوپێكەوتنم هەبوو لەگەڵ كوردەكانی سلۆپی، و بەیانییەكەی دوای پاشەكشەی پێشمەرگە لە فاییدە، بارودۆخ زۆر خراپ بوو. خەڵك دەستیكرد بەكۆچ و شڵەژانێكی ناخۆش روویدا و ناچار جەنابی مام جەلال دوای چەند كۆبوونەوەیەك لە دهۆك، دوای زۆر لێكردنی زۆربەی كەسایەتییەكان، دهۆكی بەجێهێشت بەرەو سلێمانی و بەندەش لەڕێگەی باتوفەو ئامێدییەوە (كە پێشتر شارەزاییم هەبوو) بەرەو بارزان و دواتریش بەرەو رواندز بەڕێكەوتم.

 

https://knwe.org/?p=64278

Read کد خبر: 2315

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی