زانیارى نوێ لەبارەى خێزانە هەڵەبجەییەکە و تۆمەتبارەکان بڵاو دەکرێتەوە

 ناس کورد-ئەحمەد مستەفا // نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران ڕایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکانى خێزانە هەڵەبجەییەکە تەندروستى خراپە و ئێرانیش ئەرکى چارەسەرکردنى بریندارەکانى گرتوەتە ئەستۆ..

کۆتایی هەفتەى ڕابردوو سێ کەسى دانیشتووى هەڵەبجە، کە لە ژن و مێردێک و دایکى پێکهاتبوو، بەمەبەستى چارەسەرى پزیشکى سەردانى ئێرانیان کردبوو، بەڵام لە ورمێ “دەرمانخوارد کران و هەوڵى سوتاندنیان درا”.

نازم دەباغ نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئەو سێ کەسە لە نەخۆشخانەى ئیمام خومەینى لە ورمێ چارەسەر دەکرێن، ڕەوشى ژنەکە خراپە، بەڵام بارودۆخى پیاوەکە باشە”.

وتیشى “قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوایکردبوو ئەرکى چارەسەرکردنى ئەو کەسانە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام ئێران وتویەتى خۆمان چارەسەرى دەکەین لەبەرئەوەى میوانى ئێمەن”.

ئەو سێ کەسە دوانیان بە ڕێژەى جیاواز سوتاون کە لە ژن و پیاوەکە پێکهاتوون، ژنەکەى دیکەش کە دایکى پیاوەکەیە بەهۆى هێرشکردنە سەرى بە چەقۆ برینداربووە.

نازم دەباغ وتى “لەسەر ڕووداوەکە 11 کەس دەستگیرکراون سیانیان تۆمەتبارى سەرەکین کە خەڵکى ورمێن”.

باسى لەوەشکرد، داوایان لە ئێران کردووە بەدواداچوونى جدى بکەن لەسەر کەیسەکە، ئەوانیش وتویانە بەوردى بەدواداچوون دەکەن و ڕووداوەکەشیان بە تاوان ناوبردووە کە دەرهەق بەو گەشتیارانە کراوە.

دواى چەند ڕۆژێک لە ڕووداوەکە، ئەمڕۆ کەسوکارى ئەو سێ کەسە چوونە ورمێ و لە نەخۆشخانە چاویان بە بریندارەکان کەوت.

بەوتەى نازم دەباغ،  ئەو سێ کەسە لە ماڵێک دەرمانخوارد کراون و دواتر ویستراوە بسوتێنرێن.

 

https://www.nasnews.com/ku/%d8%a6%db%8e%d8%b1%d8%a7%d9%86-%d9%82%d9%88%d8%a8%d8%a7%d8%af-%d8%aa%d8%a7%da%b5%db%95%d8%a8%d8%a7%d9%86%d9%89-%da%95%db%95%d8%aa%d8%af%db%95%da%a9/

 

 

Read کد خبر: 2277

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی