نازم دەباغ: هەرێمی کوردستان تورکیا بۆ وتووێژ بانگهشێت دەکات

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی درێژەپێدانی شەڕ لە سووریای هەیە و داواکاریی وەستانی هەر چی زووتری شەڕ و دەستپێکردنی دانووستان و وتووێژە. لایەنەکان دەبێت گرفتەکان بە دانووستان چارەسەر بکەن، چونکە درێژەپێدانی شەڕ دەبێتە هۆی وێرانی و هەروەها پەرەسەندنی داعش. بە درێژایی مێژوو هیچ کاتێک گرفتەکان بە شەڕ چارەسەر نەکراوە. لە پەیوەندیی لەگەڵ مەسەلەکانی ناوخۆی عێراقیش سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە کە بەڕێز بارزانی سەرۆکی هەرێم دەریکرد ڕوون و ئاشکرایە. ئێمە لە دژی حکوومەتی ناوەندی نین. باشترین جێگرەوە و باشترین حکوومەت کە لە بەغدا ئەمڕۆکە بوونی هەیە ئەو داموودەزگایەی ئێستایە. هەر بەم هۆیەوە بیرووڕای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە دەبێت حکوومەتی عێراق هەر چی زووتر بەشوێن داواکارییە شەرعی و یاسایی و واقعییەکانی ناڕازییەکانەوە بچێت و ئەو دروشمانەی کە ئەوان دەیاندا لەوانە: بێکاریی و دژی گەندەڵی و خزمەتکردن و چاکسازی بە شوێن داواکارییەکەیانەوە بچێت.

 

 

 

دیدارنیووز ـ ڕەسووڵ شکووهی: ئەزموونێکی زۆری هەیە. لە نێوان قسەکانیدا بە باشی دەتوانرێ لەوە تێبگەی. هەم ئەزموونی خەباتی هەیە، هەم شۆڕشی بینیەوە و هەمیش شەڕ. مامۆستا بووە و بۆتە سیاسەتمەدار. "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێرانە و لە ڕوخسارە سیاسییەکانی کورد دێتەئەژمار کە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. ئەو کە لە ساڵی 2008 نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێرانە بە باشی بە فارسی قسە دەکات و وەکوو هەموو کوردێک میواندار و قسە خۆشە.

 

دوای ساڵانێک ئەزموونی کاری سیاسی داکۆکی لە هەوڵە چاکسازییەکان دەکات و لە هەر جۆرە توندڕەویی و گۆڕانکاریی کاتی خۆی دوور ڕادەگرێت. لە شیکردنەوەدا هەوڵدەدات هۆکارە جۆراوجۆرەکان لەبەرچاوبگرێت و چەند لایەنە هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکان بکات. ڕێگەچارەی گرفتەکانی ناوچەکە لە ناوخۆی ناوچەکە دەزانێت و هیوای بە هەوڵەکانی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا نییە. بەسەر مێژوودا زاڵە و هەوڵدەدات لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا لە نموونە مێژووییەکان کەڵک وەربگرێت.

 

لەگەڵ بەڕێزیان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایانەی عێراق و مەسەلەی تورکیا و ڕووداوەکانی سووریا قسەمان کرد. دەباغ ڕیشەی ئاڵۆزییەکان لە عێراقدا لە مەسەلە ناوخۆییەکاندا دەبینێت کە لە درێژەدا دوژمنەکانی عێراق بەلاڕێیاندا برد. ئەو جەخت لەسەر دانووستان و شەڕ نەکردن دەکاتەوە و ڕێگەچارەی مەسەلەکان لە پێکهێنانی یەکێتییەکی ناوچەیی دەزانێت.

 

لە درێژەدا، وتووێژی دیدارنیووز لەگەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەخوێننەوە:

 

 

 

دیدارنیووز: ئەمڕۆ هەمووان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایانەی عێراق ئاگادارن و ئەم گۆڕانکاریانە پەرۆشی بەدیهێناوە. هەندێک ئاماژە بە دەستێوەردانە بیانییەکان دەکەن و گرووپێکی دیکەش قەیرانی لاوازیی و گەندەڵی لە دەوڵەتی عێراقدا دەخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایانەی عێراق چییە و ڕۆڵی کام یەک لە هۆکارەکان بەهێز دەبین؟

 

نازم دەباغ: بە بڕوای من ئەو باروودۆخەی کە لە عێراقدا تێپەڕدەبێت، ئاکامی سیاسیەتی ناحەکیمانەی حکوومەتی عێراقە بە درێژایی ساڵانی دوای ڕووخانی سەدام حوسێن. بەو ڕێژە داهاتەی کە عێراق هەیبووی تا ئەمڕۆکە نەیتوانیوە خزمەتی خەڵکی بکەن تاکوو خەڵکی ڕازیی بن. شایەدین کە زۆربەی ناڕازییەکان لە سەر شەقام، گەنجەکانن. ئەو گەنجانە شایەد زۆر ئاگاداری ڕابردوو نەبن، بەڵام لە باروودۆخی ئێستادا کەم داهات، کەم خزمەت و بێکارن و هەست دەکەن خزمەتی تەندروستی و ئاو و کارەبا و هەمووی ئەو شتانە کەمبێت یا خود نەبێت، ئاشکرایە کە هەستیان بەرزبێتەوە کە بە شوێن داواکارییەکانی خۆیانەوە بن. کاتێک کە خەڵکی عێراق ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن، باروودۆخێک دێتە پێشێ کە کەسانێک کە عێراقیان خۆش ناوێت و یا باروودۆخی ئێستای عێراق پەسەند ناکەن دێنە ناو گۆڕەپانەکوە و دەیانەوێت کە ڕێپێوانەکان بەرەولایەکی دیکەوە بەرن. هەر بەم هۆیەوە بە بڕوای من ئەمڕۆ عێراق باجی ئەم سیاسەتە بێلایەنە لە ناوچەکەدا دەدات. ئەمەریکا پێی خۆش نییە عێراق بێلایەن بێت. بەڵام بەم دوایانە کە سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و لەوێ وتاری پێشکەش کرد پەیامەکەی ڕوون و ئاشکرا بوو. پەیامێکی بێلایەن و ئەو پەیامەی کە عێراق ئامادەیی هەیە لەو هەنگاوانەی کە بۆ سەقامگیری و دابینکردنی هێمنی لە ناوچەکە هەڵیدەگرێت پێشوازیی بکات و بە جیاتی بەشداریی وڵاتانی بیانی، وڵاتانی ناوچەکە دەبێت لەگەڵ یەکتری یەکگرتوو بن تاکوو ئاسایشی خۆیان بپارێزن. سەرۆک وەزیرانی عێراقیش سەردانی چینی کرد و دوای چین سەردانی سعوودیای کرد. بە گشتی تەواوی پەیامەکانی بەرپرسانی عێراق ئەوە بوو هەم بێلایەنین و هەمیش ئامادەییمان هەیە کە سیاسەتی ناوچەیی خۆمانمان هەبێت. بە تایبەت سەرۆک کۆمار پێشنیازیدا کە بۆ ڕاگرتنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە کۆمەڵەیەکی هەرێمی پێکبێت. چونکە باشترین ڕێگا هەر ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە بۆخۆیان بتوانن ئاسایشی خۆیان بپارێزن. ئێستاکە کە گۆڕەپانەکە شڵەژاوە، دوژمنانی عێراق بە کارایی دێنە ناوەوە و عێراق باجی ئەوە دەدات. ئەگینا من لەو بڕوایەدام کە هێزی ئاسایشی پۆلیسی عێراق بەو شێوەیە بێت کە تەقە لە خەڵکی خۆی بکات چونکە ئەو کردەوەیە، کردەوەیەکی بەعسیانەیە. ئەم کردەوەیە کاری دیکتاتۆڕەکان و ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێت خەڵکی سەرکوت بکەن.

 

ئەم باروودۆخە نوێیە کە لە عێراقدا بوونی هەیە هەم مەرجەعییەتی شیعە، نووسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانی و هەم خودی حکوومەت یانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەڕڵەمان و سەرۆک وەزیران و هەم هەرێمی کوردستانیش پەیامیان دەرکردووە کە نابێت خەڵکی ئیزن بدەن کە ڕێگای ڕێپێوانەکان بگوڕدرێت و بە جیاتی دروشمەکان و داواکارییە شەرعی و یاساییەکانی خۆیان بە شەڕ و ناخۆشی کۆتایی پێبێت. شایەدی هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ گوێگرتن لە دەنگی ناڕازییەکانین. سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەڕڵەمان لەگەڵ نوێنەرانی ناڕازییەکان کۆبوونەوە و سەرۆک کۆمار نەخشە ڕێگایەکی ئاراستە کرد. سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە وڵامی هەندێک لە داواکارییە ڕەوا و دروستی ناڕازییەکان بدرێتەوە و بە زوویی پێوشوێنی بگیرێت و بە زووترین کات وڵامیان بدرێتەوە و کارا بکرێت. ئێستا حکوومەتی عێراق لە باروودۆخێکدایە کە ئیشەڵڵا بتوانێت گۆڕەپانەکە ئارام بێت و چاکسازی دژی گەندەڵی و دادگاییکردنی گەندەڵەکان لە حکوومەتدا دەست پێبکات. دەبێت ببینین لە داهاتوودا چ ڕوودەدات.

 

    

 

دیدارنیووز: ئەگەر بمانەوێت بە دەرئەنجامێک لە قسەکانی ئێوەدا بگەین ئەوەیە کە ئێوە لەوبڕوایەدان ئەم ڕووداوە ڕیشەی بەتەواویی ناوخۆیی هەیە. بەڵام کاتێک کە کەشووهەواکە تێکدەچێت ئەو کاتەیە کە دوژمنانی عێراق و کەسانێک کە سەقامگیری ناوچەکە بۆیان گرینگ نییە، کەشووهەواکە ئاڵۆزدەکەن.

 

نازم دەباغ: سەتاسەد بەم شێوەیەیە. یانی تەنانەت شتێک کە لە میسر و لیبی دەگوزەرا هەموو پەیوەندیی لەگەڵ یەکتری هەبوو. بۆ نموونە زۆربەی وادەزانن کە ئێران لە پشت ئەم ڕێپێوانانەدان. بۆمن جێگای سەرسووڕمانە. کاتێک حکوومەتی نوێی دامەزرا ئێران زۆر ڕازیی بوو. هەندێک گوتیان عادل عەبدوالمەهدی دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە و واز لە سەرۆک وەزیری بێنێت. پرسیار ئەوەیە کە عەبدوالمەهدی بۆ چ کەسێک دێت؟ کاتێک کە ئەو قسەیە یا ئەو داواکارییە دەکەن خۆی لە خۆیدا قسەیەک لە دژی عێراقە. تێکدانی بەرپرسیارییەتی حکوومەت، باجی هەیە. خودا لێیخۆشبێت بەڕێز تاڵەبانی لەو ماوەیەی کە لەگەڵ یەکتری کارمان دەکرد هەمیشە لەو بڕوایەدابوو کە لە فیکری گۆڕان و ئاڵووگۆڕیدا نەبن، بەڵکوو لە فیکری گۆڕینی هزر و عەقڵدا بن. چونکە کەسێک کە ئێوە دەباتە سەر کار ئەگەر هەر ئەو هزر و عەقڵ و دەسەڵاتەی هەبێت چ شتێکی نوێی بۆ ئێوە بەدیدێنێت؟ ئێمە ئەزموونمان لە عێراقدا هەیە. کاتێک "ئەیاد عەلاوی" ساڵێک حکوومەتی ئاڵووگۆڕیی بوو هەمووان دەیانگوت زوو بڕوات، چونکە کارێکی نەکرد. ئەو ڕۆیی و "ئیبڕاهیم جەعفەری" هات. "ئیبڕاهیم جەعفەری" کە هات هەمووان پەسەندمان کرد و چەپڵەمان بۆ لێدا و ساڵ و نیوێک تێپەڕنەببوو کە گوتمان دەبێت بڕوات. ئەویش ڕۆیی و نەیتوانی کارێکی ئەتۆ بکات. دوای ئەو مالکی هات. دیسان دەستمان پێکرد کە دەبێت مالکی بڕوات و یەکێکی دیکە بێت، ئەوی ڕۆیی و دوای ئەو دکتۆر عیبادی هات. دکتۆر عیبادیش ڕۆیی و دوای ئەو عەبدوالمەهدی هات. یانی حیساب بکەن، عەلاوی، ئیبڕاهیم جەعفەری، مالکی، دکتۆر عیبادی و عەبدوالمەهدی. دوای عەبدوالمەهدی چ دەبێت؟! هەر بەم هۆیەوە لێرە بەرپرسیارییەتی عێراق پێویستی بە هزرێکی نوێی هەیە و بۆ من گرینگ نییە کە دکتۆر عیبادی بڕوات و عەبدوالمەهدی بێت، بۆ من گرینگ ئەوەیە کە فیکرەکانی عەبدوالمەهدی چییە. یەکێک لەو هەنگاوە گرینگانەی کە لەم باروودۆخەی ئێستای عێراقدا هاویشتوویەتی ڕاگەیاندنی بێلایەنییە. کاتێک بێلایەنی ڕادەگەیەنێت نابێت نە لەگەڵ ئەمەریکا دەست لێبداتەوە و نە لەگەڵ ئێرانیش. بەڵام بۆ ئێمە ئێران گرینگی زیاتری هەیە، چونکە دراوسێمانە، جوگرافی، نەتەوە و دینێکی هاوبەشمان هەیە. ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا سبەی کە بەرژەوەندیی خۆیان ئامادە و دابینکرد، دەڕۆن و دوایی سعوودیە و ئێران و سووریا دەمێننەوە. یانی بۆ ئێمە دراوسێکان گرینگیان هەیە. ئێستاکە کە ناتوانین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان یارمەتیان بدەین نابێت لە دژیان بوەستین.

 

   

 

دیدارنیووز: بە بێ موجاملە ناوچەکە ئێستاکە لە باروودۆخێکی ناسەقامگیردا بەسەردەبات و شەڕ و پێکدادانە جۆراوجۆرەکان لە هەر ئاستێکدا بوونی هەیە. ئێوە پێشنیارتان بۆ وڵاتانی ناوچەکە لەوانە: عێراق و ئێران و سعوودیا و تورکیا و وڵاتانی دەورووبەری خەلیجی فارس بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە چییە؟

 

نازم دەباغ: بە بڕوای من گرینگترین ڕێگا، خۆپاراستن لە توندڕەویی و پەلەکردن لە بڕیاردانە. خالی دووهەم ئەوەیە کە بە پێشنیاری سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی هەرێمی بگەڕێینەوە کە ئێمە بۆخۆمان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین و بۆخۆمان هاوکاریی بکەین بە جیاتی ئەوەی کە هێزەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا و چین و ئەمەریکا کە هەزاران کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورن بێنە ناوچەکەوە و بیانەوێت پشتیوانی لە ئێمە بکەن. پشتیوانیان لە ناوچەکەی ئێمە بە هۆی پارەی ئێمە و داهاتی ئێمە و نەوتی ئێمەوەیە. بۆچی ئەم مەسرەفە بکەین کاتێک بەڕێز تڕامپ دەڵێت من 402 میلیارد دۆڵار سیلاحم بە سعوودیە فرۆشتووە. بەڵام حووسییەکان ئارامکۆ بۆردوومان دەکەن. ئەم مووشەکانە لە کوێین؟ پەدافەند و تەکنۆلۆژیاکان لە کوێین؟ سعوودییەکان بۆچی 400 میلیارد دۆڵاریان بۆ ئەم کارە تەرخانکردووە تاکوو لە بەرانبەر مەترسییەکاندا کە بۆیان دێتە پێشێ خۆیان بپارێزن، بەڵام ئاکامەکە شتێکی دیکەیە. ئەگەر لێکتێگەیشتنێکی هەرێمی بوونی هەبێت پێویست بەو هەموو خەرجە نییە و پێویست بەم سیستەمە پەدافەند و پشتیوانی ئاسمانی و مووشەکییە نییە و سیاسەت لە یەک وشە و بە یەک واژۆ بە بێ خەرجکردنی ئەم پارەیە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. هەر بەم هۆیەوە بە بڕوای من دەبێت ئەزموون لە شەڕەکانی دیکە وەربگرین. هیچ شەڕێک لە دنیادا بە شەڕ کۆتایی  نەهاتووە. دەرئەنجامی شکستی یەک لایەنە لە شەڕدا، بەرەولای دانیشتن لەسەر مێزی دانووستان دەڕوات کە لایەنێک تووشی دۆڕان دەبێت و لایەنەکەی دیکەش دەیباتەوە. بەڵام لە دانووستان و سیاسەتدا نە دۆڕان و نە بردنەوە بوونی نییە. ڕێککەوتن بوونی هەیە. بە پێی ڕێککەوتن یانی بەرژەوەندیی هەمە لایەنە بوونی هەیە و دیارە کە گرفتەکەش چارەسەر دەبێت. ئێمە لە عێراقدا ئەزموونی چەندین ساڵەی شەڕمان هەیە. لە ڕۆژئاواش هەر ئەم ڕووداوە بوونی هەیە. بەم دوایانە ئەورووپییەکان هزر و مێشکیان گۆڕیوە و بە جیاتی شەڕ بازاڕێکی ئابووریی هاوبەشیان دروست کردووە کە هەمووان تیادا بەرژەوەندییان هەیە و سنوورەکانیان هەڵگرتووە. یانی ئێستا هەندێک کات کە سەردانی ئەورووپا دەکەی لەگەڵ کۆدی تەلەفوونەکە بۆتان دەردەکەوێت کە چوویەتە ناو کام وڵاتەوە و کام وڵاتتان تێپەڕکردووە. لەم کارە کەڵکیان وەرگرتووە. ئێمە بۆچی ئەم کارە نەکەین؟ شەڕی جیهانی دووهەم ساڵی 1946 کۆتایی هات و تا ئێستا چەند ساڵە؟ نزیکەی 63 ساڵ. تازە هاتووین جۆرێک لە شەڕیی جیهانی سێیەم هەڵبگیرسێنین. هێزەکانی هاوبەش لەم شەڕەدا لە هێزەکانی هاوبەش کە لە شەڕی جیهانی دووهەم بووە کەمتر نییە. ناوچەی جوگرافی ئەویش بەربڵاوە. چ کەسێت لەم ناوەندەدا تووشی زەرەر دەبێت؟ خەڵکی ناوچەکە. چ کەسێت دەیباتەوە؟ وڵاتانی زلهێز. بۆچی ئەم بردنەوەیە بۆخۆمان هەڵنەگەڕێنینەوە؟ خەڵکی ئێمە دەکوژرێن. مەگەر وڵاتانی ئەرووپی و ئەمەریکی دێین لە ناوچەکەدا کە هەزان کوژراویان هەبێت. ئایا ئەمە بە هۆی پێکێهێنانی پڕۆسەی دیمۆکراسییە و یا گۆڕینی یەک دیکتاتۆر لەگەڵ دیکتاتۆرێکی دیکەیە؟! بۆ چی؟ بۆ مانەوەی بەرژەوەنیی زیاتر. بەڕێز تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە نیۆیۆرک بە سعوودییەکان دوای بۆردوومانی ئارامکۆ چی گوت؟! گوتی دەبێت هەڤاڵانم پارەکەی بدەن تاکوو ئێمە داکۆکییان لێبکەین. دەبێت حاکمی ناوچەکە وشیار بێت. یانی زانینی بە کۆمەڵ و وەرگرتنێکی بەهێزیان هەبێت. ئەسکەندەر مەقدوونی و چەنگیز خان و هۆلاکۆ، کورش و عوسمانی و سوڵتان سەلیم و سوڵتان سولەیمان ئەو هەموو شەڕەی کە بەدیانهێنا ئایا مانەوە؟ من هەمیشە گوتوومە کە دیکتاتۆڕەکان و ئیمپڕاتورییەکان لەوپەڕیی بەهێزبوونیاندا دەڕووخێن نە لە لاوازبوونیاندا. کاتێک هێزیان زیاد دەبێت کاریگەریی و زاڵبوونیشان زیاد دەبێت و لەخۆبایی دەبن و زیاتر هەوڵدەدەن دنیایەکی زیاتر داگیر بکەن. تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە لە شوێنێکەوە پێشیان دەگیرێت. هیتلێر چەندین سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تا کوێی ڕۆیی؟ بەڵام کاتێک کە گەیشتە لووتکەی بەهێزبوونی خۆی تێکیان شکاند. هەر بەم هۆیەوە دەبێت دەسەڵاتدارانی ناوچەکە وەهۆش خۆیان بێن و لە فیکری ئەم کارەدابن کە داهاتوویان ڕوون و تەواوکەربێت و دەستکەوتیان هەبێت. کەسێک ناتوانێت ئەم دەستکەوتانە بە تەنیایی بخوات. ئەمڕۆ مەسەلە و گرفتی گەورە، وزە لە ناوچەکەدایە. مەگەر ئیزن دەدەن کە ئێوە بە تەنیایی بیخۆن؟ چییان بەسەر میسر هێنا؟ چییان بەسەر لیبی هێنا؟ چییان بەسەر عێراق هێنا؟ چییان بەسەر سووریا و یەمەن هێنا؟ ئێستاکە کارێکیان کردووە کە دەبێت داهاتی نەوتی خۆتان بێنن و خەرجی بکەن تاکوو وڵاتەکەتان نوێژەن ببێتەوە. دیارە چ کەسێک خەرجی نوێژەن بوونە بدات؟ هەر ئەو وڵاتەی کە شەڕی هەڵگیرساندووە. بۆ شەڕ سیلاح دەفرۆشن و دوای شەڕ نوێژەنی دەکەنەوە. من شایەدی ئەزموونی شەڕی ئێران و عێراقم و تیایدا ئامادەبووم. کاتێک کە ئێران لەگەڵ عێراق لە شەڕدابوو، سنوورەکان وێران بوون تا گەیشتە کرماشان، ئیلام، ئەهواز، خوڕەمشەر و قەسری شیرین. شەڕ وەستا ئەو مەسرەفەی کە خەرجیان کرد بووە نوێژەنکردنەوەی ئێران. ئێستاکە دوژمن کاتێک کە سەردانی کرماشان و سنە و قەسری دەکات بەغیلی دەبات. من چووم بۆ قەسری شیرین، ژوورێک نەمابۆوە کە بڵێم تیایدا شوێنێک بدۆزمەوە کە خۆر نەمسووتێنێت و یا باران تەڕم نەکات. ئەمڕۆکە ئەم هەموو ویلا و باڵەخانە و بینا و شەقام سازکراوە و ئەوە دوای شەڕە. هەر بەم هۆیەوە پێشنیاری من ئەوەیە کە دەبێت سەرکەوتن ئێمە لە خۆبایی نەکات و دۆڕانیش تووشی ناهومێدیمان نەکات. باشترین رێگا لەسەر مێزی دانووستان و وتووێژە. ڕێککەوتن یانی ئەوەی کە کەمێک ئێوە بەرەو پێشەوە بڕۆن و کەمێکیش لایەنی بەرانبەر بەرەو پێشەوە بێت.

 

 

 

دیدارنیووز: دیارە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەوڵەتی عەبدوالمەهدی بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەندێک لایەنی شیعە دەیانەوێت کە لابچێت. یانی سیاسەتی یەکپارچەی کوردەکان ئەوەیە کە دەوڵەتی ناوەندی بەرقەرار بێت.

 

نازم دەباغ: بەڵێ، سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە کە بەڕێز بارزانی سەرۆکی هەرێم دەریکرد ڕوون و ئاشکرایە. ئێمە لە دژی حکوومەتی ناوەندی نین. باشترین جێگرەوە و باشترین حکوومەت کە لە بەغدا ئەمڕۆکە بوونی هەیە ئەو داموودەزگایەی ئێستایە. کاتێک بەڕێز تاڵەبانی تەنیا بوو و کاتی بەڕێز فوئاد مەعسووم جووڵە و چالاکییەک بوونی نەبوو. سەرۆک کۆماریی ئێستا سیاسەتمەدار و سەرۆک کۆمارێکی بەرجەستە و لە لایەنی دیپڵۆماسی سیاسیشەوە بەهێزە. عەبدوالمەهدی یەکێکە لە سیاسەتمەدارە بەرجەستەکانی عێراقە کە هەم سەرۆک وەزیرە و هەمیش پەیوەندییەکی کۆن و باشی لەگەڵ کوردەکاندا هەیە. لەگەڵ پەڕڵەمانی عێراقیش پەیوەندییەکانی باشی توانیوە بەرقەرار بکات.

 

هەر بەم هۆیەوە بیرووڕای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە دەبێت حکوومەتی عێراق هەر چی زووتر بەشوێن داواکارییە شەرعی و یاسایی و واقعییەکانی ناڕازییەکان بچێت و ئەو دروشمانەی کە ئەوان دەیاندا لەوانە: بێکاریی و دژی گەندەڵی و خزمەتکردن و چاکسازی بە شوێن داواکارییەکەیانەوە بچێت. هەر بەم هۆیەوە حکوومەتی هەرێم پشتیوانی لە حکوومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ئەو گۆڕانکاریانەی کە پێویستی دەکات بوونی هەبێت.

 

 

 

دیدارنیووز: وەکوو پرسیاری کۆتایی، تکایە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەم دوایانەی دەوڵەتی تورکیا و کەسایەتی ئۆردووغان هەڵسەنگاندنی خۆتان ڕابگەیەنن و هەروەها هەڵوێستی کوردستانی عێراق سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە دانیشتتوانی کوردن، چییە؟

 

نازم دەباغ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی درێژەپێدانی شەڕ لە سووریای هەیە و داواکاریی وەستانی هەر چی زووتری شەڕ و دەستپێکردنی دانووستان و وتووێژە. لایەنەکان دەبێت گرفتەکان بە دانووستان چارەسەر بکەن، چونکە درێژەپێدانی شەڕ دەبێتە هۆی وێرانی و هەروەها پەرەسەندنی داعش. بە درێژایی مێژوو هیچ کاتێک گرفتەکان بە شەڕ چارەسەر نەکراوە.

 

 

 

لینکی وتووێژ:

 

https://didarnews.ir/fa/news/38725/اعتراضات-عراق-ریشه-داخلی-دارد-نه-خارجی-کردستان-عراق-ترکیه-را-به-گفتگو-دعوت-می‌کند 

 

 

 

Read کد خبر: 2258

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی