گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ پرشنگداره‌كانی مێژوو ; وتاری نازم دەباغ

نوسینی/ نازم عومه‌ر

خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد و كوردستان به‌ قۆناغی جیاجیا و سه‌خت و دژواردا تێ په‌ڕیوه‌، زۆرجار به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی سه‌خت و خوێناوی له‌گه‌ڵ دوژمنانی كورد رویداوه‌و له‌دواییدا له‌رێگای گفتوگۆ و راویژ تا ئه‌و قۆناغه‌ رۆیشتووه‌ كه‌ به‌ره‌و رێككه‌وتن بروات و له‌دواییدا ناحه‌زانی كورد چ ده‌ره‌كی و چ ناوخۆیی له‌باریان بردووه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م دوژمنایه‌تی و كۆسپانه‌ی هاتوونه‌ته‌ پێش شۆرش و جوڵانه‌وه‌ و خه‌باتی گه‌لی كورد كه‌له‌ نو ریزه‌كانی گه‌ل و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیشدا رویداوه‌، زۆر كێشه‌ و ململانێی خوێناوی كه‌وتۆته‌ نێو ریزه‌كانی هێزه‌ سیاسیه‌كان، گه‌لی كوردیش بۆماوه‌یه‌كی درێژ خوێن به‌ربوون له‌ جه‌سته‌ی شۆرش و جوڵانه‌وه‌كه‌یداوه‌. له‌دواییدا به‌هۆی دڵسۆزان و په‌رۆشانی گه‌لی كورد ئاشتبوونه‌وه‌ و ته‌بایی دروست بووه‌ و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و گه‌لی كوردی له‌ قۆناغی شه‌ر و پێكدادانه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ قۆناغی ئارامی و ته‌بایی و به‌دیهێنانی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت دوو نمونه‌ی زیندوو له‌ ته‌مه‌ندا بهێنمه‌وه‌، كه‌سه‌روه‌ریه‌كه‌ی بۆ به‌رێز مام جه‌لال و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،
یه‌كه‌م:
به‌هۆی سه‌ختی و ناخۆشیه‌كانی شۆرشی تازه‌ی گه‌لی كورد ئه‌بوویه‌كیه‌تی نیشتیمانی كوردستان پشویه‌ك بدات بۆ خۆرێكخستنه‌وه‌ و به‌هێزكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ساڵی 1984 گفتوگۆیه‌كی كرد به‌ ناوبژیوانی دۆستانو دڵسۆزه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا..
به‌رێز مام جه‌لال له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ده‌ هه‌زار كه‌سیدا له‌ نه‌ورۆزی ساڵی 1984 له‌ ئاهه‌نگێكی پڕ شكۆ له‌ سورداش رای گه‌یاند با هه‌موومان ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی ڕابگه‌یه‌نین یه‌ك ریز و یه‌ك هه‌ڵوێست بین بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد، كه‌ پێم وایه‌ هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ هاتنه‌كایه‌ی ته‌بایی و ئاشتی و دوایی رێككه‌وتن و دروست بوونی به‌ره‌ی كوردستانی.

دووه‌م:
كاتێك به‌ره‌ی كوردستانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی و ئاشته‌وایی درووست بوو، قۆناغی دوایی له‌ خۆئاماده‌كردن بۆ راپه‌رین، كه‌كه‌سانێك زۆر پێیان وابوو ده‌بێت لێ  بوردنی گشتی رابگه‌یه‌نین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نگرانی چه‌كدارانی رژێم بێنه‌ ریزی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌شداری له‌ راپه‌ریندا بكه‌ن، لێره‌دا جارێكی تر یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان و به‌رێز مام جه‌لال داوایان كرد با له‌ بریتی لێ بوردنی گشتی با ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی بكرێت و هه‌موو به‌شدار بن، به‌م دروشمه‌ مه‌زنه‌ راپه‌رین سه‌ركه‌وت و هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان و لایه‌نگرانی رژێم پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ یان كرد، كه‌ ئه‌مرۆ ده‌سكه‌وه‌ته‌كه‌ی ده‌چنینه‌وه‌.

قۆناغی ئێستا 
له‌دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ شێوازێكی تری خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد، به‌داخه‌وه‌ نه‌كرا ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌دیبهێنین و بوو به‌هۆی ئه‌م شێوه‌یه‌ كه‌ ئه‌مرۆكه‌ هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌وتووه‌ ...
هه‌ڵبژاردنی عێراق ئه‌نجام درا و كورد به‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ به‌شدار بوو وه‌ بۆته‌ خاوه‌نی ٥٩ كورسی. وه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد له‌م قۆناغه‌دا بڕوای به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق هه‌یه‌ و پابه‌ندی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقه‌ و خه‌بات و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانی، وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی به‌ یه‌كریزی و و ته‌بایی و كاری سیاسی و دپلۆماسی هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ نیه‌ ته‌نها بۆ پشتیوانی و پارێزگاری نه‌بێت.
چۆن ده‌بێت ئه‌م ته‌باییه‌ و ئاشته‌واییه‌ دروست بكه‌ین؟ ته‌نها هه‌نگاو بۆ ئاینده‌ ئاشت بوونه‌وه‌ی گشتیه‌ و یه‌ك ریزی و یه‌ك هه‌ڵوێسته‌ و رێ بگرین له‌هه‌موو درز و ده‌ریچه‌یه‌ك كه‌ رێگا بۆ دوژمن خۆشده‌كات جیاوازی و ناكۆكی بخاته‌ ناو ماڵی كورده‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌ی یه‌كیه‌تی نیشتیمانی كوردستان ناویه‌تی به‌سه‌ردانی باره‌گای لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ناوچه‌ی سه‌وز و هه‌وڵدان بۆ ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌ گشتیه‌ی ناو ماڵی كورد، هه‌ندێ ده‌نگی نه‌شاز و كادر و سیاسه‌تمه‌داری ساویلكه‌،كه‌ ئاینده‌ له‌ناو تونێلێكی ته‌سك و تاریكدا سه‌یرده‌كه‌ن و ده‌بینن، له‌هه‌موو لایه‌نه‌كاندا په‌یدابوون بۆ رێگرتن له‌و ئاراسته‌یه‌، لێره‌دا پێویست ده‌كات هه‌موولایه‌ك به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌  چ ده‌سه‌ڵات و چ ئۆپۆزسیۆن، پێم وایه‌ به‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ده‌بێت پێشوازی له‌ شاندی یه‌كیه‌تی بكرێت ده‌بێت به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ ئه‌وانی تریش حساب بكرێت كه‌ چۆن یه‌كیه‌تی سه‌ردانی ئه‌ولایه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و هه‌موو ره‌خنه‌ و په‌لامار و ناوزراندنه‌یان داوه‌ته‌ پاڵ، هه‌موومان هه‌ڵه‌مان هه‌یه‌ ناكرێت به‌هه‌ڵه‌یه‌ك چ گه‌وره‌ چ بچوك به‌درێژایی ته‌مه‌نی خه‌بات ماندوبوون و خه‌بات و ده‌ستكه‌وتكان بخه‌ینه‌ چاڵه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر له‌پێناوی كورد و گه‌یشتن به‌ ئامانجكان خه‌بات ده‌كه‌ین نابێت كاره‌ گه‌وره‌كان بكرێته‌ قوربانی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵه‌ و روداوانه‌، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌ پاراستنی یه‌ك ریزی و ئاشته‌وایی بكه‌ین، بنه‌مایه‌ك بۆ دڵسۆزی له‌ خوێنی شه‌هیده‌كان دیاری بكرێت، با له‌پێناو ده‌سكه‌وتی كه‌سیه‌تی و پله‌وپایه‌ نه‌بینه‌ تێكده‌ری هه‌وڵ و كۆشش بۆ ئاشته‌وایی گشتی و سه‌رخستنی پرۆژه‌ی دیالۆگی نیشتیمانی، نه‌وه‌كو به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا جگه‌ له‌ دڵخۆشكردنی دوژمنان نه‌بێت ئه‌و ئاوازه‌ هیچی تری تێدا نابینم.
سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ پێناوی ئاشت بوونه‌وه‌ و یه‌ك پرۆژه‌یی نیشتیمانی كار ده‌كه‌ن.

Read کد خبر: 2120

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی