نازم دەباغ: سەردانەکەی بارزانی بۆ تاران زۆر گرنگ و بەکەڵک بوو

جام کوردی:
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ تاران و وتووێژەکانیان لە گەڵ گەورە بەرپرسانی ئێرانی وتی: ئەم سەردانە، سەردانێکی زۆر گرنگ بووە و بە یەکێک لە سەردانە بەکەڵکەکان بۆ داهاتووی عێراق، هەرێم و ئێران هەژمار دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران وتی: سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاران زۆر گرنگ بوو و بە سەردانێکی گرنگ بۆ داهاتووی عێراق، هەرێم و ئێران هەژمار دەکرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی بارزانی لە گەڵ گەروە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتە وتی: لەم چاوپێکەوتنانەدا جەخت لە سەر بەهێزبوونی پەیوەندییەکان و ئامادەیی تاران بۆ نێوەندگێڕی هەولێر و بەغدا کرایەوە و شاندی کوردیش جەختیان لە سەر پێویستی پاراستنی یەکگرتوویی عێراق کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەربوونی سەرجەم کێشەکان ڕاگەیاند.
دەباغ وتی: تاران جەختی لەوە کردووەتەوە کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە عێراق دەبێت پارێزراو بێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی پێش سەردانەکەی تاران وتی: یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگی سەردانەکەی تاران بۆ ئەو چاوپێکەوتنەی بەغدا دەگەڕێتەوە. لە سەردانەکەی تاران خاڵێکی ئەرێنی ئەوە بوو کە هەر دوو لا بیریان لە داهاتوو دەکردەوە و کەمتر باس لەوەی دەکرا کە لە ڕابردوودا کراوە.
ناوبراو سەبارەت بە پێش مەرجی هەڵوەشانەوەی دەرەنجامی ڕیفراندۆم کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە داوا کراوە وتی: پرسی ڕیفراندۆم کۆتایی هاتووە و بووەتە بەشێک لە مێژوو. کاتێک دەڵێین کە پابەندی دەستوور و پاراستنی یەکگرتوویی عێراقین، بە واتای تەواوبوونی هەو هەوڵێکی پێچەوانەی ئەمە دێت. بەدەر لەمەش دادگای باڵای عێراق ڕایگەیاندووە کە ڕیفراندۆم نادەستوورییە و ئێمەش پابەندی ئەمەین.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئەگەر حکومەتی بەغداش پابەندی دەستوور بێت کێشەکان چارەسەر دەبن بەڵام بە پێچەوانەی ئەمە، دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
نازم دەباغ سەبارەت بە دەرەنجامی چاوپێکەوتنەکەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادیش وتی: لێژنە تەکنیکییەکان کارەکانیان بەرەوپێشچووە و پێش ئەو چاوپێکەوتنەش ڕێکەوتنێک سەبارەت بە سەرجەم پرسەکانی وەک خاڵە سنورییەکان، مووچەی پێشمەرگە و نەوت، ئامادە و واژۆی لە سەر کراوە بەڵام هۆکاری ئەوەی کە بەغدا ئەم پرسە ئاشکرا ناکات دیار نییە.

Read کد خبر: 2040

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی