نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بۆ جام کوردی: ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستانی بۆ ڕابردوو گەڕاندەوە

 

جام کوردی:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند کە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، هەرێمی کوردستانی بۆ دواتر گەڕاندەوە و داهاتووەکەشی وا دەبێت کە دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ کە سەردانی بیست و سێهەمین خولی پێشانگای چاپەمەنییەکانی ئێرانی لە تاران کردبوو، ژووری تایبەتی جام کوردیی وەک یەکەم گۆڤاری هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرکردەوە و لە وتووێژی لە گەڵ ستافی جام کوردی وتی: لەم هەلومەرجە نوێیەدا پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق دەبێت.
ناوبراو وتی: بە پێی دەستووری عێراق دەبێت فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستان لە سنورەکانی پێش ٢٠٠٣ بەردەوام بێت و لە سێ بواری بەرگری، دارایی و سیاسەتی دەرەوە هەرێمی فیدراڵ دەبێت لە ژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیدا بێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران ڕایگەیاند کە بەدەر لەم سێ بوارە، ئەرکی بەڕێوەبردن لە ئەستۆی سیستەمی فیدراڵی هەرێم دەبێت.
دەباغ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵی لایەنێکی سیاسی بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا وتی: لە ڕاستیدا بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم چەشنێک لە کاردانەوەی هەرێم لە بەرامبەر سیاسەتەکانی بەغدا بووە کە لە بەرامبەر بە کورد هەڵەی تێدا بینراوە بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی ئەوەیان پیشان داوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کێشە و داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەبن کێشە و گرفتەکانی دیکەش سەرهەڵدەدەن.
ئەم دیپلۆماتکارە کوردە هەروەها وتی: بەرژەوەندی کورد ئەوەیە کە ئەم پاڵپشتییە لە دەست نەدات کە داوای وتووێژ لە گەڵ بەغدا و چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی دەستوور دەکەن و پێویستە بۆ ڕێگری لە زەرەرمەندی زیاتر بەو ئەمری واقیعە ڕازی ببێت.
نازم دەباغ سەبارەت بە ڕۆڵی تاران لە هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش وتی: بە بۆچوونی من ئێران بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی ئەرێنیی لە بەرامبەر کوردانی عێراق هەبووە و ئەوەش پێویست بوو کە لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆمیش گرنگیمان بە ڕاوێژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدا و ئەو پرۆسەیە بەڕێوە نەدەچوو لە بەر ئەوەی کە بینیمان دەرەنجامی باشی بە دواوە نەبوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە درێژەدا وتی کە لە ئێستاشدا وا دەبینم کە بە هەمان شێوەی جاران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کێشە و گرفتەکانی کورد چارەسەر ببێت.
نازم دەباغ لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ ژووری جام کوردی لە پێشانگای چاپەمەنییەکانی تاران بە ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری میدیا لە پەیوەندی نێوان گەلان وتی: میدیا گەر بتوانێت پەیامی ڕاستی بگەێنێت کاریگەری بەرچاوی خۆی پیشان دەدات.

 

Read کد خبر: 2006

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی