هەرێمی فلاندەرز دەخوازێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەو بكات

  • پێنج شەممە, 07 نیسان 2016

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز خێرت بۆرژوا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز بۆرژوا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕ ئالۆز و نائارامدا، هەرێمێكی ئارام و پێشكەوتووە و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان و ئارامی و پێشكەوتنە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند. هەروەك دەسخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، توانیویانە لەجیاتی جیهانی ئازاد پلانە مەترسیدارەكانی تیرۆرستان شكست پێ بهێنن و پێشوزای لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بكەن و خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابین بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی هەرێمی فلاندەرزی لە بوارە جیاجیاكاندا بە تایبەتیش لە بوارەكانی ئابووری و مۆركردنی گرێبەستی ئابووری و خوێندنی باڵا و پەروەردەدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان پیشان دا و بۆ ئەم مەبەستەش هیوای خواست كۆمسیۆنێك لەنێوان هەردوولادا پێكبهێندرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پەیوەندییە دووقۆڵیەكانیش زیاتر پتەو بكرێن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هەڵوێستی بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكی كرد بۆ تێڕوانینیان سەربارەت بە هەرێمی كوردستان و سەرەخۆشیشی لە بەرێزیان كرد بۆ قوربانیانی هێرشە تیرۆرستییەكەی داعش لە بروكسێلی پایتەختی بەلجیكا. ئاماژەی بەوەش دا كە پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و شانازی پێوە دەكەن.

سەبارەت بە شەڕی دژی داعشیش بەڕێز سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە بنەماكانی مرۆڤایەتی بپارێزرێن و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی فلاندەرز دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئەزموونی بەلجیكایە بۆ باشتركردنی سیستمی ئیداری و جێبەجێكردنی چاكسازی كە ماوەیەكە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشتركردنی سیستمی بەرێوەبردن لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەست بە جێبەجێكردنی چەند ڕێكار و پلانێكی چاكسازی كراوە.

 

 

تاوتوێكردنی باوردۆخی ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوو سەرۆك وەزیران دیاری و یادگارییان گۆڕییەوە.

 

Read کد خبر: 1817

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی