Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەكات

ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك واڵتێر شتاینمایێر وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پارلەمانتاری ئەڵمانیا و بەڕێوەبەر و كاربەدەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سەردانی بۆ كوردستان و باشتربوون و بەرەوپێشڤەچوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی كە لێی كراوە و ستاییشی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە دەبێتە هۆكارێك بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماوە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای كرد كە گوێبیستی سەرۆك بارزانی بێت لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەگە و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی داعش.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای كرد كە بۆ چەندەمین جار و لە كاتی تەنگانەدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە كە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ دۆستایەتی و پەیوەندیی قووڵی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا و سوپاسی هاوكاریی و پشتیوانییە سەربازییەكانی ئەڵمانیاشی كرد كە ڕۆڵی كاریگەری لە شەڕەكاندا هەبووە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە وردەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ كرد و جەختی لەوە كردەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتنی مەزنی لەدژی داعش تۆمار كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە قۆناغی دوای داعشدا پێویستە لە ناوچەكەدا كار لەسەر نەهێشتنی ئەو هۆكارانە بكرێت كە بووەتە هۆی دەركەوتنی داعش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چیتر كارەساتەكان و هاوشێوەی داعش دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكە و پێشوازی لە هەر لایەن و وڵاتێك دەكەین كە شەڕی داعش بكات و یارمەتیمان بدات و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دەدەین.

هەر لەم دیدارەدا دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و سووریا و گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان تاوتوێ كرا و پەیوەست بە دەستپێشخەری و چالاكیی وڵاتان بۆ لێدانی داعش جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ باشتر شكاندنی داعش پێویستە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشەكان، وڵاتان هەماهەنگیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت و كێشە گرفتەكانیشیان بە دیالۆگ چارەسەر بكەن.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئەڵمانیا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە و تێیدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و بیریش لە فراوانتركردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری میدیاكارانیان دایەوە.

بۆ بینینی پڕێسكۆنفڕانسەكە ئێرە دابگرە

Read کد خبر: 1719