Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و ڕاوێژكاری باڵای سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی بە سەركەوتنێكی مەزن و كەریگەر وەسف كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان. هەروەها ستاییشی ئازایەتی و لێهاتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە زۆر بە باشی توانیویەتی سوود لە هەماهەنگی و پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزە هاوپەیمانەكان وەربگرێت و ڕاشیگەیاند كە سوپای ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و گوشارهێنان بۆ تیرۆریستانی داعش و لێدان و تێكشكاندنیان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتیی سوپای ئەمەریكای كرد كە بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكان بەدی بێن. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پلانی باش و ئازایەتی و هەماهەنگیی بێ وێنە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكان توانی سەركەوتنی مەزن لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تۆمار بكات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتری پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی بۆ لەناوبردن و شكستدانی تیرۆریستانی داعش كرا و پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەیش تاوتوێ كرا. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و ململانێی نێوان هێزە هەرێمایەتی و دەولییەكان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

Read کد خبر: 1717