Print this page

وەزیرانى دەرەوەو بەرگرى سوید گەیشتنە هەولێرى پایتەخت

لە چوارچێوەى بایەخى نێودەوڵەتى بە بارودۆخى هەرێمى کوردستان و پشتگیرى کردنى حکومەتى لە شەڕى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى داعش و کۆمەک کردنى ئاوارەو پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێم، ئێوارەى ئەمڕۆ خاتوو مارگۆ ڤالسترۆم وەزیرى دەرەوەى وڵاتى سوید و بەڕێز پیتەر هولتکڤیست وەزیرى بەرگرى سویدو شاندێکى یاوەریان گەیشتنە هەولێرى پایتەخت و لەلایەن بەڕێزان کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆو وەزیرى پێشمەرگە بە وەکالەت و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو شۆڕش قادر رەحیم نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە سوید پێشوازیان لێکرا.

 

ئەمەو بڕیارە بەرێزان خاتوو مارگۆ ڤالسترۆم وەزیرى دەرەوەى وڵاتى سوید و پیتەر هولتکڤیست وەزیرى بەرگرى سوید لەگەڵ هەر یەک لە بەرێزان مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ونێچیرڤان بارزانى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە.

 

مارگۆ ڤاڵسترۆم و پیتەر هولتکڤیست كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2-11-2015 گەیشتبوونە بەغدا، بەمەبەستی پشتگیركردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش هاتوونەتە هەولێر و دەیانەوێت بە راهێنانكردن بە پێشمەرگە هاوكاری كوردستان بكەن.

Read کد خبر: 1657