فیلمی "چیرۆکی ئەوینداریی" سەبارەت بە ھەڵەبجە لە فیستیڤاڵی "مۆنتڕاڵ" نمایش دەکرێت

مه‌نسوور جیهانی ـ  فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف"لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "حکایت عاشقی" واتە "چیرۆکی ئەوینداریی" A Tale of Love لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری کورد "شوان عەتووف" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "بەھرام ڕادان" لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ھەینی و شەممە ٤ و ٥ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" Focus on World Cinema لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" Montreal لە وڵاتی کەنەدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیلمە کوردییە سەرەتا کاتژمێر ٣٠/٨ی ئێوارێ ڕۆژی ھەینی ٤ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە سینەمای "کوارتێری لاتینی ١٥" و پاشان لە کاتژمێر ٣٠/٩ی شەوی شەممە ٥ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە سینەمای "کوارتێری لاتینی ١٥" لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" گرینگترین بەشی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆنتڕاڵ" دوای بەشی سەرەکیی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" نمایش دەکرێت.

چیرۆکی ئەوینداریی" یەکەمین فیلمێکە کە تا ئەم ڕادەیە ڕاشکاوانە و واقیعی سەبارەت بە مەسەلەی عەشق و ھەڵەبجە سازکراوە، ئەم فیلمە کە گێڕانەوەیەکی ئەویندارانەی ھەیە و بۆ شێوازیی باس کردنی چیرۆکەکەی زمانێکی نوێی دەستنیشانکراوە، چیرۆکی فۆتۆگرافەرێکی ئێرانی بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە یەکەمین کەسە کە دوای بۆردوومانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەچێتە ناو ئەم شارەوە و دەست بە وێنەگرتن دەکات، ئەم فۆتۆگرافەرە لەم سەردانەیدالەگەڵ کچێکی کورد ئاشنا دەبێت و ڕووداوگەلێکی ئەویندارانە لە نێوانیاندا ڕوودەدات.

بیست خولەکی یەکەمی ئەم فیلمە لە شاری ھەڵەبجە تێدەپەڕێت کە لە لایەن دیزاینەری ئەم فیلمەوە بە تەواوی وەکوو سەردەمی خۆی سازکراوە و بە جۆرێکی دیکۆمێنتیانە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی ئەم شارە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە نیشانی بینەر دەدات.

لەڕاستیدا لە فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی"دا ناوەرۆکی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دژە مرۆڤایەتییە خراوەتەڕوو کە ھەر ئەم تایبەتمەندییە بۆتەی ھۆی ئەوەی کە سەرنجی بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بۆلای خۆی ڕابکێشێت و ئەم فیلمە لەگەڵ ١٣ فیلمی سینەمایی دیکە لە فیلمسازانی سەرتاسەری دنیا لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەورووپا، ئەمەریکا، ئەفریقیا و ئۆقیانووسیا بخەنە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەوە.

لە یەکەمین فیلمی بڵندیی سینەماکاری بیجاڕیی "ئەحمەد ڕەمەزانزادە"دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: "شوان عەتووف" لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی "بەھرام ڕادان"، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر "قەتبەدین سادقی"، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی "بەھمەن زەڕین پوور"، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو "شیلان ڕەحمانی"، ئەکتەری کورد "پەیام عەلەوی"، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان "کیمیا مورادیان" و چەندین ئەکتەری دیکە.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمە یەکەمەکان"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"، بەشی "بەھرەمەندە نوێیەکان"، بەشی "دیکۆمێنتەکانی جیھان"، بەشی "سینەمای چین"، بەشی "سینەمای کلاسیک"، بەشی "فیلمە خوێندکارییەکان"، بەشی "سینەما لە سێبەریی ئەستێرەکاندا"، بەشی "سینەمای ئێمە" و چەندین بەشی دیکە ڕۆژی ٢٧ ئاب / ئۆگۆستی ٢٠١٥ بە فیلمی سینەمایی "محەمەد (ص)" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی "مەجید مەجیدی" لە شاری مۆنتڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا دەستی پێکردووە و تاکوو ڕۆژی ٧ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ درێژەی دەبێت.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://www.ffm-montreal.org/en/٥٦٩-en_a-tale-of-love.html  

 

 

Read کد خبر: 1571

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی