Print this page

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار دەربارەی باری کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێم دەدوێ

سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی وشەڕی رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، هۆی سەرەکی بوون بۆ دابەزینی ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان. پێش دروستبوونی ئەم بارە، كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێم لە گەشەكردنی بەردەوامدا بوو.

نادر رۆستی، ووتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، لە لێداونێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، "لە ساڵی 2007 ەوە پرۆسەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیپێكرد ولەم ساڵەدا 370,000 گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد وساڵانە بە لەسەدا 30 زیاتر رێژەی هاتنی گەشتیاران زیادی دەكرد. ئەمەش چونكە زۆربەی بوارەكان لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا گەشەیان دەكرد، کە بووە هۆی بەردەوامی زیادكردنی رێژەی هاتنی گەشتیاران. لە ساڵی 2013، پێش دەستپێكردنی قەیرانی دارایی، ژمارەی گەشتیاران گەیشتە نزیكەی سێ ملیون گەشتیار."

وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاری

سەبارەت بە وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان، نادر رۆستی وتی، "وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی لە كەرتی گەشتوگوزاردا ساڵانە بەرێژەی لە سەدا 15 بۆ 20 زیادیكردووە ولە ساڵەكانی 2012 و 2013 زیاد بوو و گەیشتە 25 لە سەد. جگە لەوەش دەستەی گەشتوگوزار توانی بەهۆی سەقامگیری و ئارامی رەوشی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكان وگەشەكردنی هەموو بوارەكان لە هەرێم سەرنجی كۆمەڵێك ماركەی جیهانی رابكێشێت كە بێنە كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ژمارەی ماركەی جیهانی لە بواری هوتێڵداریدا لە ساڵی 2013 گەیشتە 15 ماركە و بەشێكیان جێبەجێكراون و بەشێكیانیش لەقوناغی مامەڵەكردندان"

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێش ساڵی 2012 كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان لە پلەی چوارەمدا بوو، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك كار و چالاكی وەكو بەشداریكردنی دەستە لە ژمارەیەك پیشانگای نێودەوڵەتی لە شارەكانی ئەستەنبۆڵ و بەرلین و دوبەی و ئەنجامدانی چەند پرۆژە و كۆر و سمینار و كۆنفرانس لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كەرتی گەشتوگوزاری وچونیەتی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەم كەرتەدا لە هەرێم، چاپكردنی بڵاوكراوەی تایبەت بە شوێنی گەشتیاری و نەخشە ودەلیل بە چەندین زمان، ئەمانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی کە كەرتی گەشتوگوزار بچێتە پلەی سێ وپاشان لە ساڵی 2013 بوو بە دووەم بوار لە بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و لەسەرەتای ساڵی 2014 كەرتی گەشتوگوزار بوو بە پلەی یەكەم لە بواری وەبەرهێنان. بەڵام ئەگەر سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش دروست نەبوایە، كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان لەبواری وەبەرهێناندا هەر لە پلەی یەكەمدا دەماوە."

گەشتیاران وشوێنە گەشتیارییەكان

هەروەها سەبارەت بە جۆری گەشتیاران بەتایبەتی لە ساڵی 2013 كە نزیكەی سێ ملیون گەشتیار بووە و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، نادر رۆستی گوتی "60 تا 70 لەسەدی ئەم گەشتیارانە گەشتیاری عیراقی بوون لە ناوچەكانی ناوەراست و باشووری عیراق بەبەردەوامی روویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. دە تا پازدە لەسەد گەشتیاری ناوخۆیی بووە و لە 12 تا 20 لەسەدیش گەشتیاری بیانی بووە ولە ئێران و توركیا و ئەمریكا و وڵاتانی ئەورۆپا هاتوون. ئێران بە پلەی یەكەم بووە، ئینجا لە توركیا وئەمریكا ووڵاتانی ئەورۆپا و كەنداو هاتوون.

سەبارەت بە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كە زیاتر ناسراون نادر رۆستی رایگەیاند "قەڵای هەولێر كە لە لیستی رێكخراوی یۆنسكۆی دایە وئەشكەوتی شانەدەر كە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە پێش شەست هەزار ساڵ مرۆڤی نیاندرتاڵی تیا ژیاوە وپەرستگای لالش کە تاكە پەرستگای ئایینی ئێزدی لە هەموو جیهان كە لە قەزای شێخانەو هەر وەكو چون مەككە و ڤاتیكان تاكە شوێنی ئایینی ئیسلام و مەسیحین لە جیهاندا، لالشیش تاكە شوێنی ئایینی ئێزدییە لە جیهان كە ساڵانە گەشتیاری ئێزدی و بیانی لە هەموو جیهان سەردانی لالش دەكەن. هەروەها دەیان شوێنی تریش کە دەکرێ رێکلامیان بۆ بکرێت وزیاتر بە گەشتیاران بیانناسێنین."

داهاتی كەرتی گەشتوگوزار

سەبارەت بە داهاتی كەرتی گەشتوگوزار پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش، نادر رۆستی گوتی "لەساڵی 2013 دا كە نزیكەی سێ ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، داهاتی ئەم ساڵە زیاتربوو لە 000 ,000, 650 دۆلار. بەڵام سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێم كاریگەری زۆری كردە سەر كەرتی گەشتوگوزاری وزۆربەی پرۆژەكانی ئەم كەرتە راوەستان وهاتنی داعشیش فاكتەرێكی تربوو كە كاریگەری بكاتە سەر ئەم كەرتە کە بووە هۆی نەهاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ هەرێم بەتایبەتی گەشتیارانی ناوچەكانی تری عیراق چونكە شەڕ تێدا پەرپابوو وەكو پارێزگەكانی مووسڵ و ئەنبار و تكریت و دیالا. زۆربەی خەڵكی ئەم پارێزگانە ئاوارەبوون و رێژەیەکی زۆری ئاوارەكانیش روویان لە شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئاوارەش بە هیچ جۆرێك گەشتیار نییە، لەگەڵ ئەمەشدا بوونە بارگرانی بەسەر خەڵكی كوردستان وحكومەتی هەرێم، كە پێشتر لەوانەیە ئەم ئاوارانە ساڵێ جارێك تا دوو جار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبێت بەمەبەستی گەشیتاری. جگە لەمە، ئەوانەی لەبن دەستی داعش ماینەوە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن سەردانی هەرێم بكەن. گەشتیارانی نزیكەی چوار پارێزگای عیراق بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی داعش نەما. بۆیە رێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان رووی لە كەمیكرد ولەساڵی 2014 بە رێژەی 60 لەسەد كەمیكرد و تەنها ملیونێك و دوو سەد هەزار گەشتیار هەبوو و لە ساڵی 2015 بەپێی ئامارە سەرەتایەكانی چوار مانگی یەكەم دیسان رێژەی هاتنی گەشتیاران لە 60 لەسەد  كەمیكردووە بەبەراورد لەگەڵ چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2013. بەڵام لەگەڵ هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بەرزبوویتەوە وبە بەراورد لەگەڵ جەژنی پێشوتر زۆر زیاترە."

پرۆژە گەشتیاریەكانی داهاتوو

دەربارەی پرۆژە گەشتیاریەكانی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان، نادر رۆستی راگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران وئەنجوومەنی ئابووری كوردستان بڕیار لەسەر دروستكردنی چوار پرۆژە شاری گەشتیاری لە هەرێم دواوە وەكو شاری گەشتیاری بەنداوی دوكان و پرۆژەی گەشتیاری سەر چیای سەفین و شاری گەشتیاری بەنداوی دهۆك و پرۆژەی گەشتیاری سەر چیای زاڤا لە دهۆك. ئەم پرۆژانە هەموو بوارەكانی گەشتیاری لەخۆی دەگرێت بەتەواوبوونیان گۆڕانكاریەكی جۆری لە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان روودەدات."

گرفتەکان

دەربارەی كێشە وگرفتەكان، نادر رۆستی رایگەیاند، "سەرەرای ئەوەی كە دەستەی گشتی گەشتوگوزار تاكە دەزگایە لە هەموو عیراق كە بووە بە خاوەنی بروانامە ئایزۆ، كە بروانامەیەكی بەرزی نێودەوڵەتیە لە رووی رێكخستنی كارگێری، بەڵام هەندێك كێشە هەنە كە رێگرن لەبەردەم زیاتر گەشەكردنی ئەم كەرتە لە هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەوەی کە هەرێمی كوردستان بەشێكە لەعیراق وعیراقیش ناوچەیەكی ناسراوە لە جیهان بە شەڕ ونائارامی، بۆیە ناساندنی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام وجیا لە عیراق کاری زۆری دەوێت. لەلایەکی ترەوە، كێشەی پێدانی ڤیزە بە گەشتیاران ونەبوونی یاسایەكی گەشتیاری تایبەت كە رەشنووسەكەی ئامادەكراوە بەڵام تائێستا نەبویتە یاسا وكێشەی رێگاوبان وكارەبا و خزمەتگوزاریش، لەم گرفتانەن کە رێگرن لەبەردەم زیاتر گەشەكردنی کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێم.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1499