زاگرێب چەندین رووداوی کەلتووری و سیاسی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت

  • سێ شەممە, 28 تەمموز 2015

هەفتەی رابردوو زاگرێبی پایتەختی کرۆواتیا، چەندین رووداوی کەلتووری پەیوەست بە هەرێمی کوردستان وچەندین کۆبوونەوی سیاسی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەی بەخۆیەوە بینی.

شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوه‌ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی به‌ڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی  فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە 49یەمین فێستیڤالی نێودەوڵەتی فۆلکلۆری بەشدارییان کرد کە لە نێوان رۆژانی 15 تا 19 ی تەمووز لە شاری زاگرێب بەرێوەچوو. لە پەراوێزی ئەو فێستڤاڵە هەروەها هەفتەی کەلتووری کوردستان-کرۆواتیا بەرێوەچوو.

رۆی یەکشەممە، 19 ی تەمووز، بەرێز فەلاح مستەفا بەشداری لە مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵی نێوودەوڵەتی زاگرێب کرد کە تیایدا تیمی هونەری نیشتمانی کوردستان هەڵپەرکێی کوردییان نمایش کرد.

سەبارەت بە گرینگی هەفتەی کەلتووری کوردستان-کرۆواتیا، فەلاح مستەفا رایگەیاند، " ئەو رووداوە هەلێکی باشی بۆ بەشداربووان رەخساند بۆ ئەوەی کەلتووری راستەقینەو میراتی کەلتووری کوردستان بناسن، رووداوی لەو چەشنە زیاتر برەودەدات بە ئالوگۆڕی کەلتووری و پێشخستنی لێکتێگەیشتن لە نێوان هاوڵاتییانی کوردستان و کرۆواتیا."

رۆژی دواتر، فەلاح مستەفا بەشداری کرد لە سمینار و پێشانگایه‌ك ده‌رباره‌ی ئەنفال كه‌ لە ئارشیڤی نیشتمانی کرۆواتی رێكخرابوو. فەلاح مستەفا ووتی، "هەموو شارستانیەتێک، هەموو کەلتوورێک، هەموو خەڵکانێک کاتی چارەنووسسازیان لە مێژووی خۆیاندا هەبووە، بۆ کوردی عێراق ئەو کاتە، ئەنفالە کە ئێمە رووبەرووی مردن بووین بەدەستی دوژمنێکی دڵڕەق لەناو وڵاتەکەی خۆماندا، بەلام ئێمە زیندوو ماین بۆ ئەوەی گەشە بکەین."

لە چواچیوەی سەردانەکەیدا، بەرێز فەلاح مستەفا هەروەها لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە لە نێوانیشیاندا سەرۆک کۆماری کرۆواتیا، خاتوو کۆلیندا گاربەر کیتراوۆڤیچ، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی کرۆواتیا، بەرێز فەلاح مستەفا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کرۆواتیا هەروەها بارودۆخی ئێستای ناوچەکەیان لەگەڵ سەرۆکی کرۆواتیا تاوتوێ کرد.

هەردوولا باسیان لەو ئاستەنگە سەربازی و مرۆڤییە کرد کە رووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەتەوەو جەختیان لە هاوکاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی کرد بۆ لەناوبردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست.

بەرێز فەلاح مستەفا سوپاسی بەشداری کرۆواتیای کرد لە هاوپەیمانی دژی رێكخراوی تێرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ناسراو به‌ داعشداو رایگەیاند هێشتا هێزەکانی پێشمەرگە پێویستییان بە چەک و تەقەمەنی و راهێنانی سەربازی هەیە.

هه‌روه‌ها باسی لەو تەحەددایانە کرد کە رووبەرووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە كه‌ شوێنی نزیکەی یه‌ك ملیۆن وهه‌شت سه‌د هه‌زار پەنابەر و ئاوارەی کردووەتەوە وداوای یارمەتی زیاتری نێودەوڵەتیشی لەو بارەیەوە کرد.

له‌لای خۆیه‌وه‌، سەرۆکی کرۆواتیا رایگەیاند تێگەیشتنی تەواویان هەیە بۆ ئەو کێشانەی رووبەرووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوەو پشتیوانی کرۆواتیای بۆ هەرێمی کوردستان لە شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش دووپاتکردەوە.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ هەر یەک لە دۆماگۆیى یوریچیج سەرۆکى دیوان و داریۆ میخلاین ڕاوێژکارى سەرۆک کۆمار بۆ کاروبارى سیاسەتى دەرەوە و ئەوروپا و یوسیپ بولیێڤیچ ڕاوێژکارى سەرۆک کۆماری کرۆواتیا بۆ کاروبارى بەرگرى و ئاسایشى نیشتیمانى کۆبووەوە.

دۆماگۆیى یوریچیج سەرۆکى دیوانی سەرۆکایەتی کرۆواتیا ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد لە رێگریکردن لە پێشرەوییەکانی داعش و هاوکارییە مرۆڤییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند کە پێشکەش بە ئەو ژمارە زۆرە ئاوارە و پەنابەرە دەکرێت و رایگەیاند، " ئێمە وەک هاوبەشێک چاو لە هەرێمی کوردستان دەکەین و چاومان لە بەردەوامی هاوکارییەکانە لە هەموو روویەکەوە."

لەکۆبوونەی لەگەڵ فەلاح مستەفا، داریۆ میخلاین ڕاوێژکارى سەرۆک کۆماربۆ سیاسەتى دەرەوەی کرۆڤاتیا  رایگەیاند، ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ ڕۆڵى سەرۆک بارزانى لە سەرکردایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعشدا. راشیگەیاند، " هەرێمی کوردستان بووەتە دوورگەیەکی سەقامگیر بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و ئاشتیانەو پێشکەوتن."

یوسیپ بولیێڤیچ ڕاوێژکارى سەرۆک کۆمار بۆ کاروبارى بەرگرى و ئاسایشى نیشتیمانى جەختی کردەوە توندڕەوی ئایینی دیاردەیەکی نێودەوڵەتییە، لەبەر ئەوەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارییەتی هاوبەشی هەیە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان شەڕ بکات. کرۆواتیا ئەندامێکی هاوپەیمانی دژی داعشە و پابەندە بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لەو شەڕەدا."

 

 

 

 

Read کد خبر: 1468

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی