Print this page

نێچیرڤان بارزانی داوا دەكات ئەمەریكا لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت

ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز جۆنز باسی دوا سەردانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا كرد و كۆبوونەوە و دیدار و گفتوگۆكانی سەردانەكەی بەرز نرخاند. ئینجا دوا پێشهاتەكانی ڕەوشی سیاسی لە بەغدا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و هاوكاریی ئەمەریكا بۆ عێراق بە گشتی و بە تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستانی خستە ڕوو و دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت هەروەك لە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا، ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر كرا و دووپات كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو كێشانەی لە بودجە و مووچەی فەرمانبەراندا دروست بوون كرد و پشتگیریی خۆی بۆ یاسای بودجە و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپات كردەوە. هەروەك ئاماژەی بە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و هەڵسانگاندنی ڕووداوەكان و بەشداریكردنی لایەنەكانی سوننە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئازادكردنی ناوچە سوننییەكانی لەژێر دەستی داعش كرد.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و تێبینی و هەڵسەنگاندنەكانی كرد بۆ سەردانە سەركەوتووەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ واشنتۆن و لەمبارەیەشەوە سوپاسی باڵیۆزخانەی ئەمەریكای كرد كە توانیان پرۆگرامێكی ڕێكوپێك بۆ ئەو سەردانە ئامادە بكەن.

لەبارەی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە و هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بۆ بەهاناوەچوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە ڕوویان لە هەرێم كردووە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەمەریكا ئەم پرسانە بە هەند وەربگرێت و لە هاوكارییەكانی بەردەوام بێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا، بەڕێز سەرۆك وەزیران هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە كە هەر لە سەرەتاوە هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكە بووە و ئەو ئەركانەی جێبەجێ كردووە كە كەوتوونەتە سەر شانی و چاوەڕێی ئەوەن لە ڕۆژانی داهاتوو بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی، ئەوەی لەسەر شانییەتی لە ڕێككەوتنەكە جێبەجێی بكات. 

Read کد خبر: 1361