Print this page

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢١ـی٣ـی ٢٠١٥ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت .

لە پەیوەندییەکەدا جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد. هەروەها هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان کرد کە لە پێناوی بەرگرییکردن لە گەل و وڵاتەکەیان گیانیان بەخشیوە.

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵی ئازایانە و کاریگەری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان نیشان دا کە لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدا توانیویانە تیرۆریستان تێکبشکێنن.

لە بەشێکی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرا و بەڕێز جۆ بایدن، تەئکیدی لەسەر دۆستایەتی و هاوکاری و هاوپەیمانێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و جەختی لەسەر پێویستیی زیاتر پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.

له‌ به‌رانبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئەمەریکای كرد و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی ئه‌و تیرۆریستانه‌ پێویستە هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی بەردەوام بێت.

Read کد خبر: 1256