Print this page

سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ بەسەر دەكاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی 1ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە میحوەری گوێڕ و بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرە سەردانی گوێڕی كرد.

لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندە سەربازی و مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەم میحوەرە كرد كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەلاماری تیرۆریستانیان تێكشكاندووە و گورزی كوشندەیان لێ وەشاندوون و سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد و ئەركی پێشمەرگەی بە ئەركێكی پیرۆز زانی كە بەرگریكردنە لە كەرامەتی خەڵك و خاكی كوردستان.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە و لەبارەی پلان و بەرنامەكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا ڕێنمایی پێویستی بۆ فەرماندەكان خستەڕوو.
Read کد خبر: 1083