Print this page

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پێشمەرگەی قارەمانی شنگال قاسم دەربۆ دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی 1ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پێشمەرگەی قارەمانی دەڤەری شنگال قاسم دەربۆ كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگری و قارەمانێتیی قاسم دەربۆ و هەڤاڵانی و هەروەها ئەم پێشمەرگە دڵێرانە كرد كە قارەمانانە بەرگرییان لە چیای شنگال كرد و ڕێگەیان نەدا دەستی گڵاوی تیرۆریستان بگاتە چیای شنگال. سەرۆك بارزانی لەبارەی ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان هاتووە، ئاماژەی بەوەدا كە زوڵم و دەستدرێژیی دوژمنان و تیرۆریستان دژی خوشك و برا ئێزیدییەكان درێژەپێدەری ئەو زوڵمەیە كە دوژمنانی كوردستان لەدژی گەلەكەمان و بێسەروشوێنكردنی 12000 فەیلی و 8000 بارزانی و سەدوهەشتاودوو هەزار كوردی گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی كوردستان و هەروەها كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئەنجامیان داوە. دوژمنان ئێزیدییەكانیان بەهۆی كوردبوون و ئێزیدیبوونیان كردە ئامانج و بەلای تیرۆریست و دوژمنانەوە ئێزیدیەكان دووجار تاوانبارن ئەویش چونكە لە نەتەوەی كوردن و ئایینیشیان ئێزیدییە. بۆیە ئێمەیش هەرچی لە تواناماندا بیت دەیكەین بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان سەرفیراز و ئازاد بن و وەك هەموو خەڵكی كوردستان بە ئازادیی بژیین.

لەبەرانبەردا فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی دەڤەری شنگال سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد و ئامادەبوونی سەرۆك بارزانیی لە بەرەكانی شەڕ بە هۆكارێكی گەورە زانی لە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە و هەروەها هاتنی سەرۆك بارزانیشی بۆ سەر چیای شنگال بە وەرچەرخانێك لە مێژووی دەڤەری شنگال لە قەلەمدا. قاسم دەربۆ بەڵێنی بە سەرۆك بارزانیدا كە تاهەتایە بەرگریكاری كەرامەت و خاكی كوردستان و شنگال دەبێت و جەختی لەوەیش كردەوە كە ئێزیدییەكان و خەڵكی دەڤەری شنگال، شنگال بە بەشێكی ڕەسەنی كوردستان دەزانن.

Read کد خبر: 1063