Print this page

نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى مه‌سیحى كرد

 

 

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى دیسه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ‌به‌ڕێز پاتریارك مار لویس ڕۆفائێل ـ یه‌كه‌م ساكۆ، پاتریاركى كلدان له‌ عیراق و جیهان و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز پاتریارك سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى كرد بۆ پێشوازیكردن و داڵده‌دانى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ ڕه‌وشى ئاواره‌كان قورسه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ست به‌ غه‌ریبى ناكه‌ن و له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ناو كه‌سوكارى خۆیاندان. هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بتوانێت سوود له‌ تواناكانى مامۆستا و دكتۆر و كارمه‌ند و پیشه‌وه‌رانى ئاواره‌ وه‌ربگرێت و ده‌رفه‌تى كاریان بۆ بڕه‌خسێنێت، تا بتوانن بارى ژیانى خۆیان باشتر بكه‌ن، هاوكاریى ئه‌و قوتابییه‌ مه‌سیحیانه‌ش بكات كه‌ له‌ خوێندن دابڕاون، تا بتوانن بكه‌ونه‌وه‌ به‌ر خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كانیان نه‌فه‌وتێت.

به‌ڕێز پاتریارك هه‌موو ئاماده‌ییى كه‌نیسه‌ى كاسۆلیكیشى ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ ڤاتیكان و جیهانى مه‌سیحى به‌كار بێنێت تا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكاریى ئاواره‌كان بكه‌ن. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ له‌ دوایین دیداریدا له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان، باسى له‌ هه‌موو هاوكاریه‌كانى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان و ته‌واوى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تیان له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رز هه‌ڵسه‌نگاندووه‌. هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تى عیراقیش ڕۆڵى خۆى ببینێت و باشتر به‌ ده‌نگ ئاواره‌كانه‌وه‌ بچێت و هاوكاریى زیاتریان بكات.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بێ جیاوازى پێشوازى له‌ هه‌موو ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بووبێت، هاوكارى كردوون و یارمه‌تى داون، به‌ هه‌مان شێوه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌روه‌ها سوپاسى به‌ڕێز پاتریاركى كرد كه‌ وێنه‌یه‌كى باشى هه‌رێمى كوردستانى گه‌یاندووه‌ته‌ ڤاتیكان و جیهانى مه‌سیحى. بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كانیش، بڕیارى دا لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوونى كێشه‌كان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى، له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت، پێك بهێنرێت.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1008