نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرانبەر ئەنجامەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ لە لێدوانێكدا كۆمەڵێك بۆچوونی بێبنەمای خستووەتە ڕوو و كەوتنی شاری موسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە.

لە وەڵامیدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم لێدوانەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی و خۆدزینەوەیە لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵ كە ناوبراو بەرپرسیارێتیی یەكەمی ئەم ڕووداوەی دەكەوێتە سەر شان.

ئەنجامەكانی لێكۆلینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆلێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە نووری مالكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات. ئەوەی بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش ڕەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی موسڵ، شەخسی نووری مالكیە. ئەوەیشی ئێستا لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانە و ئەفسانەی داعشی شكاندووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. 

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
19ـی 8ـی 2015

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری جارێکی تر سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیان كرد كە ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لێقەوماوانی هەموو پێکهاتەکانیان لە کوردستان حەواندۆتەوە و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکرێت.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی دیالە و ئەنبار و كەركووك و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و قسە لەبارەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هۆزە عەرەبەكان و حەشدی شەعبی كرا. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا تەحەدییاتی بەردەم عێراق و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە پڕۆسەی سیاسی و چاكسازی و قۆناغەكانی دوای شەڕی داعش تاوتوێ كرا.

ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی 1ـی 2014 سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پڕۆسەی سیاسی و بارودۆخی مەیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕی دژی داعشدا بەدەستیان هێناوە.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوكارییەك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی 9ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی نیشتیمانیی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقی خرایە بەر باس هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ سەر كوردستان و عێراق و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی بارەدۆخی ئاوارەكان و ڕەوش و گوزەرانیان كرا.

هەر لەم دیدارەدا هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوودا ویست و داواكاریی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەبەر چاو بگیرێت. ئەوەیش دووپات كرایەوە كە بۆسەركەوتن لە شەڕی تیرۆریستان پێویستە چارەسەری سیاسیی گونجاوییش بدۆزرێتەوە. لەو دیدارەدا جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە حكوومەتی عێراقی پابەندی ئەو بەرپرسیارێتییە بێت كە بۆ یارمەتیدان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لەسەر شانیەتی.

ئەمڕۆ شەممە 9ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراقی.


لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان لەدژی داعش و تیرۆریستان و بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانەیان كرد كە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەرهەق خەڵكی سنجار و دەرووبەری ئەنجام دراوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیشی كرد كە پەناگەیان بۆ ئاوارەكان و ئازادیخوازان و پێكهاتەكانی عێراق لە كوردستان دروست كردووە و ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە داعش بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی خەڵكی عەرەب و سووننە ناكات و تەنانەت ژمارەیەكی زۆری عەرەب لە زوڵمی داعش ماڵ و حاڵ و موڵكی خۆیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ كوردستان هێناوە ئەوان كۆمەڵێك تاوانبارن كە ئامانجیان تێكدانی ژیانی خەڵك و برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراقە. نوێنەرانی پارێزگا سووننەنشینەكانی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەرۆك بارزانیان ڕاگەیاند كە ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە كوردستاندا نیشتەجێن ئامادەن بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بكەن و ناوچەكانیان ئازاد بكەنەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەم دوایە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان ڕایگەیاند گەلی كوردستان سەرباری ئەوەی كارەساتی گەورەی ئەنفال و كیمیابارانی بەسەردا هاتووە بەڵام هیچ كات نەیویست برایەتی و پێكەوەژیانی لەگەڵ عەرەبەكان تێكبچێت و یارمەتیی ئەو عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی دا كە لە ناوچەكەدا دەژییان. گەلی كوردستان هەمیشە شەڕی حكوومەتە زاڵمەكانی كردووە و هەرگیز لەدژی نەتەوە و خەڵكی مەدەنی نەبووە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ڕەفتارەی لە لایەن هەندێ گوندنشین و هۆزی عەرەبی لە سنجار و ڕۆژهەڵاتی موسڵ لەدژی پێشمەرگە و كوردانی ئێزیدی بینرا جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و دوور بوو لە چاوەڕوانیی ئێمە و ترسی ئەوە هەیە كە تیرۆریستان لەوەدا سەر بكەون كە دوژمنایەتیی نێوان كورد و عەرەب دروست بكەن. پەیوەست بە ئەو عەرەبە ئاوارانەی پەنایان بۆ كوردستان هێناوە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی هەموو ستەملێكراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەكان پارێزراو دەبێت.

 

 

 

 

ئەمڕۆ شەممە 19ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشان دا و بە ناوی خۆی و شاندی میوان سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكانی موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار و شوێنەكانی دیكەی عێراق و ئاماژەیشی بەوەدا سەرباری بارودۆخی سەختی ئەمنی و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە ڕوویان لە هەرێم كردووە بەڵام ئەوە یارمەتییەی پێشكەشیان كراوە جێگەی پێزانینە. لەبارەی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ هیوای خواست كە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی قۆناغی هاوكاری كوتلەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان بێت هەرچەندە پڕۆسەیەكی ئاسان نابێت و هەوڵی هەموو لایەكی پێویستە. لەدرێژەی ئەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسی كێشە و گرفتی ئەو خەڵكە بێتاوانەی ناوچەكانی موسڵ و سەلاحەدینیان كرد كە لەژێر هەڕەشەی چەكدارە تیرۆریستەكان و هەروەها هەڕەشەی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی حكوومەتی عێراقی دان و سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشیان كرد كە ڕێگەیان لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرتووە بۆ پارێزگای كەركووك و هەندێ ناوچەی پارێزگای موسڵ و هیوایشیان خواست دۆخی ئاساییشی ئەو ناوچانە و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنی پێكهاتەكان پتەوتر ببێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ ئەو و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خواست. سەرۆك بارزانی لەبارەی هاتنی ئاوارەكان هێمای بەوەدا كە هەرچەندە ئیمكانیاتی هەرێم سنووردارە و ڕێژەی پەنابەرانیش زۆرە بەڵام یارمەتیدانی پەنابەران بە ئەركێكی مرۆڤیی خۆمان دەزانین و لە هەموو حاڵەتێكدا دەرگە بەڕووی ئاوارەكان كراوەیە و ئەوەیشی باس كرد كە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە دەولییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر یارمەتیی ئاوارەكان بدرێت و لەبارەی ئیجرائاتی ئەمنیی وەرگرتنی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بوونی ئیجرائاتی ئەمنی بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەكانە كە ڕوویان لە هەرێم كردووە. سەبارەت بە كەركووك و ناوچەكە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەولەویەتی ئێمە پاراستنی ئاساییشی ئەم ناوچانەیە و هێزی پێشمەرگەیش بە بێ جیاكاری ئەركی پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی لەسەر شانە. پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە تەنیا گوڕینی دەموچاوەكان گرنگ نییە بەڵكو پێویستە نەهج و تەفكیری سیاسیی دەستەڵاتدارانیش بگۆڕدرێت.

قسەكردن لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

 

 

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 4ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە پڕۆسەی دەنگدانی هەر دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی شارۆچكەی پیرمام ئامادە بوو و دەنگی خۆی دا.

 

 چوار شەممە, 30 نیسان 2014

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی