نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هه‌مدڵی: بارودۆخی ئه‌مڕۆی عێراق ئه‌نجامی کرده‌وه‌ی دوێنێی سیاسه‌تمه‌دارانه‌

 رۆژنامه‌ی هاودڵی ـ همدلی | نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران ده‌ڵێت: له‌ ته‌نیشت ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی عێراق، ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بیانیش هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان که‌ڵکی خراپ وه‌ربگرن.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هه‌مدڵی چاپی تاران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق ده‌ڵێت: ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی عێراق ئه‌نجامی کرده‌وه‌کان و کاره‌کانی رابردوو له‌م وڵاته‌دایه‌. له‌ راستیدا ئه‌نجامی کاره‌کانی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقییه‌. ئه‌و کارانه‌ و کرده‌وانه‌ی که‌ بۆته‌ هۆی زیادبوونی رێژه‌ی بێکاری و هه‌روه‌ها گه‌شه‌کردنی گه‌نده‌ڵی. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م کرده‌وه‌ و ره‌فتارانه‌دا گه‌نج و لاوانی عێراقی ناڕازی و تووڕه‌ن.

ده‌باغ له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: له‌ ته‌نیشت ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی عێراق، ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بیانیش هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان که‌ڵکی خراپ وه‌ربگرن. ئه‌م ده‌ست و پێوه‌نده‌ ده‌ره‌کی و بیانیانه‌ به‌ چوونه‌ ناو خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی عێراق هه‌وڵیان داوه‌ که‌ هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر بینا و شوێنه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان و ئه‌وانه‌ ئاگر تێبه‌ر بده‌ن، یان خه‌ڵکی بکووژن. له‌ راستیدا ئه‌وان ویستوویانه‌ وێنه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ دیمه‌نی ناڕه‌زایتییه‌کانی خه‌ڵکی عێراق وێنا بکه‌ن.

نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران جه‌خت ده‌کاته‌وه‌: به‌م پێیه‌ ئێستا هه‌مووی سیاسه‌تمه‌داران و رێبه‌رانی سیاسیی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که‌ ده‌بێ ده‌نگی خه‌ڵکی عێراق ببیسترێت و ده‌ست بکه‌ن به‌ چاکسازی. به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی لێره‌دایه‌ که‌ له‌ جێبه‌جێ بوونی ئه‌م چاکسازیانه‌دا، سیاسییه‌کان ده‌بێت سه‌رنج بده‌نه‌ داخوازی و ویستی گشتیی خه‌ڵکی و له‌ هه‌وڵدان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تاکه‌که‌سی و حیزبی خۆیان به‌دوور بگرن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ مه‌بادا دیسان گه‌نده‌ڵییه‌کی نوێ بێته‌ ئاراوه‌.

ده‌باغ سه‌باره‌ت به‌ لێکدانه‌وه‌ی خۆی له‌ داهاتووی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ ده‌ڵێت: من له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌م که‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی عێراق ئه‌نجامی رابردووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ خه‌ڵک و لاوانی عێراقی هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ هۆی ره‌فتار و کرده‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ساڵه‌کانی رابردوو دایه‌. ئێستا ماوه‌یه‌ک تێده‌په‌ڕێت و له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکیش ئارامتر ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام خاڵه‌که‌ لێره‌دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ بگۆڕدرێت و ده‌نگی خه‌ڵکی عێراق بیسترێت و پێڕاگه‌یشتن به‌ خواست و ویستی ئه‌وان بکرێت که‌ ئه‌م باشتربوون و ئارامییه‌ درێژه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ بارودۆخی عێراقدا ئاڵوگۆڕێک به‌دی نه‌کرێت، ئه‌گه‌ری دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه‌ هه‌یه‌.

‌"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران سه‌باره‌ت به‌ کاریگه‌ریی رووداوه‌کانی ئه‌م رۆژانه‌ی عێراق له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ و دراوسێیه‌کانی دیکه‌ی‌ گوتی: ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بیانی که‌ به‌ کرده‌وه‌ هاتنه‌ ناو جه‌رگه‌ی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانه‌وه‌، له‌ دوو خاڵ خۆشحاڵ نین و به‌ چڕی هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ ئه‌مه‌ تێک بده‌ن. ئه‌وان به نیسبه‌ت بێ لایه‌نیی عێراق له‌ کێشه‌ و ته‌نگژه‌کانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و گرژی و ئاڵۆزی و تێکهه‌ڵچوونانه‌ی که‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بوونی هه‌یه‌، خۆشحاڵ نین و له‌ راستیدا ده‌یانه‌وێت که‌ لانی که‌م ئه‌گه‌ر عێراق به‌ کرده‌وه‌ نایه‌ته نێو گۆڕه‌پانه‌که‌، هه‌ڵوێست بگرێت و بێ لایه‌ن نه‌بێت. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندیی باشی ئێران و عێراق ناڕه‌حه‌تن. له‌ ئه‌نجامدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ عێراق له‌م دوو هه‌ڵوێستییه‌ی بێ لایه‌ن بوونی و په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ئێران بخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌. ‌‌

 

Read کد خبر: 2249

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی