نێچیرڤان بارزانی: پێویستە بەغدا قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌

ئه‌مساڵ یادی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان خه‌مناكتره‌ چونكە چاومان لە بیابانەكانی عێراقە

ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌راسیمی 36ەمین ساڵوه‌گه‌ڕی جینۆسایدی بارزانییه‌كاندا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا رایگه‌یاند كە ئه‌مساڵ یادی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان خه‌مناكتره‌، چونكه‌ چاویان له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و بیابانی سه‌ماوه‌یه‌. داواشی كرد حكوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە.


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی "تا ئێستە له‌ كۆی هه‌شت هه‌زار بارزانی ئه‌نفالكراو، ته‌نیا رووفاتی 596 شه‌هید گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ كۆی 182 هه‌زار ئه‌نفالكراوی كورد، رووفاتی تەنها دوو هه‌زار و 672 شه‌هید گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیانلێكه‌وتووانی كوردستان بكاته‌وه‌".


ئەمەی خوارەوە ده‌قی وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە:

یادی ئه‌نفالی بارزان ئه‌مساڵ خه‌مناكتره‌. چه‌ند رۆژێكه‌ چاومان له‌ بیابانه‌كانی عێراقه‌. چاومان له‌ گوندی شێخولباده‌ی نزیك نوگره‌ سه‌لمانه‌. كه‌ رووفاتی 75 كوردی ئه‌نفالكراوی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌. هه‌موویان ژن و منداڵن. دیمه‌نه‌كان دڵهه‌ژێنن. منداڵی ساوا دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ باوه‌شی دایكیدا گوله‌ باران كراوه‌ و توند سینگی دایكی گرتووه‌. ژنێكی دیكه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، پێنج منداڵی بچووك به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ گوله‌ باران كراوون. ئێمه‌ی كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال و جینۆساید له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا بادینان، ئێمه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ناخ و ده‌روونمان جارێكی دیكه‌ به‌و دیمه‌نانه‌ هه‌ژاوه‌ته‌وه‌.


جارێكی دیكه‌، دیمه‌نی گوله‌باران و زینده‌به‌چاڵكردنی 182 هه‌زار كه‌سی بێتاوان و مه‌ده‌نی و خه‌ڵكی كوردستانمان له‌و بیابانانه‌دا دێته‌ به‌رچاو، كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر كورد بوون و نیشتمان په‌روه‌ری به‌ كۆمه‌ڵ شه‌هید كراون.


تا ئێستا ته‌نیا رووفاتی 2672 شه‌هید له‌ 182 هه‌زار ئه‌نفالكراوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. له‌ هه‌شت هه‌زار بارزانییش، ته‌نیا رووفاتی 596 كه‌س كه‌ شه‌هید كراوون گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ده‌ڤه‌ری بارزان. لێره‌ له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان نێژراوون.


دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ و هه‌ر رووفاتێك هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌خاته‌ ماته‌مینییه‌وه‌، چونكه‌ شێوه‌ی گرتن و ئه‌نفالی خه‌ڵكی كوردستان زۆر كه‌موێنه‌یه‌ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی جیهاندا.


به‌ڕێزان..

ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لێره‌ له‌ یادی 36 ساڵه‌ی ئه‌نفال و جینۆسایدی بارزانییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، رۆژی 31ی ته‌مموزی 1983 هه‌ر پیاو و گه‌نجێكی بارزانی بووبێت لای رژێمی عێراق تاوانبار بووه‌ و گیراوه‌. دوای مانگێك هه‌موویان له‌ بیابانه‌كانی پارێزگای موسه‌ننا گوله‌باران كران و خرانه‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان. ئه‌و بارزانیانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ ملێیه‌كانی قوشته‌په‌، به‌حركه‌، هه‌ریر و دیانا ده‌ستگیر كران.


له‌ كۆتایی حه‌فتاكان هه‌موو گونده‌كانی بارزان رووخێنران و 2725 خێزانی بارزانی له‌و كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ ملێیانه‌ نیشته‌جێ كران. دواتر هه‌موویان به‌ كۆمه‌ڵ ئه‌نفال كران.


ژیانی ژن و منداڵی بارزانیی دوای ئه‌و ئه‌نفال كردنه‌ زۆر سه‌ختتر بوو. ئه‌و كات ئه‌ركی ژیاندنی خێزان به‌ ته‌واوی كه‌وته‌ سه‌ر شانی ژنانی سه‌ربه‌رزی بارزانیی. منداڵه‌كانیان له‌ ناو مه‌رگه‌سات و دۆخێكی ناخۆشدا گه‌وره‌ كرد. زۆر له‌ منداڵه‌ بارزانییه‌كان ناچار بوون به‌ هۆی ترس و خراپتر بوونی ژیانی خێزانه‌كانییانه‌وه‌ واز له‌ خوێندن بهێنن. خێزانه‌كان به‌ هۆی ئه‌نفالكردنی سه‌رخێزانه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ژیانیان تێكچوو بوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ رزگاریان بوو، له‌ ترسێكی به‌رده‌وامدا بوون. چاوه‌ڕێ بوون ئه‌وانیش رۆژێك بگیرێن. ئه‌و دۆخه‌ ناخۆشه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر بارزانییه‌كان و گه‌لی كوردستان هات، له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی عێراق، تاكو راپه‌ڕینی 1991 به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام دایكانی بارزانیی به‌ سه‌ربه‌رز و به‌ ته‌حه‌ددا و ئیراده‌یه‌كی پۆڵاینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی سه‌ختییه‌كانی ژیان و قه‌ده‌ر بوونه‌وه‌. له‌ لایه‌ك بۆ منداڵه‌كانیان بوونه‌ باوك و به‌ ره‌نج و كاركردن بژێوی ژیانیان په‌یدا كرد. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ منداڵه‌كانیان به‌ گیانی به‌رزی كوردانه‌ په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌ كرد.


ئه‌مڕۆ ده‌بینین، ئه‌و منداڵانه‌ گه‌نجی به‌توانا و لێهاتوون و له‌ ئه‌مڕۆدا خزمه‌تی كوردستان و گه‌له‌كه‌ی ده‌كه‌ن.


ده‌ستی یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌و دایكه‌ رووسپیانه‌ ماچ ده‌كه‌ین. سووپاسیان ده‌كه‌م. بۆ هه‌میشه‌ ئێمه‌ قه‌رزداری ئه‌و دایكه‌ میهره‌بان و خۆشه‌ویستانه‌ین. چ له‌ بارزان و چ له‌ گه‌رمیانی خۆڕاگر بن.


لێره‌ كه‌ باسی ژیانی ئه‌و خێزانه‌ بارزانییانه‌ ده‌كه‌ین، پێویسته‌ وه‌ك هه‌موو جار سووپاسی جوامێری خه‌ڵكی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری بكه‌م، كه‌ كوردانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان كرا، هاوكاری بارزانییه‌كانیان كرد. به‌ راستی هه‌ولێری خۆشه‌ویست وه‌ك هه‌میشه‌ جوامێری نواند، هه‌روه‌ك چۆن دواتریش جوامێری به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی ده‌ربه‌ده‌ری بادینان و كوردانی شه‌به‌ك نواند. زۆر سووپاس بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر. ئێوه‌ یارمه‌تیده‌ری گه‌وره‌ بوون بۆ سه‌رنه‌گرتنی پیلانه‌كانی رژێم. سووپاس بۆ خه‌ڵكی دیانا و هه‌ریر و باتاس و ده‌وروبه‌ریان. ئه‌وانیش به‌ پێی توانای خۆیان هاوكاری بارزانییه‌كانیان كرد. ئه‌نفالی بارزانییه‌كان به‌ هه‌موو پێوه‌رێك جینۆساید بوو. دوای رووخانی به‌عس، دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق، رۆژی 11ی ئایاری 2012 بڕیاری به‌ جینۆساید ناساندنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كانی ده‌ركرد.


به‌ڕێزان..

بارزان و گونده‌كانی ناوچه‌كه‌ چه‌ندین جار رووخێنراوون. بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ بیست و سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، بارزان به‌ ناپاڵم و بۆمبی ته‌وقیتكراو بۆردومان كرا. چونكه‌ ببوه‌ مه‌كۆی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی. بارزان خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی عیرفانی و دابونه‌ریتی عیرفانی به‌رزه‌. بارزانییه‌كان خاوه‌ن مێژووییه‌كی شۆڕشگێڕی دێرینن. عه‌قیده‌ی بارزان ریشه‌ی داكوتاوه‌. ئامانجه‌كه‌ی مرۆڤانه‌ بووه‌. هه‌موو بارزانییه‌ك به‌ گوێره‌ی ئه‌و عه‌قیده‌یه‌ خۆی به‌ به‌رپرسیار بینیوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خودا. بۆیه‌ خۆی به‌ خاوه‌ن ئه‌رك بینیوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی خودا.


بارزانییه‌كان بۆ پاراستن و به‌رگری كردن له‌ ماف و ژیانی هه‌موو مرۆڤێك به‌ هه‌موو ئاینه‌كانه‌وه‌ خۆیان به‌ به‌رپرسیار زانیوه‌. به‌و عه‌قیده‌یه‌وه‌ دانانی یاساكانی پاراستنی گیانله‌به‌ران و ژینگه‌یان كردووه‌ به‌ ئه‌ركی خۆیان.


پاراستنی مافی ژنان و منداڵان یه‌كێك بووه‌ له‌ تایبه‌تمه‌نییه‌كانی خێزان. سیسته‌می ده‌ره‌به‌گی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، هه‌ر به‌ پێی ئه‌و عه‌قیده‌یه‌ و بۆ پاراستنی مافی جوتیاران.


بارزانییه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون، دادپه‌روه‌ری له‌ ژێر ده‌ستی و سته‌م درووست ناكرێت. بۆ به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری دژی سته‌م راپه‌ڕیون. له‌و په‌ڕی نه‌بوونیدا به‌و په‌ڕی باوه‌ڕه‌وه‌ خه‌باتیان كردووه‌ بۆ سه‌ربه‌ستی میله‌ته‌كه‌یان.


له‌ بارزان مزگه‌وت و دێر و كڵێسه‌ له‌ ته‌نیشت یه‌ك بوون. دادپه‌روه‌ری نێوان په‌یڕه‌وانی هه‌رسێ ئاینی ئیسلام و مه‌سیحی و جووله‌كه‌ هه‌بووه‌. عه‌قیده‌ی بارزان به‌رده‌وام له‌ناو رێسا مرۆڤایه‌تییه‌كاندا گه‌شه‌ی كردووه‌. گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی درووست كرد. زۆر به‌ فراوانی و ئاشكرایی ئه‌و عه‌قیده‌یه‌ په‌ڕیه‌وه‌ بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش و ده‌ستپێكردنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌مدا، كه‌ زانا و گه‌وره‌كانی كوردستانی له‌سه‌ر مافه‌كانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌كانی كوردی رێكخست و كۆی كردنه‌وه‌. داواكارییه‌كانی گه‌لی كوردستانی به‌ شێوه‌ی نووسراو له‌ كۆمه‌ڵێك خاڵی زۆر رووندا گه‌یانده‌ ئیمپراتۆری عوسمانی و زلهێزه‌كانی ئه‌و كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌، به‌ دانه‌ری یه‌كه‌م مانیفێست و رێبازی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان داده‌نرێت. دوای له‌سێداره‌دانی شێخ عه‌بدولسه‌لام له‌ 1914 عه‌قیده‌ی بارزان له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان له‌ گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاو و به‌رده‌وام بووه‌.


بارزانییه‌كان له‌ رووی رووحییه‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌یان كرد. ژینگه‌ و سرووشت پارێزیان زیاتر بڵاو كرده‌وه‌ و ئه‌و بڕوایه‌یان به‌هێز كرد. چونكه‌ دوای داهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، خودانی بارزان زۆر رێنمایی وردی ده‌ركرد. ته‌نانه‌ت هانی بارزانییه‌كانی ده‌دا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر رووباری گه‌وره‌ش بن، نابێت زیاتر له‌پێویستی خۆیان ئاو به‌كار بهێنن. نابێت ئاو به‌ فیڕۆ بده‌ن. هه‌روه‌ها جه‌نابی شێخ خه‌ڵكی راده‌هێنا له‌سه‌ر ته‌حه‌مول كردن و سه‌ر نه‌وی نه‌كردن بۆ هیچ سته‌مكار و زۆردارێك. دوای رووخانی كۆماری دیموكراسی كوردستان له‌ مهاباد، گه‌ڕایه‌وه‌ عێراق، ماوه‌ی سێ ساڵ چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی حوكمی له‌سێداره‌دان و نۆ ساڵ حوكمی زیندانیی، سه‌ره‌ڕای زۆر داواكاری ئاماده‌ نه‌بوو، نامه‌یه‌ك بۆ مه‌لیك بنووسێت و داوای لێبوردنی لێبكات، تا رووخانی مه‌له‌كی ئازاد كرا. به‌ هۆی یه‌كگرتن و پابه‌ندیان به‌ عه‌قیده‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، بارزان و بارزانییه‌كان رۆڵ و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له‌ مێژووی كوردستان هه‌بووه‌. یه‌كگرتووی خۆیان ده‌پارێزن بۆ ئه‌وه‌ی پارێزه‌ری مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بن. چونكه‌ بارزانییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ كراوون. له‌وه‌ش كه‌متر به‌ شایانی مێژووی خۆیان نابینن. عه‌قیده‌ و كلتووری بارزان رێگه‌یه‌ك بووه‌ بۆ رازیبوونی خوا له‌ مرۆڤ و مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌موو بارزانییه‌ك چاوی له‌وه‌ بووه‌، خوا و ده‌وروبه‌ری به‌ كرده‌وه‌ لێی رازی بن، نه‌ك به‌ خۆسه‌پاندن. بۆیه‌ بارزان هیچ كاتێك خۆی نه‌سه‌پاندووه‌ و سته‌میشی قبووڵ نه‌كردووه‌. بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ شۆڕشدا بووه‌ بۆ دادپه‌روه‌ری و بۆ ئازادی.


كوردستانیانی خۆشه‌ویست..

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ رێز له‌ ئه‌نفالكراوانی بارزانی ده‌گرین. له‌ هه‌مانكاتدا یادی ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان، بادینان، شه‌هیدانی كیمیایبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، بالیسان و شێخوه‌سانان و بێسه‌روشوێنكردنی كوردانی فه‌یلی به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌. یادی كۆمه‌ڵكوی شه‌هیدانی شنگال ده‌كه‌ینه‌وه‌. سڵاو و رێز بۆ هه‌موو ئه‌و دایكانه‌ كه‌ هه‌ر له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا بارزان و بادینان ئه‌ركی سه‌ختی په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان گرته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌وان هه‌موویان هه‌ڵگری هه‌مان ژان و سیمبوڵی ئه‌و سته‌مه‌ن له‌ كورد كراوه‌. زۆر جار لێره‌ له‌ بارزان دایكان و خه‌ڵكی گه‌رمیانم بینیوه‌. له‌ گه‌رمیانیش خه‌ڵكی بارزانم بینیوه‌. ئه‌وان هه‌ڵگری خه‌می هاوبه‌ش و هه‌مان ئازار و ناسۆرین. سڵاویان لێبێت و ده‌ستیان ماچ ده‌كه‌م.


له‌ یادی ئه‌نفالی بارزانیاندا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ پێی ده‌ستووری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان و رووپێوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ رابردوو، حكوومه‌تی عێراق پێویسته‌ قه‌ره‌بوی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و زیانلێكه‌وتووانی كوردستان بكاته‌وه‌.


داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، پابه‌ند بێت به‌و بڕیارانه‌ و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی كوردستان بكاته‌وه‌.


هه‌زاران سڵاو ده‌نێرم بۆ گیانی شه‌هیدانی جینۆسایدی بارزانی و ئه‌نفالكراوه‌كانی گه‌رمیان و بادینان و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و شنگال و هه‌موو كوردستان.

 

 

 

Read کد خبر: 2232

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی