نازم دەباغ: پێیدەچێت عیراق لە مامەڵەی كارەباو گاز لەگەڵ ئێران بەردەوامبێت

نەوا-كاروان مەحمود  //  نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەیەنێت، گواستنەوەی سەرچاوەی سوتەمەنی و كارەبای عیراق لە ئێرانەوە بۆ وڵاتێكی دیكە  ئاسان نییەو پێیدەچێت عیراق ببەخشرێت، ئەوەش دەڵێت: "باشترە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەكانی عیراق بێت".

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "پێم وایە عیراق تایبەتمەندی خۆی هەیە لە پەیوەندییەكانی لەگەَڵ ئەمریكاو پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، وە ئەو پێداویستیانەی كە هەیەتی لە سوتەمەنی و كارەبا تائێستا لەرێگەی ئێرانەوە جێبەجێكراوەو گواستنەوەی بۆ سەرچاوەیەكی تر كارێكی ئاسان نییە".
وتیشی: "پێشبینی دەكرێت لە ئەنجامدا عیراق بتوانێت گازو كارەبا لە ئێران وەربگرێت و جارێكی دیكە ببەخشرێت لە مامەڵەی لەگەڵ ئێران".
سەبارەت بە چارەنوسی هەرێمی كوردستان لە سزاكانی ئەمریكا بۆ راگرتنی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران لە مانگی ئایارەوە، نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، هەرمەترسییەك هەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان مەترسییەكانی عیراقە دەگەڕێتەوەو دەبێت لەچوارچێوەی هەر بڕیارێك كە عیراق دەیدات ئەویش پابەندبێت. ئەوەشی وت: "پێم وایە هەرێمی كوردستان لە باشترین حاڵەتداو لە هەموو قۆناغەكاندا بۆ بەرژوەندییەكانی خۆی دەبێت خۆی ببەستێتەوە بەو بڕیارەی كە عیراق دەیدات لە پرسی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئێران".

Read کد خبر: 2202

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی