نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران: ئێران نیگەرانە لەوەی ئەمەریکا لە کوردستان بنکەی سەربازی دابنێت

حزبى هەرێمى کوردستان نییە لەگەڵدا ئێران پەیوەندیی نەبێت

سازدانى – شیروان محەمەد ئەمین

نازم دەباغ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران ئاماژە بە ئامانجى سەردانى ئەم دواییەى وەزیرى دەرەوەى ئێران دەکات بۆ هەرێم، کە پێی وایە پەیامی ئەوەی پێ بووە‌ جارێکی تر دڵنیایی بە کورد بدات، لە چوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەشڵێت: «ئێران نیگەرانە لەوەی کە سوپای ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە و لە هەرێمی کوردستان بنکەی سەربازی دابنێت.»

نازم دەباغ لە چاوپێکەوتنێکى «ئاژانس»دا ئاشکرای دەکات، کە سەردانی هەردوو وەزیری دەرەوە و دارایی ئەمەریکا بۆ هەرێم، یەکێک لە پەیامەکانیان بۆ هاوکاریکردنە لەسەر ئەو ئابڵووقە ئابوورییەی کە لەسەر ئێران هەیە و دەشڵێت: «حزبى هەرێمى کوردستان نییە لەگەڵ ئێراندا پەیوەندیی نەبێت، شەش حزبیش نوێنەرایەتیی لە تاراندا هەیە».

ئاژانس: سەرەتا لە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکەین، ئەوە چی ئاماژەیەک بوو؟

نازم دەباغ: سەردانی کەسایەتییەکی وەک دکتۆر مەحمەد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوابەدوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هات، لە پاش کەمکردنەوەی چالاکیی تیرۆریستی و لەناوبردنی داعش، پەیامی ئەوەی پێیە‌ جارێکی تر دڵنیایی بە کورد بدات، لە چوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا، ئێران لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببات، بۆیە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێم و کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی هەماهەنگیی زیاترە لە نێوان تاران و هەرێمدا.

ئاژانس: بۆچی سەردانەکە لە پاش سەردانی وەزیری دەرەوەى ئەمەریکا بوو؟

نازم دەباغ: بە دڵنیاییەوە هەردوولا لەسەر ئەو شەڕە ئابووری و سیاسییەی کە لە نێوانیاندا هەیە، لە ململانێدان و کار بۆ پەیداکردنی لایەنگرانیان دەکەن، بەڵام حکومەتی هەرێمیش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، دەبێت لەگەڵ بڕیارەکانی بەغدا بێت، لە هەمان کاتدا لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بێت، بە جۆرێک نەبێت بە بەشێک لە ململانێی هیچ لایەنێک، نابێت ئەوەش لە بیر بکەین کە جوگرافیایەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە و گۆڕانی بەسەردا نایەت، ناکرێت لەبەر خاتری خاتران بیگوازینەوە، بۆیە لە هەموو قۆناغەکاندا ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران گرنگە.

ئاژانس: ئایا ئێران چاوی لەسەر ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەروازەیەک بێت بۆی تاوەکوو لە ڕێگەیەوە قورسایی ئابڵووقەکانی سەر وڵاتەکەی کەم بکاتەوە؟

نازم دەباغ: بێگومان چاوی لە هەموو ئەو مەرزانەیە کە لە دەوروبەری خۆیەتی، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو مەرزانەی کە لەگەڵ ئێراندا هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکەن هەرێمی کوردستانیش هاوکارییەکانی ئێران لەبەر چاو بگرێت، بەتایبەت لە ڕۆژە سەختەکاندا.

ئاژانس: بەڵام هەفتەی پێشوو بەڕێوەبەری گشتیی هاوردە و ناردنکارانی ئێران وتی 17 ماددەی خۆراکی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەمان قەدەغە دەکەین، ئەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانى نیۆان هەرێم و ئێران سارد ناکاتەوە؟

نازم دەباغ: نەخێر دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە هەر وڵاتێک چی پێویستە بۆ هاونیشتیمانییانی خۆی دابین بکات، هەر وەک چۆن هەرێمی کوردستانیش ئەگەر پێویستییەکی هاووڵاتییانی هەبێت ڕێگە نادات بڕواتە دەرەوە، کە نامەوێت ناو بهێنم بەڵام چەندین کاڵا هەیە لە هەرێمەوە قەدەغەیە بڕوات بۆ دەرەوە، بۆیە ئێران لەم قۆناغەدا کە قەیرانی ئابووریی لەسەرە بە پێی سیاسەتی ئابووری خۆی ناردنەدەرەوەی کاڵاکان دیاری دەکات.

ئاژانس: لە ئێرانەوە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە مەرزە نافەرمییەکان هاتوچۆی تێدا ڕابگیرێت، لەمبارەوە بڕیارێکی نوێ هەیە؟

نازم دەباغ: لە پێشتردا تەنها لە لایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی لەسەر پێنج مەرزی نافەرمی دراوە، لە لایەن ئێرانەوە زۆر دەمێکە قسە لەسەر بەفەرمیکردنی ئەو مەرزانە دەکرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی چالاکیی بازرگانیی تێدا ئەنجام بدرێت، کە هەنگاوەکانیش هەندێک کاری ماوە لە نێوان عێراق و هەرێم و ئێراندا، کۆماری ئیسلامی پێی خۆشە لە کەمترین ماوەدا بە فەرمی بکرێن، بەڵام عێراق بە هۆی هەندێک ڕەوشەوە نایەوێت لەم کاتەدا مەرزەکان چالاک بکرێن.

ئاژانس: هیچ ئاماژەیەک لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ ئەوەی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕابگرێت لە چوارچێوەی سزاکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران؟

نازم دەباغ: درک بەوە دەکەم کە سەردانی وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی ئەمەریکا بۆ هەرێم، یەکێک لە پەیامەکانیان بۆ هاوکاریکردنە لەسەر ئەو ئابڵووقە ئابوورییەی کە لەسەر ئێران هەیە، بەڵام بە پێی سیاسەتی ڕابردووی، ئێران ئەزموونی وەرگرتووە و ئەوەی سەلماندووە کە دەتوانێت متمانەی بە خۆی هەبێت.

ئاژانس: ئایا بە نووسراو یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاگادار کراونەتەوە لەوەی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران کەم بکرێتەوە یان ڕابگیرێت؟

نازم دەباغ: بۆ کەمکردن و زیادکردنیش هیچ پەیامێکمان بۆ نەهاتووە.

ئاژانس: زانیاری هەیە کە یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان پرسی کشانەوەی سوپای ئەمەریکایە لە سوریا و ئەوان ترسیان هەیە کە بنکەیەکی گەورەتر بۆ چاودێریی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن؟ پێشبینی دەکەن تێروانینی تاران بۆ ئەو پرسە چۆن بێت؟

نازم دەباغ: (بە قاقای پێکەنینەوە) لە ئابوورییەوە دەچیتەوە بۆ سیاسەت، ئەوە پەیوەندیی بەو کەسانەوە هەیه، کە چاویان بە وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتووە.

ئاژانس: خۆت دەزانیت سیاسەت و ئابووری تەواوکاری یەکترن، بۆیە جارێکی تر داوا دەکەم وەڵامی پرسیارەکەم بدەیتەوە.

نازم دەباغ: ئێران نیگەرانە لەوەی کە سوپای ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە و لە هەرێمی کوردستان بنکەی سەربازی دابنێت، بەڵام ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە کە تاکو ئێستا ئەمەریکا بنکەی تایبەت بە خۆی لە عێراقدا نییە، بەڵکو لەو بنکانەی هەیە کە لەناو سوپای عێراق بۆیان دادەنرێت، لە هەرێمی کوردستانیش ئەو بنکانە هەن کە بۆ شەڕی دژی داعش هاتن، جگە لە بنکەی کەرکوک هیچ بنکەیەکی دیاریکراوی ئەمەریکا بۆ ئێمە نەهاتووە.

ئاژانس: ئەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم یەکێکی تر نییە لە تەوەرەکانی ئەو سەردانە؟

نازم دەباغ: پێم وا نییە پەیوەندیی بەو مەسەلەیەوە هەبێت، چونکە ئێران تەداخول ناکات، ئەگەر هەیە لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندارەکانەوە گفتوگۆ کرابێت، بەڵام وەزیری دەرەوە ئامانجی سەردانەکەی بۆ دڵنیاکردنەوه بوو‌ لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاریکردنی ئێران لە بواری بازرگانیدا.

ئاژانس: ئێران، چۆن حکومەتێکی لە هەرێم دەوێت بە گشتی؟

نازم دەباغ: تەنها دەیەوێت حکومەتی تەبایی و یەکڕیزی بێت.

ئاژانس: ئایا حکومەتێکی بەبێ بەشداریی هێزە ئیسلامییەکان دەوێت؟

نازم دەباغ: هەر حزبێک لە کوردستان سیاسەتی خۆی هەیە، کۆمەڵی ئیسلامییش بەشداری لە حکومەتدا بکات یان نا، پەیوەندیی بە ئێرانەوە نییە، بۆیە ئەوە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە، زۆربەی حزبەکانی کوردستان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام ئیران تەداخول لەسەر پێکهێنانی حکومەت ناکات‌.

ئاژانس: چەند حزبی هەرێم لە تاران نوێنەرایەتیی هەیە؟

نازم دەباغ: وەکو من بزانم حزب نییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پەیوەندیی نەبێت، شەش حزبیش نوێنەرایەتیی لە تاراندا هەیە، وەک پارتی، یەکێتیی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی سۆسیالست.

ئاژانس: ترەمپ ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە کورد تۆزێک نەوتی هەیە دەیفرۆشێت بە ئێران و پێمان وتوون ڕایبگرن، ئەو مەسجە گەیشت بە هەرێم یان بە ئێوە و تاوتوێ کراوە؟

نازم دەباغ: من نوێنەری حکومەتی هەرێمم لە ئێران نوێنەری سیاسی نیم تا بزانم ترەمپ چ پەیامێکی داوە، منیش وەک تۆ تەنها لە میدیاکانەوە ئەوەم بیستووە.

ئاژانس: هەناردەکردنى نەوت لە هەرێمەوە بۆ ئێران بەردەوامە یان ڕاگیراوە؟

نازم دەباغ: هیچم نەبیستووە لەسەر ئەوەی نەوت بەردەوام بێت یان ڕاگیرابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر ڕاگرتنی نەوت، چونکە هەندێک نەوت بە ڕێگای قاچاغ لە بەشەکانی تری عێراقەوە دێت بۆ هەرێم و دواتر ڕەوانەی ئێران دەکرێت، لەوێشەوە بۆ بەندەرەکان دەڕوات، بەڵام نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە هەناردە دەکرێت و پێویستی بەوە نییە بە قاچاغ بنێردرێت بۆ دەرەوە.

ئاژانس: بۆ کورد لەم قۆناغەدا باشترە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات؟

نازم دەباغ: هەمیشە وتوومانە کورد دەبێت بەرژەوەندیی خۆی بپارێزێت و دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئێران تێک نەدات، لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە کار بکات کە تاران و بەغدا لە نێوانیاندا هەیە.

ئاژانس: پەیوەندیی ئێستای تاران و هەرێم لەگەڵ قۆناغی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا چەندی جیاوازە؟

نازم دەباغ: پەیوەندییەکە گەڕاوەتەوە بۆ پێش ڕیفراندۆم.

ئاژانس: بە پێی زانیارییەکانت ئاستی بازرگانی ساڵانەی نێوان هەرێم و ئیران چەندە؟

نازم دەباغ: بەوەی کە ڕەچاو دەکرێت بە پێی نووسین تاکو هەشت ملیار دۆلاره، بەڵام ئەوەی جیبەجێ کراوە، پێم وا نییە لە سێ بۆ چوار ملیار زیاتر بێت.

ئاژانس: تا ئێستا نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە ناوی نووسینگەی هاوبەشی یەکێتیی و پارتییەوەیە، کەی ئەو کێشە چارەسەر دەکرێت؟

نازم دەباغ: ئەو مەسەلەیە تەنها لە ئێراندا نییە، بەڵام خۆ هەموو حزبەکان نوێنەریان لەنێو نوێنەرایەتیی حکومەت هەیە، بۆیە نوێنەرایەتییەکی هاوبەشە.

Read کد خبر: 2170

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی