نازم دەباغ: گۆڕانێكی تازە لە بیركردنەوەی هێزی سیاسییەكانی عێراق دروستبووە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەیەنێت: لەهەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەركۆمار و راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، گۆڕانێكی تازە لەبیركردنەوەی هێزە سیاسییەكان دروستبووە و پێیوایە لەماوەی دیاریكراویشدا حكومەتی نوێ دروستدەبێت.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی هەندێك زانیاری و لێكدانەوە، لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار و دیاریكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، نیشانەیەك دەركەوت كە گۆڕانێكی تازەیە لە بیركردنەوەی هێزە سیاسییەكانی عێراقی، لە كاتێكدا ئەوانەیان قبوڵكرد، دەبێت ئەو ئومێدەش هەبێت كە لەماوەی مانگێكدا حكومەتی نوێ دروست بكرێت.

سەبارەت بەوەی ئێران هاوكاری لایەنەكان دەكات بەتایبەتی عادل عەبدولمەهدی بۆ زوو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ناوبراو وتی: "ئێمە ئەگەر دیقەت بدەین لەڕووداوەكان، بەشێكی زۆری ئیرادەی لایەنە سیاسییەكان خۆیان بووە و كۆدەنگی لەسەر راسپاردنی ئەو كەسایەتییە هەبووە".

نازم دەباغ وتیشی: "پێموایە ئێران لایەنی خێرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، چونكە ئێران وا لە عێراق دەڕوانێت كە ئاڵۆزییەكانی بە ئاسانی بۆ ناوخۆی خۆی دەگوازرێتەوە".

شەوی 2-10-2018 بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێ لەماوەی 30 رۆژدا راسپارد.

Read کد خبر: 2140

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی