نازم دەباغ: کێشەی ئاو و سنوور لە نێوان ئێران و عێراق بەندە بە ڕێککەوتنی جەزائیرەوە

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانییە، ڕای دەگەیەنێت، کە زۆربەی کێشەکانی ئاو و سنوور لە نێوان عێراق و ئێران، بەھۆی ڕێککەوتنی جەزائیرەوەن.

 ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو لە رێککەوتی 19\6\2018، شاندێکی عێراق کە بریتیبوون لە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی عێراق، من وەک بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان وەک شاندێک سەردانی ئێران بکەین، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکمان لەلایەن ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە کە ڕەزامەندبن بۆ ڕۆیشتنمان".

 بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 27\6\2018، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ھەمان بابەت باس کراوە.

 لەبارەی ڕۆیشتنی ئەو شاندەی عێراق بۆ ئێران نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نازانم کە عێراق داوای لە ئێران کردووە یان نا، بۆ ئەوە دەبێ پرسیار لە باڵوێزی عێراق لە ئێران بکەن، بەڵام ئێران ئەوەی گوتووە کە دەبێ ئەم کێشەیە بەگشتی چارەسەر بکرێت".

 نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، پێی وایە بەشێکی بنەڕەتی لە شێوازی چارەسەرکردنی کێشەی سنوور و ئاو لە نێوان ئێران و عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ بەندەکانی ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975، چونکە لە زۆر شتدا تائێستا کێشە ھەیە و بە یەک پاکێجیش سەیری کێشەکان دەکرێت، دەبێ ھەردوو وڵات لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان ڕێک بکەون، نەک لەو شوێنەی بەرژەوەندیت ھەیە بڵێت قبووڵمە، کەچی لەو شوێنەی بەرژەوەندی نییە، قبووڵ نەکرێت.

 

ئەوەشی خستە روو، کە سیاسییەکانی عێراق لە ترسی ئەوەی کە پێیان نەگوترێت تەنازولیان بۆ ئێران کردووە، نایانەوێت ئەم ڕێککەوتنانە جێبەجێ ببێت، لەبەر ئەوەی سبەی ئۆباڵی دەکەوێتە ئەستۆیان، چونکە کاتی خۆی سەدام حوسێن، لەسەر حیسابی کێشەی کورد تەنازولی بۆ ئێران کردووە و گەلی عێراق بە کورد و عەرەبیشەوە بوونەتە قوربانیی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە.

Read کد خبر: 2106

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی