‌ده‌بباغ باسی‌ رۆڵی ئێران له‌پێكهێنانی حكومه‌تی به‌غدا ده‌كات

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ تاران رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌بێ ئێران، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ عیراق وه‌كو خۆی‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و ده‌شڵێت "چه‌ند ژماره‌ی‌ فراكسیۆن زیاتر بێت ئه‌وه‌نده‌ش كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن و كاتی‌ زیاتریشیان ده‌وێت بۆ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ نوێ".
 
نازم ده‌بباغ، نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، رابردوو سه‌لماندوویه‌تی‌ به‌بێ ئێران، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ عیراق وه‌كو خۆی‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، بۆیه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ هه‌م له‌ رابردوودا رۆڵی‌ هه‌بووه‌ و له‌ ئاینده‌شدا رۆڵی‌ ده‌بێت.
 
ناوبراو روونیكرده‌وه‌، ئێستا ده‌بینن ئه‌مه‌ریكاش كه‌وتۆته‌ هه‌وڵه‌كانی‌، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌بێت رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش بدۆزرێته‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ردوولا له‌ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق.
 
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئێستا پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق زۆر ناخایه‌نێت، نازم ده‌بباغ وتی‌ "هه‌موو كاتێك كێشه‌كانی‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئێستا هیچ فراكسیۆنێك نه‌یتوانیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ كورسی‌ بێنێت كه‌ بتوانن به‌ یه‌ك یان دوو فراكسیۆن حكومه‌ت پێك بێنن، كه‌واته‌ چه‌ند ژماره‌ی‌ فراكسیۆن زیاتر بێت ئه‌وه‌نده‌ش كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن و كاتی‌ زیاتریشیان ده‌وێت بۆ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ نوێ".
 
ده‌رباره‌ی‌ هاتنی‌ شاندی ئێرانیش بۆ عیراق و كوردستان بۆ چۆنیه‌تی‌ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ عیراق، نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت "له‌و باره‌یه‌وه‌ نازانم و زانیاریم نییه‌، به‌ڵام دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌فد هه‌م هاتوون و هه‌میش دێن".
 

 

رۆژی‌ 12ی‌ ئایار هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ عیراق و كوردستان ژماره‌یه‌ك لایه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ساخته‌كاری‌ له‌ ئه‌نجامی‌ به‌رایی ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.
 
http://westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=56387&Jor=1
Read کد خبر: 2075

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی